ئەو کچەی بوو بە پیرەژن !!

لەلایەن ستاندار Posted on 497 جار بینراوە

چیرۆکی تەنزئامێز

ڕاستی ڕەسوڵ

لە سەردەمی هەرە کۆن، پێش ئەوەی مرۆڤ شار دروست بکات، و کشتوکاڵ بڕوێنێت، واتە ڕێک سەردەمی نیاندەرتاڵەکان، لە شاخێکی زۆر زۆر دوور، پیاوێکی ڕیش ماش و برنجی هەبوو، دوو کچ و دوو کوڕی هەبوون، لە ئەشکەوتێکی بچوکدا دەژیان، ژنەکەی مرد بوو، پێشتر ماموسێکی زەبەلاح ژنەکەی بە پێ پانی کردبووەوە و پلیشاندبوویەوە.
ئەو خێزانە پیرە مەڕێکیان هەبوو، شیری ئەو پیرە مەڕەیان دەنۆشی، ڕۆژانەش باوکەکە شتێکی ڕاودەکرد، و دەیانخوارد، شەوانەش لە ناو پووش و پەڵاشدا دەخەوتن لە ئەشکەوتەکە، و بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستان مەڕەکەیان دەدۆشی، و شیرەکەیان بە تیکە نانێک دەخوارد.
ساڵ هات و ساڵ ڕابورد، ئەوان ژیانیان هەروا بەسەختی دەڕۆیشت، پیاوەکە زۆر لە ئەشکەوتەکە دوور نەدەکەووتەوە، هەر لە نزیک ئەشکەوتەکە جار جارە کەروێشکێک یان کەوێک یاخود ئاسکێکی ڕاودەکرد، و دەیانبرژاند و دەیانخوارد، ڕۆژێکیان بەفرێکی زۆر قورس باری، دەرگای ئەشکەوت گیرا، و نەیانتوانی ڕێگایان بکەنەوە، لەگەڵ بەفرەکەش نەخۆشیەکی کوشندە هات، جگە لە کچە بچوکەکەی هەموویان مردن، کچە بچوکەکە لە بەر خوا پاڕایەوە و گووتی:-
((خوای بێ مەکان، لەو قاتوقڕی و سەرما و سۆڵەم نەجات دە، بمبە بۆ شوێنێکی گەرمتر !!)).
خوای گەورە دوعای کچە بچوکەکەی گێڕا کرد، و ڕزگاری کرد، کچەکە لە شوێنێک بە عەرزی کەوت، خۆیشی نەیزانی کوێیە، تووشی پیرەمێردێک بوو لێی پرسی:-
((ئەرێ ئێرە کوێیە ؟؟ ))، پیرەمێردەکە لەزمانەکەی نەگەیشت، تەنها بە ئاماژە پێی گووت:-
(( ئێرە شوێنێکی پارێزراو و ئامانە))، ئیدی کچەکە بە ئاماژە داوای لێکرد بیباتە شوێنێکی پڕ لە خزمەتگوزاری و پێشکەووتوو، ئەویش نەیکردە نامەردی، ڕێک هێنایە کوردستان !!.
کچەی هەژار سەرەتا خانویەکی بە کرێ گرت بە (٢٠٠) هەزار دینار، کچەی لێقەوماو ژیانی زۆر سەخت بوو، هەر زوو تووشی نەخۆشی دڵ و شەکرە بوو لە خەفەتی ژیانی خۆی و هەژاری خەڵکی کوردستان، هەزار خۆزگەی بە ئەشکەوتەکە دەخواست، هەر لە دوو سێ مانگی یەکەم حکومەت مووچەی لێ پاشەکەوت کرد، مووچەی خانەنشینی باوکی ڕەحمەتی وەردەگرت، مووچەکەی (٤٠٠) هەزار دینار بوو، کچەی بەستەزمان (١٠٠) هەزار دیناری وەردەگرت، واتە چارەگە مووچە، نەیدەزانی نە لە کرێی خانووی بدات، نە پێداویستی ڕۆژانەی پێ دابین بکات، و نە دەرمان و عیلاجی نەخۆشی پێ بکڕێت، دوو مانگی بەڕێکرد بەدەردەسەری، خاوەن خانوو هەڵی پێچا لە خانووەکەی بڕوات، چونکە کرێی نەدابوو، زۆر خەفەتی خوارد، چەند مانگێکی پێچوو داعش هێرشی کرد، ترس و لەرز بڵاو بۆوە، دەیانگووت:-
