دوا هەنگاوی پارتی داخستنی پەرلەمان دەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 454 جار بینراوە

ڕاپۆرتی- دانا حەمید
واژۆکردنی یاداشتی بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیران لەلایەن 23 پەرلەمانتار ،لە پەرلەمانی کوردستان جارێکیتر شانۆگەری 23 ی حوزەیران دوبارەدەکاتەوە، هەر چەندە بارودۆخی ئێستای پەرلەمان بەتەواوی جیاوازە لە 23ی حوزەیرانی 2017 پارتی ئێستا لە رێگەی کورسیەکانی لە پەرلەمان بەبێ هیچ هاوبەشێک دەتوانێت،ئەوەی مەبەستی بێت لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامیبدات، بەڵام واژۆی 23 پەرلەمانتار بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیران و بۆ پرساندن و لێپرسینەوە لەسەر لێبرینی مووچەی مووچەخۆران، گربەردەداتە تورەیی سەرۆک وەزیران،

بەرامبەر ئەولایەنانەی پەرلەمانتارەکانیان واژۆکەیان کردووە، پارتی ناچاردەکات بە بەکارهێنانی سەرجەەم کارتە فشارەکانی دژی ئەو لایەنانە،بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان بێ سودبووە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن نەچونەتە ژێر باری هەرەشەکانی پارتی،بەهۆی نزیکبونەوە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، نایەنەوێت بکەونە بەر تینی تورەیی شەقام ، دوای ئەوەی لە رابردوو رەخنەی زۆریان لێدەگیرا کە بەرامبەر ئەو کابینەی حکومەت ،هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ڕۆڵی خۆیان هەڵنەستاوون و هیچ فشارێکیان نەبووە لە شەقام و پەرلەمان دژی پێشەڵکارییەکانی حکومەت،جگە لە قسەی سەر شاشەکان.

جیاوازی سەرۆک وەزیرانێکی بنەماڵەیی و حزبی بەرامبەر سەرۆک وەزیرانێکی تەکنۆکرات

هەرچەندە،بەهۆی زۆرینەوەی پەرلەمانی پارتی و پشتگیری پەرلەمانتارانی یەکێتی و بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی گۆڕان لە سەرۆک وەزیران ، ڕەنگە بانگهێشتکردنی بۆ پەرلەمان و پرساندن و لێپرسینەوەی،ببێتە دەسکەوتێک بۆ خودی خۆێی و بە چەپڵەڕێزان و زۆرینەیەکی ڕەها متمانەی پێبدرێت، بەڵام بە نەچوونی سەرۆک وەزیران بۆ پەرلەمان ، سێ کاکەی ماڵی بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانێکی بنەماڵەیی و حزبی ، دان بەوەدادەنێن هیچ بروایەکیان بە بنەماکانی دیموکراسی نیە، هەرچەندە لە بەرژەوەندی خۆشیان بێت.
جیاواز لە سەرۆک وەزیرانێکی تەکنۆکراتی ،نموونەی د.بەرهەم سالح سەرۆک وەزیرانی کابینەی شەش ، کەوا چەندین جار خودی خۆی چۆتە پەرلەمان، هەرچەندە حزبەکەی خۆشی و حزبە هاوپەیمانەکانیشی لە حکومەت پشتگیریان نەدەکرد، بەڵام وەک پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسی ئامادەبوو بچێتە بەردەم پەرلەمان، بۆ لێپرسینەوە و پرساندن، جیا لەوەی لە کابینەی شەشەم، بەهەبوونی پۆپۆزسیۆنێکی کارا ،بەتەواوی شکۆی پەرلەمانی پاراستبوو و هەموو ساڵێک لەکاتی خۆی بودجەی دەناردە پەرلەمان و داوای هەر وەزیرێکیش کرابایە لە کابینەکەی بۆ لێپرسینەوە دەینارد بۆ پەرلەمان.

دوا هەنگاوی پارتی داخستنی پەرلەمان دەبێت

دوای لێبرینی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی نایاسایی،جیا لەحکومەتی هەرێم پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیش کەوتنە بەر لێشاوی رەخنە و تورەیی شەقام و هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی هیچ هەڵوێست و فشارێک بەرامبەر حکومەت،سەرەتا نەوەی نوێ لە ڕێگای جوڵاندنی شەقام فشارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دژی بریارەکەی حکومەت دەستپێکرد، بەڵام بەهۆی بێ ئومێدبوونی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان،ژمارەیەکی کەمی خەڵک بەشداری خۆپیشاندانەکانی نەوەی نوێی کرد، نەبوو بە فشارێکی گەورە بەسەر حکومەت،دوای ئەمە فراکسیۆنی کۆمەڵەی ئیسڵامی لە رێگەی کۆکردنەوەی وواژۆ بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بۆ پرساندان و لێپرسینەوە لێیان هەنگاوێکی نویێان دژی ئەو بریارە نایاساییەی حکومەت دەستپێکرد، لەسەرەتای هەوڵەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵ توانرا وواژۆی 24 پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و شوعی و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان و جیابوەکانی نەوەی نوێ کۆبکرێتەوە بۆ یاداشتەکە،بەڵام دواجار سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵەی پەیرەوی لە نوسراوەکە دۆزیەوە و گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمانتاران,

دوای شکستپێهێنانی هەوڵی یەکەم لە ڕێگای سەرۆکایەتی پەرلەمان، پارتی فشار و هەرەشەکانی بۆ سەر لایەنەکان دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارەکانیان واژۆکانیان بکشێننەوە، بە هەرەشەکردنی بە لێپرسینەوەی متمانە لە قوباد تاڵەبانی ، ماڵی مام جەلالی بە تەواوی ترساند چونکە دڵنیابوون لەوەی پارتی لە ڕێگای زۆرینەوەی پەرلەمانی بە سانایی دەتوانێت متمانە لە قوباد تاڵەبانی وەربگرێتەوە،بۆیە لە ڕێگای فشارەکانی ماڵی مام جەلال پەرلەمانتارە پۆپۆلیستەکانی یەکێتی واژۆکەیان کشاندەوە، هەرچی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕانیشە کە هەریەکە لە شیرین ئەمین و شایان عەسکەری و عەلی حەمەسالح واژۆکەیان کردبوو ، بەهۆی یاخیبونیان لە سیاسەتی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت ئامادەنین گوێرایەڵی حزبەکەیان بکەنو واژۆکەیان بکشێننەوە، سەبارەت بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بەهۆی نزیکبونەوەیان لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەمادەنین برۆنە ژێر باری هەرەشە و فشارەکانی پارتی، تەنانەت یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ئەم پرسە قوربانی بە پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی دهۆک دا، پارتی ڕێکەوتنەکەی نێووانیان بۆ حکومەتی خۆجێی دهۆک هەڵوەشاندەوە،

دوای بێ هیوا بوونی پارتی لە نەکشانەوەی واژۆی ئەو 23 پەرلەمانتارە، سەرۆک وەزیران لە هەنگاوێکی نوێ ڕایگەیاند دەچێتە پەرلەمان بۆ پێشکەشکردنی وتارێک سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ چاکسازی و دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، بەڵام ئەو هەنگاوەی سەرۆک وەزیران، نەیتوانی 23 پەرلەمانتارەکە ساردبکاتەوە لە پێشکەشکردنی یاداشەکەیان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان،عبدولستار مەجید،سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، کە سەرۆکایەتی کۆکردنەوەی واژۆکانیان کردووە ڕایگەیاند،لە هەگاوەکانیان بەردەوام دەبن و ئەو نوسراوەی سەرۆک وەزیران بۆ هاتنە پەرلەمان ساردمان ناکاتەوە، بەپێی زانیارییەکانیش لە دوای هاتنە پەرلەمانی سەرۆک وەزیران لە ئەگەری سوربونی پەرلەمانتاران بۆ بانگهێشتنی سەرۆک وەزیران بۆ پرساندن و لێپرسینەوە ئەوە پارتی ،لە دوا هەنگاویدا دەست بۆ کارتی داخستنی پەرلەمان دەبات،هاوشێوەی خولی پێشووی پەرلەمان.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.