ھێندە فووی تێمەکەن کە بتەقێ

لەلایەن ستاندار Posted on 360 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

ھەر کەسێک کە لە کەرتی تایبەت یان گشتی و حکومیا کار بکات، خاوەن کار چاوەڕێی کاری بەپێز و بەرھەمێکی زۆری لێئەکا لەبەرامبەر ئەوەشا مووچە و پاداشت وەرەگرێ “ھەڵبەتە لێرەیا باسەکە گشتیە و لە حکومەتی ھەرێما بچوک نەکراوەتەوە”.
مستەفا کازمیش وەک ھەر کارمەندێکی تر کارمەندی دەوڵەتە و ئەرکێکی لەسەرشانە خاونکار کە میلەتە چاوەڕێی کاری بەپێزو بەرھەمێکی زۆریشی لێئەکەن.
هەر کارێک گرێبەستێکی بۆ ئەکرێ بە تایبەت ئەگەر کارەکە کاری فەرمی و لەوەش زیاتر دەوڵەتی و بەتایبەتیش پلە باڵای حکومی بێت، لە گڕێبەستەکەیا چەندین مەرج بەسەر کرێکار، فەرمانبەر یان حکومدارا  ئەسەپێنرێت و لەوەودوا خاوەن کار چاودێریکەر ئەبێت و ئەگەر کەسی کارزان لە شوێن متمانەی خاوەن کارا نەبوو دوور ئەخرێتەوەو بەپێچەوانەشەوە متمانەی زیاتر دروست ئەبێت و ڕێگەی پێئەدرێ بەردەوامبێ.
گرێبەستی خاوەن کاری مستەفا کازمی و کۆی سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆشی “دەستور”ە تەنها جیاوازیەکەشیان ئەوەیە ئەم هەوڵەیا لایەنی کەمی دەستور جێبەجێ بکات و ئەوانیتر بە مەزاجێ نەتەوەی و ئاین و مەزهەب کاریان ئەکرد.
بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە “بەدێو کردن”ی مستەفا کازمییە! تا ئێستا بەرھەمی چاکسازیەکانی کازمی بەری نەگرتووە و شتێکیشی نەکردووە کە کۆمەڵگە سودمەندی ڕاستەوخۆ بووبێ لێی، ھەڵبەتە مەبەست لە کەم بە تەماشا کردنی کارەکانی نیە، چونکوم بەراورد بە کەمی کاتی دەستبەکاربوونی چەندین جار لەوانەی پێشخۆی کاراترو کارامەتر دیارە، ھۆکاری ئەمەش ئەو پەستانەی شەقامی خوارو ناوەڕاستی عێراقە کە چیتر خەمساردی قبوڵ”گیرا” ناکەن.
گرنگە ئەوە لەبیر نەکرێ کە کازمی بۆ ئەوە ھاتووە کە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنێکی پێش وەخت و ئەوەی لەتوانایا بێت ئەیکات بۆ ڕازیکردنی شەقامی ناڕازی کە ھەر خۆیان دەنگدەری ھەڵبژاردنەکانن.
کازمی وەک ھەر سیاسیەکی تر چاوی لە ھەڵبژاردنەکانە و مەبەستێتی کە جیاوازتر و چالاکتر و کارزانتر دەرکەوێ تا زۆرترین دەنگ و متمانەی خەڵک بۆ خۆی بەرێ کە ئەمەش مافی ھەر سیاسیەکە ھەوڵبات لەڕێی کار و کرداری چاکەوە دەنگ بۆخۆی کۆبکاتەوە.
کەواتە ئەگەر بمانەوێ بزانین کازمی جیاوازتر و سەر ڕاستر و کارزانتر و دەستپاکترە لە پێشینەکانی ئەوەیە کە چاوەڕێ بکرێ تا دوای ھەڵبژاردنەکان، ئەگەر بتوانێ متمانەی شەقام بەدەست بھێنێ و لەسەر ھەمان ڕێچکەی ئێستا کاربکاو بەردەوامبێ و لایەنی کەم لە پاش دوو ساڵ دوای ھەڵبژاردن و کابینەی نوێ کە متمانەی لە شەقام وەرگرتبێ، ئەو کاتە ئەتوانرێ باسی سەرکەوتن و جیاوازیەکانی کازمی بکرێ و سوپاس بکرێ بۆ ھاندان وبەردەوام بوون نەک ئێستا.
کۆمەڵگە خوی خۆیان دیکتاتۆرەکان دروست ئەکەن و ھەر خۆشیان لێی بێزارئەبن و ئەیڕوخێنن. ھەندێ جار لە شوێن و کاتی ھەڵەیا زۆر پیاھەڵدان و شانامە و شیعر ھەڵدان بە باڵای ھەندێ کەسا تووشی لەخۆبای بوون و گومراھی ئەکا و نمونەی لەوجۆرەش زۆرن لە مێژووا.
