ئەو کاتانەی کەشفکردنی حەقیقەت دەسەڵات سەغڵەت دەکات، چی ڕوودەدات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 253 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

یەکێک  لەو  پێناسە  باوانەی  کە ساڵانێکە  بەفەلسەفەی  مۆدێرن  دراوە  بریتیەلە  (عاشق  بوون  بۆ  زانین و پڕۆسەی  گەڕان  بەدوای  کەشفکردنی  حەقیقەت).

سروشتی  ژیان  وابووە  هەر  لەدێر  زەمانەوە  هەمیشە  دامەزراوەیەک  بوونی  هەبووە  کە  قەڵس و بێزار  بێت  لەبەرامبەر  کەشفکردنی  حەقیقەت و گۆڕین و ڕۆشنکردنەوەی  عەقڵە  داخراو و دۆگماکانی  مرۆڤ، گەر  ئەو  دامەزراوەیە  لەسەدەکانی  ناوەڕاستدا  بریتی  بووبێت  لەدامەزراوەی  کەنیسە و فەندەمێنتالیزمی  مەسیحی  ئەوروپی، ئەوا  لەم  ڕۆژگارەدا  ئەم  دامەزراوەیە  بریتیەلە  دەسەڵاتە  شۆڕشگێرەکانی  ناوچەکە، ئەو  دەسەڵاتانەی  کەسەردەمانێک  لەشاخ  هوتافی  دژە  ستەمکاری و دیکتاتۆریەتیان  دەکێشا و فرمێسکی  تیمساحئاسایان  بۆ  برسی  بوونی  مرۆڤی  کورد  دەڕشت و بەقسەی  خۆشیان  بێ  خەمی  گەورەیان  بۆ  پرسی  خۆدەوڵەمەندکردنی  بەرپرسانی  بەعس  بەناشەرعی  دەخوارد(گەر ئەم  دەوڵەمەند  بونە  بوونی هەبوبێت)، بەڵام  لەئەزمونی  شاردا  شۆڕشگێرەکان  خۆیان  چونەوە  سەر  هەمان  ڕێچکەو  بونەوە  ستەمکار و دیکتاتۆری  خۆماڵی و لەسەر  حسابی  سکی  برسی  خەڵکیش  ئیمپڕاتۆریەتێکیان  لەدەوڵەمەندی  بۆخۆیان  دروستکرد.

کارێک  کەدەسەڵات  ساڵانێکە  پێوەی  سەرقاڵە و تەواوی  تواناکانی  خۆی  بۆ  خستۆتەگەڕ  بۆ  بەردەوامیدان  بەتەمەن  درێژی  ئەو  ئیمپڕاتۆریەتە  بریتیەلە  خەون  بینین  بەدرێژکردنەوەی  زیاتری  تەمەنی  ئەو  ڕەوتە  داخراو و عەقڵە  دۆگما و قوڕمیشکراوانەی  کەلەدوای  ڕاپەڕینەوە  بەپلان  وەک  نەمامێک  لەناو  شەقامی  کوردی  سەوزکراون و  بەردەوامیش  گەشەی  پێدراوە  بە  ئامانجی  تێکشکاندنی  ئیرادەی  بیرکردنەوەو  بڕیاردانی  سەربەخۆی  مرۆڤی  کوردو  بە مێگەل  کردنی  کۆمەڵگە  بەشێوازێکی  گشتی، کەواتە  لەبەرامبەردا  هەر  پڕۆسەیەک  کەبۆنی  کرانەوەی  عەقڵ و هۆشیاربونەوە و گێڕانەوەی  ئیرادەی  بۆ  مرۆڤی  کوردی  بەدواوە  بێت  لای  ئەم  دەسەڵاتە  خۆماڵیە  کارێکی  بڤەیە و قوربانیدانی  لەدواوەیە، چونکە  بیرمان  نەچێ  لەکۆتایدا  ئەم  مرۆڤانە  دەبنە  خاوەن  عەقڵێکی  بەراوردکاری  کەلەسایەیدا  زۆر  بەسانایی  ڕۆژانە  بەراورد  دەکەن  لەنێوان  کەسایەتی  بڕیاربەدەست و  سیاسیەکانی  خۆمان  بەکەسایەتی  سیاسیە  ڕاستەقینەکانی  دونیاو  هەروەها  بەراوردی  ژیانی  خەڵک  بەژیانی  ناو  ئەو  ئیمپڕاتۆریەتەی  کەسیاسیەکان  ساڵانێکە  دروستیانکردوە، بێگومان  دروستبونی  ئەم  عەقڵە  بەراوردکاریەش  لەکۆتایدا  جوڵەی  ئەرێنی  لای  مرۆڤەکان  دروستدەکات  بەئاراستەی  جوڵەدان  بەژیان و  گۆڕینی  هاوکێشە  سیاسیە  چەقبەستوەکانی  وڵات.

گەر  لەئەوروپای  سەدەکانی  ناوەڕاست  کەشفکردنی  حەقیقەت  پیشەی  سەرەکی  فەیلەسوفەکان  بوبێت و(جۆردانۆ برۆنۆ و کۆپەرنیکۆس و گالیلۆ)ش سزای  کەشفکردنی  حەقیقەتیان  بەسوتاندنی  جەستەیان  چەشتبێت، لەکوردستانیش کەشفکردنی  حەقیقەت  بۆتە  پیشەی  بەشێک  لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و(زەردەشت و کاوەو سۆران)ش سزای  جەستەیی  دران و بەرشاڵاوی  ڕەشی  تیرۆری  سیاسی  کەوتن، ئەم  بارەش  بەدور  نیە  لە گوتنی  ئەو  حەقیقەتەی  کەگەڕان و کەشفکردنی  حەقیقەت  کارێکی  بڤەیە و بۆیە  هیچ  کاتێک  بەدور  نەبووە  لەعەرەقەکردنەوە و قوربانیدان.

ڤۆڵتێری  فەیلەسوفی  دیاری  ڕۆشنگەری  لەسەدەی (١٨)هەمدا هەموو  ئەو  کتێبانەی  لەدژی  فەندامێنتالیزمی  مەسیحی  دەینوسین  بەناوی  خۆیەوە  بڵاوی  نەدەکردنەوە، کاتێک (دالامپێری) هاوڕێی  پرسی  بۆچی؟ ڤۆڵتێر  گوتی: لای  من  گرنگ  نیە  کێ  حەقیقەت  دەڵێ و لەکوێوە  دەگوترێت، بەڵکو  گرنگ  گوتنی و  بەردەوامیەتی  بۆ  سەغڵەت  کردنی  دەسەڵات، چونکە  ئەم  سەغڵەتبونە  ئەوە  دەگەیەنێت  کەڕۆژێک  بەڕێگەوەیە و تیایدا  حەقیقەت  دەبێت  بەهۆشیاری و هەر  لێرەشەوە  هاوکێشە  سیاسیەکان  دەست  بەگۆڕانی  جەبرئاسا  دەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.