ستاندەر
بەرپرسێكی پەیەدە لە رۆژاڤای كوردستان رایدەگەیەنێت هەڵمەتی ” نابۆ داگیركەری، بەڵێ بۆ پاراستنی دەستكەوتی شۆڕش “دەبێتە وەڵام بۆ سەرجەم پلانگێڕییەكان بۆ سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكان لەلایەن سوپای توركیاوە.
هاوسەرۆكی پەیەدە لە هەرێمی فورات ئەحمەد شێخۆ لەبارەی وردەكاری پلانەكە رایگەیاند: لە ١٤ ئەیلول هەڵمەتی ” نابۆ داگیركەری، بەڵێ بۆ پاراستنی دستكەوتی شۆڕش” لە ناوەندی ژنی ئازاد لە كۆبانێ بە بەشداری دەیان ئەندام و بەڕێوەبەران راگەیانرا.
وتیشی ئەم هەڵمەتە بە ئامانجی رزگاركردنی سەرجەم هەرێمەكانە كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە داگیركراون وەك عەفرین، باب، ئەعزاز، جەرابلوس، سەرێكانی و گرێسپی.
ناوبراو ئاشكراشی كرد: هەڵمەتەكە لە كاتێكی نزیكدا دەست بە كارەكانی خۆی دەكات و هەنگاو بە هەنگاو بە بەرنامە چالاكییەكانی خۆی دەستپێدەكات و تاكو پێكهێنانی ئامانجەكانی هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت.