ستاندەر- عەبدوڵا كامەران
پارتی نیشتیمانی توركیا (جەهەپە) لە راپۆرتێكی نوێدا كە دوێنێ سێ شەممە بڵاوكرایەوە تێروانینی نوێی خۆیان بۆ چارەسەری پرسی كورد خستۆتە ڕوو.
راپۆرتەكە لە ژێر ناونیشانى 22 پرسیارو 22 وەڵام, تیایدا گۆشە نیگاى جەهەپە لەبارەى چارەسەرى پرسی كورد لە توركیا خراوەتە ڕوو. راپۆرتەكە لە بیست و دوو لاپەر پێكدێت و بە گوتەى كەمال كلچدار ئۆغڵو سەرۆكى پارتەكەش بێ نزیكەی سالێكە كاری لەسەر دەكرێ.
تەواوى راپۆرتەكە لە چەند خالێك كورتدەكەینەوە, كە بریتیتن لە:
1- جەهەپە پێى وایە دە بێ وەك كێشەیەكی دیموكراسی مامەلە لەگەڵ پرسی كورد بكرێ, كێشەى كورد تەنیا سیاسی و ئابورى نییە, لەهەمان كاتدا كێشەیەكی كلتوری و مێژویشە.
2- هەموو بەكارهێنانێكى چەك رەتدەكینەوە, دەبێ لە چوار چێوەى ئاشتی رۆلەكانى نیشتیمان بكەنە چارەسەر.
3- مۆدێلى ئیستای حوكمى ئاكەپە(پارتى ئەردۆگان) خزمەت بە ئاشتى ناكات و ئەوان لە پیناو ئاشتى سیاسەت ناكەن و لە پیناو سیاسەت ئاشتى دەوروژێنن.
4- كێشەى كوردی نابێ بكرێتە كێشەیەكی چەكداریانە بەڵكو دەبێ لە ژێر بنەماكانى دیموكراسی و رۆشناى جارنامەى مافی مرۆڤ و مافی هاولاتی بوون بەدواى چارەسەر بۆیی بگەرێین.
5- رێكەوتنێكى كۆمەلایەتى و پێكهینانى جەمعیەتێك كە ئەندامى هەموو پارتەكان و شارە جیاكانى لە خۆگرتبێت, لە ماوەى سالێك كار بكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكى هەمەلایەنەی سەرتاپایی و گۆرانكارى دەستوری بۆ ئەم پرسە و راپۆرتى كۆتایشی پێشكەش بە پەرلەمانى توركیا بكات.
6- ئاكەپە و پارتەكى ئەردۆگان لە رابردودا هەولیان داوە چەهەپە وەك دژى كورد و چارەسەرى پرسەكەى بناسێنێت, ئێمە هیچ كات دژى چارەسەر كێشەى كورد نەبوین, بەڵكو دژى هەوڵەكانى ئاكەپە بوین چونكە پێمان وابوە حەریكی بازرگانی كردنە بە پرسی كوردو مافەكانى گەلی كورد.
7- زمانى دایك مافێكى سەرتاى ئینسانە, دەبێ هەموو رێگریەك لە فێربوون و قسەپێكردنى هەڵبگیرێت.
8- لەگەڵ كۆمەلێك یاسا كە دواى هەلپەساردن و هەلگرتنى دەكا. ( لە دەرفەتێكى تردا دەیخەنە روو)
شیكاری بۆ هەوڵە نوێیەكەی جەهەپە:
ئەمە بە كورتى چەند خالێك بوو لە راپۆرتەكەى جەهەپە, بەشێوەیەكی گشتى وا دەخوێندرێتەوە راپۆرتەكەى جەهەپە هێندەى هەوڵدانە بۆ وەلامدانەوى ئاكەپەو تۆمەتەكانى لەبارەى دژایەتى جەهەپە بۆ كێشەى كورد, هێندە هەولێكى راستگۆیانە نییە بۆ چارەسەرى كێشەى كورد, چونكە جەهەپە لەكاتێك باسی چارەسەرى كێشەى كورد دەكا دوێنێ رەخنەى لە دانانى ئالاى كوردستان دەگرت لەسەر سفرەكەى مەولود چاوەش ئۆغلۆ.
لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەوەى بڵێن كێشەى كورد لە توركیا قۆناغێكى زۆر باشی بریوەو هەموو ئەو پارتانەى كە تا دوێنێ تەنانەت ئامادە نە بوون ناوى كوردیش بێنن, ئەمڕۆ ناچارن وشەی جوان و رستەى گونجاو دەرهەق بەكورد دارێژن, چیدی كورد تەنیا پێكهاتەیەكى نێو توركیا نییە, بەڵكو هێزێكى یەكلاكەرەوەیە و تەنانەت دەتوانین بلێین لەڕوى ئەدایى سیاسیەوە لە ئیستادا هەدەپە بەهێزترین هێزی ئۆپوزسیونى توركیایە. ماوەتە بڵێن پیشنیارى دەست بردن بۆ چارەسەى كورد لە توركیا لە رێى هەمواركردنی دەستورەوە لەلایەن هێزێكى وەك جەهەپەوە ئاماژەیەكى روونە بۆ وەپێش چونى قەزیەیى كوردی لە توركیا.