تورکیا ڕەخنەی توند لە فەڕەنسا دەگرێت لەسەر باسکردنی کورد لە مەنهەجی پۆلی یانزەی ئامادەیی !!

لەلایەن ستاندار Posted on 493 جار بینراوە

ڕاستی ڕەسوڵ

حکومەتی فەڕەنسا وانەیەکی لە مەنهەجی خوێندنی ئامادەیی پۆلی یازدەهەمی تایبەت کردووە بە کورد،   بە ناونیشانی (کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەت)، بەهۆی ئەمەوە تورکیا ناڕەزاتیەکی توندی دەربڕیووە دژی فەڕەنسا لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی و پێی وایە فەڕەنسا بەم کارەی خزمەتی تیرۆر دەکات، بێگومان تورکیا هەموو کوردێک بە تیڕۆریست دەزانێت، بە گوێرەی لێدوانەکەیان، و پێی وایە کورد گەورەترین مەترسیە بۆ سەر تورکیا.
بابەتەکە باس لە کورد دەکات کە نەتەوەیەکی چل ملیۆن کەسیە، و تاکو ئێستاش دەوڵەتی نیە، و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێک لە کورد بۆ ماوەی سەد ساڵە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشن.
بابەتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیای ڕەگەزپەرست پێی وایە کورد دوژمنی سەرسەختی تورکە، و مەترسین بۆ سەر یەکێتی دەوڵەتی تورک، و بەم هۆیەشەوە لە ناوخۆی تورکیا بەدڕندانەترین شێوە  لەناویان دەبات، و لە دەرەوەی تورکیاش تیرۆریان دەکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە  عێڕاق و سوریاش دەیانکوژێت.
ئەم بابەتە خراوەتە ناو وانەی مێژوو و جوگرافیا، هەروەها جیۆپۆلیتیک و زانستە ڕامیاریەکان، لە پۆلی یانزەهەمی ئامادەیی.
بابەتەکە پێی وایە پێویستە کێشەی کورد وەکو کێشەیەکی نێودەوڵەتی و یاسایی و مافداری سەیربکرێت، و ڕەنگ بداتەوە لە وەچەکانی داهاتووی فەڕەنسا، تا پشتیوانی گەلی کورد بن.
وانەکە باس لەوە دەکات ئەو ووڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆ، و دامەزراندنی دەوڵەت بۆیان، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە عێڕاق، و هەرەسهێنانی دەوڵەتی سوری ئەو ئومێدەی زیندوو کردەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی.
بابەتی وانە فەڕەنسیەکە پرسیار دەکات :- (ئایا ناکۆکیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابنە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ؟؟).
هەروەها بڕگەیەکی تر تایبەتکراوە بە باسکردنی هێزە کوردیەکان، کەوا یەکەم هێز بوون داعشیان تێک شکاند، هەروەها باس لە هێرشی ئەردۆغان دەکات بۆ سەر کورد، بە ڕازیبوونی تڕەمپ کە هێرش بکاتە سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا(ڕۆژئاڤا)، لە ٩ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، ئەمەش بە کۆتایی هاوکاری نێوان کورد – ئەمریکا دادەنرێت، و سەرەتای داگیرکاری تورکیا و چەکدارەکانی سەر بە تورکیایە لە ناوچە کوردیەکان و نەتەوە و ئاینزاکانی تر لە ناوچەکە.
هەروەها بابەتەکە باس لە داگیرکاری عەفرینی زۆرینە کوردنشین دەکات، لە لایەن تورک و چەتەکانیانەوە لە ئازاری ٢٠١٨، ئەو هێرشەی تورکەکان ناوی – چڵەزەیتون – بوو، و دواتر سوپای تورکیا ئەو ناوچەیەی ڕادەستی گروپە تیرۆریستەکانی دەسکەلای خۆی کرد، و تاکو ئێستاش کوردەکان دەفڕێنن بۆ پارە و سەرانە، و کوردەکان تاڵان دەکەن و موڵک و ماڵیان زەوت دەکەن، و خێزانەکانی خۆشیان لە شوێنی کوردەکان نیشتەجێ دەکەن.
هەر لەو وانەیەی فەڕەنسیەکاندا هاتووە :- گروپە تیرۆریستیەکان بە بێ دادگایی خەڵکی کورد دەکوژن، و دەریان دەکەن لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، و تاکو ئێستاش ١٣٠ هەزار کەسیان لە ماڵی خۆیان دەرکردووە، بۆئەوەی بوونی کورد لەو شارە بسڕنەوە، چونکە تورکەکان نایانەوێت هێڵێکی درێژکراوەی کوردنشین لەسەر سنورەکانیان هەبێت. هەروەها باس لەوە دەکات کە کوردەکانی ڕۆژئاوا یەکەم هێز بوون کە شکستیان بە داعش هێنا، و – بەغدادی – یان لە پایتەختەکەی – ڕەققە – وەدەرنا، و دواتر کوژرا، ئەم بابەتە لە کۆتایدا باس لەوە دەکات کە کوردەکان ١١ هەزار شەهیدیان لە شەڕی دژی داعشدا، و دواتر تڕەمپ ئاهەنگی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا گێڕا، و سوپاسی کوردیشی کرد، کەچی بەشێکی ئەو ناوچانەی ڕادەستی تورکیا و گروپە تیرۆریستیەکانی سەر بە تورکیا کرد !!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.