لەنێو چنگی خۆتانە و پێی ناگەن

لەلایەن ستاندار Posted on 387 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

خۆشبەختی و هۆشیاری دوو چەمکن کە ئاوێتە و تەواوکەری یەکن کەچی ئەکرێ هۆشیاربیت و خۆشبەخت نەبی بەڵام تا ئاستێکی زۆر سەختە خۆشبەخت بیت و هۆشیارنەبی، کەواتە لێرەوە ئەگەینە ئەو ڕاستییەی بۆ بەدەستاهێنانی ژیانێکی باشتر و خۆشبەختی پێویستە هۆشیاربی.
هۆشیاری کۆمەڵگە و هۆشیاری تاک ئەو سەرچاویەن کە ژیانێکی شایستەتر دەستبەرەکا و ئازادی بیر و یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕیزگرتنی خود و بەرامبەر خود ئەچەسپێنێ. هەر لە ڕێگەی هۆشیارییەوە ڕێسا و یاسایەک دەستەبەربکرێ کە وەک مردن کەس لێی بێبەش نابێ.
پرسیار: بۆ خۆشبەختنین؟
وەڵام: چونکە هۆشیار نین.
پ: کەی خۆشبەختەبین؟
و: کە هۆشیار بووین.
پ: ئەکرێ بەبێ هۆشیاری خۆشبەخت بین؟
وە: خۆت ماندوو مەکە.
پ: کەوایە ئەبێ چی بکەین؟
وە: بگەڕێ بەدوای سەرچاوەکانی خۆشبەختییا و هۆشیاری بگرە بە ئامانج و هەوڵبە تا تێبگەی.
پ: کەی تێئەگەم و چۆن تێبگەم؟
وەڵام: هەرکاتێ توانیت بیرو بیرکردنەوەت ئازادکەیت و فکر ڕۆشنکەی.
پ: چۆن ڕۆشنبیرببین؟
و: بە هەوڵدان و گەڕان بەدوای سەرچاوەی زانیارییەکانا.
پ: ئەبێ ڕۆژی چەند بخوێنینەوە تا ڕۆشبیربین؟
و: ڕۆشنبیری پەیوەست نیە بە خوێنەوەی زۆرەوە بەڵکو پەیوەستە بە نوێخوازییوە.
پ: کەواتە کەسی ڕۆشنبیر کێیە؟
و: کەسی ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە هەمیشە خۆی نوێ ئەکاتەوە و ڕازی نابێ ئەمڕۆی لە دوێنێ بچێ و سبەینێشی کۆپی ئەمڕۆ بێ بەڵام ئەبێ ئەمڕۆی باشترینبێ.
پ: کەواتە پێویست ناکا بخوێنینەوە؟
و: خوێنەوە و گویگرتن و تەماشاکردن سێ سەرچاوەی هەرە گرنگن بۆ خۆ پڕ چەک کردن بە زانیاری و دوانەکەوتن لە ڕەوتی خوڵاوەی ڕەوڕەوەی ژیان.
پ: کەوابێ پیویست ناکا بدوێین؟
و: بەبێ دووا کەس نازانێ چۆن بیرەکەینەوە.
پ: کەی بدوێین؟
و: کاتێ بدوێ کە بەباشی تێگەشتبی.
پ: باشترین کات بۆ قسە کردن چ کاتێکە؟
و: ئەو کاتەیە کە هەمووان بە تا مەزرۆییەوە چاوڕوانبن کە گوێت بۆ بگرن.
پ: چی بکەین تا ئەوانی تر گوێمان بۆ بگرن؟
و: بە متمانە دروست کردن لە ڕێگەی پاک-بێژی، ڕاست-بێژی وکورت-بێژی.
پ: لە کاتی دووان ئاخاوتنا گرنگی بەچی بەین؟
و: گرنگی بە ناوەرۆکی باسەکەبە نەک بە دەنگ بەرزکردنەوە چونکە “نمەی باران گوڵەکان ئاودارو بۆنخۆشەکا نەک شەست و ڕەهێڵە”.
پ: کەی کاریگەر ئەبین؟
و: لەسەر هەموو ڕووداو پێشهاتێک مەدوێ ئەگەر کاریگەریت نەبێ لەسەری، بەڵام کاتێ لەسەر ڕووداو پێشهاتێک دوای هەوڵبە کاریگەری خۆت و شوێن پەنجەت بەجێبهێڵە.
پ: ئەو شتە چیە کە کاریگەر ئەبین لەسەری؟
و: ئەو شتەیە کە زۆری لەسەر ئەزانیت و تیایا قاڵی.
پ: کێ لە هەموو شتێ ئەزانێ؟
و: کەس لە هەموو شتێ نازانێ بەڵام ئەکرێ لە شتێکا لە هەموو شتێ بزانێ.
پ: ئەوەی شتەی من ئەیزانم چی ئەگۆڕێ؟
و: کۆی تواناکانی تر و ئەو بەشەی تۆش ئەیزانی زۆر شت ئەگۆڕێ، “گەرەترین درگاکان بە کلیلە بچوکەکان ئەکرێنەوە بۆیە دوورنیە ئەوەی تۆ ئەیزانی کلیلەکەبێ”.
پ: ئەکرێ لە هەموو گۆڕانێکا بەشداربم؟
و: مەرج نیە بتوانی هەموو شتێک بگۆڕی بەڵام گرنگە هەموو ئەوەی لە تواناتایە بەکاریبهێنی تا گۆڕانکاری بکەی.
پ: کەواتە گۆڕانکاری بە زیرەکەکان ئەکرێ؟
و: زیرەکی بە تەنها بەس نیە بەڵکو گۆڕانکاری بەوانە ئەکرێ کە مێشک و ئەقڵیان بە باشی بۆ باشە بەکارئەهێنن.
پ: زیرەکی چیە؟
و: زیرەکی ئەو شتە نیە کە ئەیزانی و درکی پێئەکەی چونکە زانست و مەعریفە دیاری کراوە و ئەوەیە کە ئیستا ئەیزانیت بەڵکو زیرەکی ئەو خەیاڵە کە هەوڵ ئەیەیت پێی بگەیت و بێ ماندووبوون ووچانی بۆ ئەکەیت.
پ: کێ زیرەکترە؟
و: زیرەکی پێوەری نیە بەڵام هەموو ئەوانەی ڕۆژانە خۆیان نوێئەکەنەوە و توانایان هەیە بگۆڕێن بەرەو باشتر زیرەکن. لە کۆنا ووتوویانە ئەوەی “لە پشتی ئەسپ و بەردەمی گا ڕانەوەستێ و لە جاهیلیش نزیک نەکەوێتەوە زیرەکە”.
پرۆفیسپرو زانای چینی “لاوتسو” ئەڵێ (چاودێری بیرکردنەوەکانی من مەکە چونکە ئەبن بە ووشە، بەڵام چاودێری ووشەکانی خۆت بکە چونکە ئەبن بە کردار، چاودێری کردارەکان بکە چونکە ئەبن بەخوو، چاودێری خووەکان بکە چونکە ئەبن بە کەسایەتیت، لە کۆتایشا چاودێری کەسایەتیت بکە چونکە دواڕۆژ دیاری ئەکا).
ئەگەر خۆشبەختی لە فرۆشگاکان بفرۆشرایە ئەوا گومانی تیانیە کە سەرەی بۆ ئەگیراو بە گراترین نرخیش ئەکڕا، بەڵام مرۆڤەکان درک بەوە ناکەن کە خۆشبەختی لەنێوان چنگ و دەستی خۆیانایە و پێی ناگەن!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.