ستاندەر
نەزهەت حالی بەرپرسی دەستلەكاركێشاوەی دەزگای پاراستن لە وتاریك لە ژێر ناویشانی (گۆڕانكاری بەڕێوەن) رایدەگەیەنێت :” هەرچەندە پەتای کۆڕۆنا کاریگەری هەبووە لە سەر سیاسەت و ئابووری جیهان بەڵام ئەو پەتایەش کۆتایی دێت، گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبن و گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان بۆ سەر وڵاتە دواکەوتووەکان زیاتر دەبن.”
لەبەشێكی تری وتارەكە نوسیویەتی:” گوشاری گەنجەکان بۆ سەر دەوڵەت و حوکمەتەکان بۆ بەدەست هێنانی دەرفەتی زیاتر و بە دەست هێنانی پێداویستیە مادی و نامادییەکان ڕوو لە زیاد بوون دەبێت”.
جێی باسە بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەك ناوبراو بەهۆی گلەییەكانی لەشێوازی بەرێوەبردنی دەزگاكە دەستی لەكاركێشاوەتەوە و چەند جارێكە بەشێوەی ناراستەوخۆ رەخنە لە شێوازی بەرێوەبردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان دەگرێت.
گۆڕانکاری بەڕێوەن
نەزهەت حالی
جیهانی سیاسەت لە گۆڕان دایە و گۆڕانکاری زۆر بەڕێوەن، زۆر شت کە لە بیر و خەیالی زۆر کەس جێگای نابێتەوە ڕوو دەدرێن،مرۆڤ لە ڕووی زانست و تەکنەلۆژیاوە هەر پێش دەکەوێت و زانست و تەکنەلۆژیای نوێ ژیانی مرۆڤ ئاسانتر و خۆشتر دەکەن، بەڵام چەکی نوێ و بکوژتر و خێراتریش بەرهەم دەهێندرێن، زل هێزەکان و هێزە اقلیمییەکان وەکو هەمیشە لە کێبڕکێ دان و بە دوای بەدەست هێنانی سەرچاوەی سروشتی(مادەی خاو) و بازاڕی فراوانتر بۆ فرۆشتنی کالاکانیان و هەژموونی زیاتر دەگەڕێن.
هەرچەندە پەتای کۆڕۆنا کاریگەری هەبووە لە سەر سیاسەت و ئابووری جیهان بەڵام ئەو پەتایەش کۆتایی دێت، گۆڕانکارییەکان خێراتر دەبن و گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان بۆ سەر وڵاتە دواکەوتووەکان زیاتر دەبن.
لە ئێستادا لە بەر تەکنەلۆژیای زانیاری و سۆشیال میدیا خەڵک زۆر لە ڕابردوو ،وریاتر و هوشیارتر و هەستیارترە داوای ماف و بەشداری زیاتری سیاسی دەکەن، نەوەی ئەو سەردەمە وەکو نەوەکانی ڕابردوو نیە و زیاتر ئاشنایە بە جۆر و شیوازی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی وڵاتەپێشکەوتووەکان و خۆی و ژیانی لەگەڵ ئەوان بەراورد دەکات، ئەو نەوەیە حەز بە هەبوونی دەرفەتی گونجاو دەکات بۆ سەلماندنی خۆی و دەرخستنی تواناکانی بۆ بەرەو پێش بردنی خۆی و وڵاتەکەی.
حەز و پێداویستییەکانی مرۆڤ بە پێی وتەی زانایان تەنیا لە شتە مادییەکان سنوردار نابێت بەڵکو هەر کەسێک دەیەوێت ڕێز و تەقدیر و پێگەی بە پێی شیان و شیاوی لە نێو کۆمەڵگادا هەبێت، هەربۆیە گوشاری گەنجەکان بۆ سەر دەوڵەت و حوکمەتەکان بۆ بەدەست هێنانی دەرفەتی زیاتر و بە دەست هێنانی پێداویستیە مادی و نامادییەکان ڕوو لە زیاد بوون دەبێت، ئەو دەوڵەتانەی کە دامەزراوەکانیان بەهێزن و بە توانان و تەنیا بۆ خزمەتی کەس و گڕوپێک نین و دامەزراوەی ڕاستەقینەی نیشتیمانین و بۆ خزمەتی گشتین، هەروەها مرۆڤ بە گرنگترین ومەزنترین سەرمایەی وڵات دادەنێن کە بە سەرمایەی مرۆیی ناودەبرێت و پێوەرەکەی ئاستی خوێندەواری و توانای کاری و تەکنیکی هاووڵاتیانە، زۆر باشتر دەتوانن خۆیان بۆ داواکاری گەنجەکان ئامادە بکەن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن، ئەو جۆرە دەوڵەتانە لەبەر ئەوەی خاوەنی دیدگایەکی سیاسی ڕونن و باشتر لە سیاسەتی نێو دەوڵەتی تێدەگەن،دەتوانن ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان لەو جیهانەی کە بە خێرا لە گۆڕان دایە بپارێزن و سود لە دەرفەتەکان وەربگرن.