عێڕاق بەرەو کوێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 296 جار بینراوە

ئیبراهیم محەمەد

بەڕاشکاوی عێڕاق وێران کراوە،لەسەر دەستی کۆمەڵێک هێز و کەسایەتی سیاسی کەئەڵقە لەگوێی دەوڵەتانی ترن،بەشێوەیەک بە گوێرەی بەرژەوەندی و پلانی ئەو دەوڵەتانە هەڵدەسوڕێن وکار و کاردانەوەکان ئەنجام دەدەن،لەپاڵ ئەوەشدا ئەو هێز و کەسایەتیانە هیچ کاتێک ڕەچاوی بەرژەوەندی دەوڵەتی عێڕاق و خەڵکەکەیان نەکردووە،واتا ئەوەندی سودیان بۆ خۆیان و دەوڵەتانی تریان هەبووە،تۆزقاڵێک  بۆ خاکەکەیان نەبووە،کە لەسەری ژیانو گوزەران دەکەن.

لەدوای ٢٠٠٣ هیچ دەوڵەتێک هێندەی ئێران و تورکیا دەستیان لەکاروباری عێڕاق وەرنەداوە، ئێران و تورکیا تا پێیان کراوە عێڕاقیان تێکداوە و خێروبێرەکەیان بۆ خۆیان دزیووە،ئەمەش لەڕێگەی ئەو هێز و کەسایەتیانەی کە ئەڵقەلەگوێی خۆیانن،بەشێوەیەکی ئەو دوو دەوڵەتە کاریان لەسەر قوڵکرنەوە و نانەوەی کێشە کردووە لەنێوان لایەنە سیاسیەکان و نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانەوە.

  ئێستا گەلی عێڕاق دەناڵێنێ بەدەست ئەو هێز و کەسایەتیانەی کە زۆر نزیکن لەو دەوڵەتانە، بەواتایەکی تر کە هی ئەو دەوڵەتانەن،هەر بۆیە گەلی عێڕاق بەزەرووری دەزانێ عێڕاق هی عێڕاقیەکان بێ، ئەمەش دروشمی سەرەکی خۆپێشاندانی شار و شارۆچکەکانی عێڕاق بوو.

نوخبەی حوکمڕانی ئێستای عێڕاق،لەهەر سێ سەرۆکایەتییەوە،بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی دکتۆر بەرهەم لەسەرۆکایەتی کۆمار،کە ڕێبەرایەتی پڕۆژە و ڕەوتی گێڕانەوەی عێڕاق دەکات بۆ عێڕاقیەکان،کە سەربەخۆبێت لەبڕیار و هەنگاوە سیاسی و ئابوریەکانی،بەشێوەیەک کە داهات و سەروەتەکەی بۆ هاوڵاتیەکانی بێت.

سەرۆک کۆمار کۆمەڵێک جوڵەی دیبلۆماسی گرنگی ئەنجامدا بۆ وەڵاتانی ناوچەکە،کەبەڕوونی پێیانی گۆت ،عێڕاق سیاسەت و بەرنامەکانی جیاوازە لەڕابردوو،عێڕاق دەیەوێت وەڵاتێک بێت کە دۆستی هەموو لایەک بێت لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هاوڵاتیەکانی.

دوای هاتنە سەر کاری مستەفا کازمی تەواو هەست دەکەین ،کە ئەو پڕۆژەیە هەنگاوبەهەنگاو دەچێتە پێشەوە،هەر بەنمونە گێڕانەوەی عێڕاق بۆ ناو بڕیاری وەڵاتە عەربیەکان ،کە چەند ساڵێکە بەمەبەست فەرامۆشکراوە،ئەمەش کاتێک کە سەرۆک کۆمار لەگەڵ تەواوی باڵیۆزانی وەڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

دواین نمونە ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان عێڕاق و ئوردن و میسر،کە گۆڕینی میحوەری بڕیاری سیاسی و ئابوری و سەربازی عێڕاقە،کە سەرۆک کۆمار دەمێکە کاری لەسەر دەکات،ئەمەش عێڕاق دەگێڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی ململانێکان لەناوچەکە.

لەو نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی تر،کە عێڕاق بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی سیاسەتی خۆی،هەرێم کە ئێستا هیچ شتێکی لەدەست خۆدا نەماوە،نە لەڕووی بڕیاری سیاسی،نە لەڕووی ئابوری،وا نامێنێت و بەرەو گەشکردنێکی باش هەنگاو دەنێت و گۆڕان لەژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان ڕوودەدات،چاککردنی عێڕاق واتا چاککردنی هەرێمی کوردستانیش،سەرۆک کۆمار بەم پڕۆژەیەش هەرێم دەگێڕێتەوە بۆ هاوڵاتیەکان،کەهەست بکەن خاوەنی وەڵاتی خۆیانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.