پیاهەڵان و دەستخۆشی لە کاری باش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە هانی کەسەکە ئەیات بەردەوامبێ و دڵنیابێت کە بەکارێکی باش هەستاوە ئەنجامێکی باشیشی هەبووە و بەردەوامیشبێت لەسەری، بەڵام ئەوەی نامۆو سەیرە ئەوەیە سوپاسگوازی کارێک بیت کە هێشتا بەرهەمەکەی نەچنراوەتەوە و نەشزانراوە کە کەسی کارزان بە توانای خۆی ئەم کاری بە بەرهەم گەیاندووە یاخود ئەویش بەکرێگیراوی خەڵکانێکی سەروو خۆیەتی و لە چوارچێوەی ئەجندایەکی دیاری کراوا کارەکان بە ئەنجام ئەگەیەنێ و بۆی نیە لێی دەرچێ و بۆی نیە دەست بۆ هەندێ خاڵی جەوهەری بەرێت کە ڕێگەی پێنایرێ لەوە زیاتر جوڵە بکات، بۆ نمونە هەڵوەشانەوە یان توانەوەی حەشدی شەعبی لەناو سوپای عێراقا.
بۆ شەقامی کوردی، ئەگەر باس لە ناردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران ئەمە جگە لەوەی زۆرکەمەو بەشی تەوای مووچەخۆران ناکا بەڵام خۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو عادل عەبدول مەهدی زۆر لەوە زیاتری ئەنارد بە کەمترین سەریەشە.
ئەگەر قسە لەسەر کۆنترۆل کردنی دەروازە سنوریەکان و خاڵە خاڵە گومرگیەکانبێ ئەوا ئەوەیان عەیبەیەکە مێژوو لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆماری ئەکا کە بەهۆی گەندەڵی و دزی و لە دەستدانی متمانە لەلای دۆستەکان و هەڵەی ڕێفراندۆمەوە جارێکیتر و دوای ٢٩ ساڵ لە نیمچە سەربەخۆی، بەدەستی خۆیان چوونەوە نێو قەفەزی عێراق و جیابوونەوەی کوردستان و دابەش بوونی عێراق بۆ چەندین دەیەیتر دواخست و خەونی تاکی کوردیان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ تەفرو تونا کرد.
کازمی کەسێکی بێگانەیە لەسەر خاکی کوردستان بەڵام سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکە کە بەشێکی خاکی کوردستان لەژێر ھەژموونی وڵاتەکەی ئەوا بەڕێوەئەبرێ، نابێ لەبیریشمان بچێ کە زۆربەی ئەو خەڵکەی لە پێشوازی کازمیا بوون لە کەسەی یەکەمەکانی پرۆسەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بوون.
مافی خەڵکە داوای ئازادی و سەربەخۆی و ژیانێکی شایستە لە حوکمڕان و دەسەڵاتداری عێراق بکەن، بەڵام خەڵکی خوراو ناوەڕاست ڕاستەوخۆ بە حکومەتەکەی بەغاوە بەستروانەتەوە ،جیاواز لە خەڵکی هەرێم کە خاوەنی حکومەتێکی خۆجێین و ئەویش بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی خەڵکەکەیە کە ژیانێكی شایستە بۆ دانیشتوانەکەی دابین بکات، بۆیە شورەی شەرمەزارییەکی گەورە بوو کە خەڵکی هانا بۆ کازمی بەرن لە کاتێکا ئەمان خۆیان بە حکومەت و دەسەڵات و بڕیاردەری ئەو ناوچە جوگرافیە ئەزانن کە ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقە.
کازمی هات تا بە سیاسیەکانی عێراق بڵێ ئەوەی بە ئێوە نەئەکرا من کردم، بە تورکیا بڵێ کۆی سنورەکان عێراقین، بە ئێران بڵێ ئێرەش وەک کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانە کەی بمانەوێ ئەیگێڕینەوە ژێر هەژموونی خۆمان، بە دەسەڵاتدارانی هەرێم بڵێ ئێوە شکستان خواردووە ئێرە عێراقە، بە ئەمریکاش بڵێ من ئەو کەسەم کە بەدوایا ئەگەڕێن لە توانامایە ئاشتی بکەم وئارامی بگێڕمەوە بۆ وڵات.
