بۆچی خۆپێشاندانەکانی ئێمە توندوتیژی لێدەکەوتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 431 جار بینراوە

موحەمەد ئەحمەد

یەکێک لە ئەرکە ھەرە گرینگەکانی ھەر سیستەمێکی سیاسی بریتیە لە ھێنانەئارای کەشێکی گونجاو کە تیایدا تاک و گڕوپ و گشت ھاوڵاتیانی بتوانن بە ئازادانە لە ڕێگای کەناڵگەلێک گوزارشت لە خواست و بەرژەوەندی و داواکاریەکانیان بکەن و بیگەێنن بە دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتی سیاسیش لە دارشتن و جێبەجێکردنی  سیاسەتی گشتیدا بتوانێت گوزارشت لەو بەرژەوەندی و داواکاریانە بکات کە لەلایەن ھاوڵاتیانی پێی گەیشتوون.

لەو وڵاتانەی کە دیموکراسیەکی جێگیر و بە دامەزراوەکراویان ھەیە سیستەمی سیاسی کەناڵڵگەلێکی فەرمی وەک پەرلەمان و دادگا و دام و دەزگاکانی حکومەت، گەناڵگەلێکی نافەرمیشی وەک حیزبە سیاسیەکان و گڕوپ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گڕوپی فشاری … دابینکردووە کە لە ڕێگایانەوە ھاوڵاتیان و توێژە جۆراوجۆرەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشدارن لە دروستکردنی سیاسەتی گشتی بەمەش زۆربەی ئەو سیاسەتە گشتیانەی کە دەسەڵاتی سیاسی دەریدەکات خەلک بە بڕیاری خۆیانی دەزانێت نەک بە سەپاندن، ئەنجامی ئەوەش دروستبوونی متمانەیە لە نێوان خەلک و دەسەڵات، سەرەنجام سیستەمی سیاسی تا ڕادەیەکی باش سەقامگیری وەردەگرێت.

لەمجۆرەسیستەمە سیاسیە دیموکراسیە سەقامگیرانە زۆر بە کەمی خۆنیشاندانی گەورە دەکرێت، گەر  بشکرێت بەشێوەیەکی ئاشتی و مەدەنیانە دەکرێت و کۆتایی پێدێت بەبێ خوێن ڕێشتن ئەمەش لەبەر دوو ھۆکار:

یەکەم وەک گوتمان ھاوڵاتیان لە ڕێگای کەناڵە فەرمی و نافەرمیەکان بەشێوەیەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشدارن لە دروستکردنی بڕیار و سیاسەتی گشتی وڵات. بۆیە ڕەزامەندن لەسەر ئەو سیاسەتە گشتیانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیەوە دەردەچێت.

دووەم ھەر کاتێک خۆنیشاندان بکەن ئەوا سیستەمی سیاسی لە ڕێگای کەناڵ و دەزگا جۆراوجۆرەکانیەوە ھەڵدەستێ بە کۆکردنەوە و گەڵاڵکردنی داخوازی و بەرژەوەندی خۆپێشاندەران و بەھەندوەرگرن و کار لەسەرکردنی، ئینجا بە گوێرەی توانا و سیستەم و ڕەوایەتی داواکاریەکانی خۆپێشاندەران سیستەمی سیاسی بڕیار و دەرھاوێشتەی دەبێت لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکە.

ھەرچی سیستەمە داخراو و چەوسێنەرەکانە ھیچ ڕێگا و کەناڵێک بۆ ھاوڵاتیان ناھێڵنەوە تا گوزارشت لە بەرژەوەندی و داواکاریەکانیان بکەن، وە ڕێگریش دەکەن لە ھەر کار و چاڵاکی و گردبونەوە و تەنانەت دەربڕینی بۆچوونەکانیش بەمەش ھاوڵاتیان ناچارن خۆیان بچەپێنن و لەترسا گوزارشت لەبەرژەوەندی و داواکاریەکانیان نەکەن لە ئەنجامدا دەسەڵاتی سیاسیش بێ باکانە ھەر لەسەر ستەمی خۆی بەردەوام دەبێت تا سەرەنجام ئەو ھەموو ستەمە پەنگخواردووە و خەفێنراو و چەپێنراوەی کە لە ناخی ھاوڵاتیاندا کەڵەکەبووە لە چرکە ساتێک و دەرفەتێکدا دەتەقێتەوە و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

