بەرهەم ساڵح لە نێوان تەبا و ناتەبادا!

لەلایەن ستاندار Posted on 343 جار بینراوە

لوقمان حاجی قادر

جوڵە و هەڵوێستەكانی دكتۆر بەرهەم وەک سەرۆک کۆمار، تاڕادەیەکى زۆر لە پرۆسەی حوكمڕانیدا تەباو ناتەبان، کاتێک لە قوڵایی پرسەكاندا هەڵدەسوڕێت و دەست بۆ پرسە چارەنووسسازەكان دەبات، ئەو مۆدێلەى تێپەراندوە، کە لەهەناوى گروپ و جەمسەربەندیدا چاو لە کەمووکورتییەکان بپۆشێت و لەکاتى بینینى شتە باش و جوانەکانی ئەوى دیدا بۆ پاساو بە شوێن کەموکورتییەکاندا بگەرێت، بۆیە ئەو لەیەک کاتدا تەبا و ناتەبایە و هەڵوێست و جوڵەکانى بەستراونەوە بەو بنەمایانەی دەبێت کەسایەتییەکى دەوڵەتمەدارى پێویستە بیانكات.
هەموومان دەزانین عێراق بەدەست تەنگژەی بونیادگەرایی كوشندەوە دەناڵێنێت، ئەوەى وایکردوە ئەم تەنگژانە بەردەوامبن، دابەشکارى و جەمسەرگیرى لایەنەکانە بەگرتنەبەرى سیاسەتى (لەگەڵتم گەر هەڵەش بێت، لەدژیشتم گەر ڕاستیش بیت)  پەیرەو کراوە، ئەوەى هەنگاوى هەڵگرت بۆ کۆتاییهێنان بەم سیاسەتە، جوڵەکانى دکتۆر بەرهەم بوو..لەوانە:
•لە لوتكەی عەرەبی ڕیاز لە شانشینی عەرەبی سعودی، لە بەیاننامەی كۆتایی لوتكەكەدا هەڵوێستی نواند و ناڕەزایی سەبارەت چەند بەندێكی بەیاننامەكە نیشاندا، بەو پێیەی بەرجەستەی بنەماكانی سیاسەتی جەمسەرگیری لە ناوچەكەدا قوڵتر دەكردەوە، لێبڕاوی سەرۆكایەتی كۆمار لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە مكوڕ و شێلگیر و ڕاستگۆیە لە دوورخستنەوەی عێراق لە سیاسەتی جەمسەرگیرییەكانی ناوچەكە، بۆیە لە ئانوساتی پێویستدا بەرامبەریدا هەڵوێستى وەرگرت.
بەپێچەوانەى ئەم هەڵوێستەوە، لە پرسی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان و دواتریش  تەنگژە سیاسییەكەی پاڵاوتنی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، سەرۆك كۆمار بە ڕاشكاوی پشتیوانی داوا ڕەواكانی شەقامی كرد و پشتى کردە خواستى ئێران، بە تایبەتیش لە دانانی پاڵێوراێكی ناحیزبی كە جێگەی دەمەتەقێ و مشتومڕی نەبێت، بۆیە هەر لە عەلاوییەوە تا زورفی و دواتریش مستەفا كازمی، سەرۆك كۆمار لەسەر ئەو میتۆدیە بەردەوام بوو، لە ئاكامیشدا و سەرباری هەموو فشار و هەڕەشە و مەترسییەكانی سەر خۆی و خێزانەكەی، ملی بۆ ئەجێندای لایەنە سیاسییە حزبی و تایەفەگەرییەكان نەدا و كەسایەتییەكی ناحزبی پیشەیی  بۆ پۆستەكە پاڵاوت.
•دوای دەستتێوەردانە سەربازییەكەی توركیا و بەزاندنی سنوری عێراق و هەرێمى کوردستان بە قوڵایی 40 كیلۆمەتر كە زیانی ماددی و گیانی بە هاوڵاتییانی مەدەنى گەیاند، سەرۆك كۆمار ڕاشكاوی لە ڕێگەی بەیاننامە و هەڵوێستێكی فەرمییەوە، ئەو دەستێوەردانەی توركیا بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق لە قەڵمدا، داواشیكرد بە زووترین كات هێزەكانی توركیا لە عێراق بكشێنەوە، ئەگەر نا، پەنا بۆ هەموو میكانیزمێكی شەرعی و یاسایی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەن. ئەم هەڵوێستەی سەرۆك كۆمار تەواو توركیای نیگەران كرد، بە ئاشكرا و نهێنی بێزاری و ناڕەزایی خۆیان دژ بە هەڵوێستەكانی سەرۆك كۆمار نیشاندا. ئەنقەرە چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەى لە سەرۆك كۆمار نەدەكرد، چونکە لە سەرەتای دەستبەكاربوونیدا سەردانی توركیای كردبوو، ئەو سەردانەش والێکدرایەوە كە سەرۆک کۆمار وابەستەى سیاسەتى تورکیایە، كاتێكیش لە دژی دەستتێوەردانە سەربازییەكەی توركیا بوێرانە هاتەدەنگ، هەڵوێستەكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئەنقەرە شوكهێنەر بوو.
•لە پرسی لێكنزیككردنەوەی دید و بۆچوونە ناكۆكەكانی نێوان حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستاندا، سەرۆك كۆمار وەك ئەركی یاسایی و دەستوری و ئاكاری، داردەستەكەی لە ناوەڕاستەوە گرت، بەشێوەیەك نە لەگەڵ حوكمڕانی و کارە نایاساییەکانى هەرێم بوو، نە لەگەڵ ئەوەش بوو بەناوى لێپێچینەوەى کەمتەرخەمى حکومەتى هەرێمەوە سزاى هاوڵاتییانى هەرێم بدرێت، بۆیە تاڕادەیەکى زۆر هاوسەنگى پاراست و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند كە نابێت پرسى مووچە بکرێتە پرسێكی سیاسى و دەبێت وەک مافێکى دەستورى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.