دوای ٢٩ ساڵ لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە چوراچێوەی عێراقا نەتوانرا تاکی کورد بگەیەنرێتە ئەو بڕوایەی کە کەسێکی عێراقی نیە،  بەڵکو لەژێر سایەی حوکمی خۆماڵی دەسەڵاتی کوردیا ئەگەیەنرێتە لایەنی کەمی مافەکانی لە ئازادی و دابین کردنی بژێوی ژیان، نەتوانرا  تاکی کورد وا گۆش بکرێ کە هەرکەسێ لە دەرەوەی دانیشتوانی سەر خاکی وڵاتەکەی خۆت بێت و ببێتە حوکمڕان ئەوە داگیرکەرە، نەتوانرا شکۆی مرۆڤەکان بپارێزرێ و سایکۆلۆجیەت و مەزاجی خەڵکە هێندە ئازار درا کە داوای ژیانێکی شایستە و مووچە و مافەکانی لە کەسێک بکات کە هێندەی سەپاندنی هەژموونی حکومڕانی خۆی بەلاوە گرنگە، هێندە بیری بۆ ئازارو نەهامەتیەکانی خەڵکی نەچێ.
خەڵکی هەرێمی کوردستان دوای بێ هیوایان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان بۆ چڵە پووشەکەش برد تا نەخنکێن بەلام ئەوەی خەڵک لێی بێئاگایە چڵەپووشەکە خۆشی خنکاوە!
خەڵکی داوای مووچە و شایستە داراییەکانی خۆیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە مافی بێ چەن و چوونی خۆایانە، بێئاگا لەوەی کە مستەفا کازمی کار بە بڕیارێکی سیاسی حکومەتەکانی پێش خۆی ئەکات کە هیچ بنەمایەکی یاسای نیە و ئەتوانێ بە بڕیارێکی سیاسی هەڵیوەشێنێتەوانێ، بەڵام ئامادە نیە بیکات و یاری بەکات ئەکات وینەی فریادڕەسێک لە مێشکی تاکی عێراقی و بە تایبەت کوردا ئەنەخشێنێ تا هەڵبژادنەکان و دوای ئەوەش چۆن ئەبێ چێ ئەکا جارێ نادیارە.
هیچ گومانی تیا نیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم داوای ماف لە حکومەتی عێراق ئەکەن بەڵام ئامادەنین ئەرکە دەستوریەکانیان بەرامبەر عێراق جێبەجێبکەن، گەندەڵی لە داهات و قووتی خەڵکا ئەکەن، یاریان بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ئەم نەوەیەو چەندین نەوەی دواتریش کردووە، بەڵام بەپێی دەستوری عێراق ماف و شایستەی داهاتی مووچەخۆری هەرێم ئەرکی سەرشانی حکومەتی عێراقە و نەئەبوو وە نابێ تۆڵەی پابەند نەبوونی دەسەڵاتی سایسی هەرێم لە خەڵکی سڤیل و مووچەخۆران بکرێتەوە، کە ئەرکی سەرشانی خۆیان بۆ دەوڵەتی عێراق بەپێی ئەوەی بۆیان دیاری کراوە بەجێ ئەگەیەنن.
مستەفا کازمی ئەگەر لەخەمی مووچەخۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانایە ئەوا باشترین کارێک کە بیکا ئەوەیە دەست لەسازدانی مووچەخۆرانی هەرێم هەڵگرێ و کار بەو بڕیارە سیاسیەی حکومەتەکانی پێش خۆی نەکا کە بەدەر لە پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم و ڕادەستنەکردنی داهات و گەرانەوەی بۆ خەزێنەی ئیتحادی بەڵام دنیا بینی شۆڤێنستی عەرەبی پێوەدیارە.
ئەگەر کازمی فریادڕەسەکەیە ئەوا ئەکرێ هەروەک چۆن ماف و شایستەی دارایی خەلکی خوارو ناوەڕاستی عێراق دابین ئەکات و لە سیاسەتەوە نایانگلێنێ،  هەرواش ماف و شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات و لەڕێی ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای فیدڕای عێراقەوە  پەستان بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کە پابەندی دەستوربن و دەست لە ئابوری سەربەخۆ هەڵگرن کە دیارترین شکست و بڕیاری کورت بینانەی حکومەتی هەرێمە، گەشت کردن لە کۆی ئەو دەسەڵاتدارنە بۆ دەرەوەی عێراق قەدەغەبکات و  دەست بەسەر پارەی بانکەکانیان لەناوەو لە دەرەوە بگرێت، کە ئەمەیان باشترین و ناوەزەترین دیاری ئەبێ بۆ خەڵکی هەرێم کە کازمی بتوانێ پێشکەشی بکات.
ئەوەی لەسەرەوە باس کراوە ئاسانیە بۆ کازمی بەڵام موستەحیلیش نیە بەڵکو ئاڵەنگاریەکە کە توانا و لێهاتووی ڕژد بوونی بۆ چاکسازی ئەسەلمێنێ،  ئەگەر ئەوەی کرد ئەوکات با تا ئەتوانرێ پیا هەڵدرێ و مەدح سەنا بکرێ، نەک ئێستا هێندە فوو لە میزەڵانەکەی بکرێ تا بتەقێ!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.