واتە ھاوکێشەکە بەو شێوەیەیە کاتێک کەناڵە شەرعی و یاساییەکان بەردەست نەبن بۆ ھاوڵاتیان کە تیایدا گوزارشت لە بەرژەوەندی و داواکاریەکانی خۆیان بکەن و ئەوا ھاوڵاتیان ناچار دەبن پەنا بۆ کەناڵە نا شەرعی و نا یاسایی و توندوتیژی ببەن.

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە خۆ لە سیستەمی سیاسی ئێمەدا کەناڵگەلێکی فەرمی و نافەرمیمان بۆ فەراھەمکراوە کە تیایدا بتوانین گوزارشت لە داواکاریەکانمان بکەین و بتوانین بەشداریەکی کارا بکەین لە دروستکردنی سیاسەتی گشتی وڵات ئەی بۆچی خۆپێشاندانەکانی ئێمە ھەر توندوتیژی لێدەکەوێتەوە سەرەڕای بوونی کەناڵگەلێکی شەرعی ھاوشێوەی سیستەمە دیموکراسیەکانیتر؟

ھەرچی سەبارەت بە کەناڵە شەرعی و یاساییەکانی ئێمەیە بەتایبەت کەناڵە فەرمیەکانی وەک پەرلەمان و دادگا و دامو دەزگاکانی حکومەت، ئەوا ھەر لەسەرەتاوە دەسەڵات ھەوڵی بێ بایەخکردنی پەرلەمانی داوە کە گرینگترین و کاریگەرترین کەناڵە کە تیایدا ھاوڵاتیان بتوانن لە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن دروست بکەن. ئەم بێ بایەخکردنەش چ لە رێگای ئەو دیسپلینە بەھێزە بێت کە حیزب بەسەر ئەندامانی خۆی ھەیەتی لە پەرلەمان کە لە کاریگەری خستوون بەجۆرێک کە وایان لێھاتووە ببنە نوێنەری مەکتەب سیاسیەکانیان نەک نوێنەری گەل، چ لە رێگای ناردنی کەسانی نەشیاوی پۆپۆلیستی و شەعبەویەوە بێت تا لە شکۆ و بایەخی پەرلەمان کەمببێتەوە یا لە رێگای داخستنی پەرلەمان و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسا بە زۆرینە بەبێ گوێدانە داواکاری خەلک و شەقام، یاخود ووڕوژاندن و فۆکەس خستنە سەر  بابەتی موچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران تا خەلک ڕقیان لێیان ببێتەوە و وەک نوێنەرێک سەیریان نەکەن کە لە ڕێگایانەوە کاریگەری دروست بکەن بە کورتی بە چەندین ڕێگا دەسەڵات ھەوڵیداوە تا پەیوەندی نێوان خەلک و پەرلەمان تێکبدا  … بەجۆرێک دەسەڵاتی سیاسی لێرەدا ھەوڵیدا لە ڕێگای بێ بایەخکردنی پەرلەمان وێنەیەکی وا لە زھنی ھاوڵاتیان دروست بکات کە پەرلەمان دەزگایەکی بێ کەڵکە و پشتی پێ نەبەسترێت نەبوونی باشترە لە ھەبوونی بێگومان لەوەشدا سەرکەوتوو بووە.