(( ئەوانە مرۆڤ نین، مرۆڤەکان سەردەبڕن))، کچەی داماو لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا وەکو ژنێکی پەنجا ساڵەی لێهات، دەتگووت پیرەژنە، ژیان زۆری ماندوو کردبوو، کەنەفت و بێهیوا بوو بوو، ئاخر ئەو ژیانەی کوردستان کێو دەڕوخێنێت، بە ناشوکری نەبێت !! دەیویست هەرچۆنێکی بێت بگەڕێتەوە ئەشکەوت، بەڵام لەڕووی نەدەهات لەبەر خوا بپاڕێتەوە، چونکە خۆی ئەو ژیانەی هەڵبژاردبوو !!.
چەند ساڵێکی بەکولەمەرگی بەسەربرد، ڕۆژانە دەچوو بەکرێ نانی بۆ ماڵان دەکرد، تاکو لەگەڵ مووچەکەی بتوانێت ژیانی خۆی پێ فەراهەم بکات، هێندەی نەبرد دوای چەند ساڵێک گووتیان :-
(( خۆتان کەرەنتین بکەن، لەژوورەوە مەیەنە دەرەوە، نەخۆشیەکی کوشندە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە، ناوی کۆڕۆنایە))، ئەم نەخۆشیەش زۆری لەتەمەنی برد، ئەو داماوە هەر دەتگووت پیرەژنی حەفتا ساڵەیە، بەم هەموو خەم و خەفەتە، چەند مانگێک لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین کرد، هەر نەدەهاتە دەرەوە، پاش چەند مانگێک حکومەت ڕایگەیاند بەسەر کۆڕۆنادا سەرکەوتین، و خەڵکی کوردستان ئاهەنگ و هەڵپەڕکێیان سازکرد بە بۆنەی نەمانی کۆڕۆنا، بە ئۆتۆمبیلەکانیان هاتنە ناو شار و هۆڕنیان لێدا، هەلهەلە و هاوار هاواریان کرد، کردیان بەڕۆژی حەشر، تەنانەت تەقەی خۆشی کرا، چەند کەسێکیش بوونە قوربانی تەقەی خۆشی، هەر ئاوەدان بێت ئەم کوردستانە !! کۆڕۆنا بەم کارە زۆر توڕە بوو، بڕیاری دا بگەڕێتەوە کوردستان، و بەزەیی بەکەسدا نەیەتەوە، زۆری نەبرد بەتوندی گەڕایەوە، و خەڵکی گرفتار کرد.
لەکەرەنتینەکە پیرەکچەکە بڕستی لێ بڕا بوو، حەزی کرد ئەویش بەشدار بێت لەو ئاهەنگ گێڕانە، هەر لە کۆڵانەکەی خۆیاندا گۆرانیبێژ و دەنگبێژەکان ئامادەبوون، شایەکی گەرمیان گێڕا، پیرەکچ شاباشی دایە دەنگبێژەکان و تێر هەڵپەڕی،  هەر لەبەر خۆیەوە بەوورتەوە دەیگووت:-
((شاباشی خۆت بدە و تێر تێر هەڵپەڕە))، شایی سوڕایەوە، پیرەکچ زۆر گەرم داهاتبوو، لەپڕ کەوت و قاچی شکا، خراپ قاچی شکا بوو، دواتر داماوە لە نەخۆشخانە کەوت بۆ ماوەیەک، تا قاچی چاک بوویەوە شەپۆلی دووەمی کۆڕۆناش گەیشت، هەر لە نەخۆشخانە تووشی کۆڕۆنا بوو، ئیتر پیرەکچی داماو کۆڵی دا، ئەمجارە هەڵنەستایەوە و بۆ هەتا هەتایە چاوی لێکنا، و بەداخەوە گیانی سپارد لەو کوردستانەی ئاوی کەوسەرە و خاکی گەوهەرە !!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.