ھەرچی سەبارەت بە دادگاکانیشە ئەوا بەھەمان شێوە بە ھۆی ئەوەی لەژێر ھەژموونی حیزبی دەسەڵاتن و بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵنەستاون خەلک ھیچ متمانەیەکی پێیان نیە بۆیە پەنای بۆ نابردرێت تاوەکو لەڕێگایەوە سزای گەندەڵکاران و تاوانبارە دەسەڵاتدارەکانی پێبدرێت. واتە لێرەشدا ھیچ متمانەیەک لە نێوان ھاوڵاتیان و دادگاکان و داواکاری گشتی نیە تا ھاوڵاتیان وەک کەناڵێکی کاریگەر سەیری بکەن.
دام و دەزگا و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش بە تەواوەتی بە حیزبیکراوە و لەژێر ھەژموونی حیزبەکانی دەسەڵاتە، خەلک وەک دامەزراوەی نیشتمانی سەیریان ناکات بەڵکو وەک کۆمەلکێک دام و دەزگای بە حیزبیکراو و خۆسەپێن سەیریان دەکەن کە تەنھا گوزارشت لە خواست و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەکەن.

جگە لەو کەناڵە فەرمیانە کە حیزبی دەسەڵات ھەژموونی بەسەردا کردوون و لە کاریگەری خستوون و نامۆی کردوون بە ھاوڵاتیان بەھەمانشێوە حیزبەکانی دەسەڵات ڕۆڵ و کاریگەری کەناڵە نافەرمیەکانیشتان لە کارخستووە ئەویش لە رێگای ھەژموونکردن بەسەر زۆر بەی گڕوپ و کۆمەڵە پیشەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە بگرە تا تیپی تۆپی پێی و نەشڕەی قوتابخانەکانیش…

بەکورتی حیزبی دەسەڵاتدار ھەموو ئەو ڕێگا و کەناڵە شەرعی و یاساییانەی کە تیایدا ھاوڵاتیان دەتوانن گوزارشت لە داواکاری و بەرژەوەندیەکانیان بکەن و بەھۆیەوە بەشداربن لە دروستکردنی سیاسەتی گشتی وڵات خنکاندوونی و لە کاریگەری خستوون و ھیچ ڕێگایەکی یاسایی و شەرعی و ئاشتیانەی بۆ ھاوڵاتیان نەھێشتۆتەوە بەمەش لە ئەنجامی نا کاریگەری و بێ بایەخکردنی ئەو دەزگا و کەناڵە شەرعیانە کە دەتوانن ببنە پردی متمانە و بەیەکگەیاندبی خەلک و دەسەڵات  ئەوا ھاوڵاتیان ناچارن پەنا بۆ ئامرازی نا شەرعی و توندوتیژی ببەن لە دەرەوەت سیستەم و دژی سیستەم .

کاتێک ھاوڵاتی دام و دەزگا گشتیەکان دەسوتێنێ ئەمە دەرخەری ئەوەیە بە ھی خۆی نازانێ و ئەو ھەستەی بۆ دروست نەبووە کە ھی ئەوە چونکە ئەم دام و دەزگا گشتیانە ھەر گیز گوزارشتی لە خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەو نەکردووە، بەڵکو تەنھا گوزارشتی لە خواستی نوخبەیەکی دەسەڵاتدای خۆسەپێن کردووە.

بۆیە ئەوە ھاوڵاتی نیە ھێرش دەکاتە سەر دام و دەزگای گشتی و کردەی توندوتیژی ئەنجامدەدات بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی سیاسیە ھاوڵاتی ناچار بەمەکردووە چونکە ھیچ ڕێگایەکی یاسایی و شەرعی و ئاشتیانەی بۆ نەھێشتۆتەوە.

بۆیە سەرەنجام دەتوانین بڵێین ھەموو خۆپێشاندانانەی کە لە سیستەمە سەرکوتکەرەکان دەکرێت و توندوتیژی لێدەکەوتەوە و دام و دەزگای گشتی تێدا دەسوتێندرێت خۆپێشاندان نیە بەڵکو  لە جەوھەردا ڕاپەڕینێکە دژی خودی دام و دەزگا سەرکوتکەرەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.