چەند نهێنیەك لەبارەی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی كە هێرشەكەی شەوی ڕابردوویان ئەنجامدا ئاشكرادەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 290 جار بینراوە

 

بەگوێرەى راگەیەنراوە ئەمنییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ئەو  ناوچەیەی شەوی رابردوو موشەكەكانی لێوە ئاراستەكرا بۆ هەولێر سنوری چالاكی لیوای 30ى حەشدی شەعبییە كە بەر لەچەند رۆژێك فەرماندەكەی كە وەعد قەدۆیە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.  

بەگوێرەى بەدواداچوونەكانی ناس كورد، لیوای 30ى حەشدی شەعبی زۆرینەی شیعەی شەبەكن و تۆمەتبارن بەدەستێوەردان لەچالاكی و جموجوڵی بازرگانی و ئابووری لە سنووری دەشتی نەینەوا لە رێگەی دانانی خاڵی گومرگیی قاچاغ و  وەرگرتنی “سەرانە” لە بارهەڵگرەكان، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.

شەوى رابردوو سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و لە راگەیەندراوێکى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانى هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبار کرا.

رینارد مەنسور توێژەر لە دەزگای چاتام هاوس، پێشتر بە رۆیتەرزی راگەیاندووە كە لیوای 30 بڕێكی زۆر دەسەڵاتی هەیە لە موسڵ و لەسەر میراتی بەشداریكردنیان لەشەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارە دەژین لەدەستی داعش، بەڵام لە ئایاری ساڵی رابردوودا (2019) واشنتۆن فەرماندەی پێشووی لیواكە وەعد قەدۆی خستە لیستی سزادراوانی واشنتۆن بەتۆمەتی تێوەگلان لەكاری تیرۆریستی و گەندەڵی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، لەمبارەیەشەوە قەدۆ لە تەمموزی 2019 لەدیدارێكی كەناڵی ئەلسۆمەرییەدا رایگەیاند “لەلایەن هەندێ نۆكەر و بەكرێگیراوی ئیسرائیلەوە لە كوردستان زانیاری هەڵەیان لەبارەی منەوە داوە بە ئەمەریكییەكان”.

وەعد قەدۆ برای پەرلەمانتاری شەبەكی حەنین قەدۆیە كە دوو خولە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و بە نەیارێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا، ناسراوە.

لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا فەرمانێك دەرچوو بۆ هەڵگرتنی زاڵگە و خاڵەكانی پشكنینی ئەم لیوایە، بەڵام لەمانگی ئابی ساڵی رابردوو چەكدارەكانی لیواكە جادەی موسڵیان بڕی و ئاگریان لەسەر رێگاكان كردەوە و ساتری خۆڵیان دروست كرد وەك ناڕەزاییەك لەبڕیارەكە بەدیارچاوی سوپای عێراقەوە كە پێی نەكرا هیچ رێگرییەكیان لێ بكات بەقسەی ئاژانسی رۆیتەرز.

پاش ئاڵۆزبوونی دۆسیەی لیوای 30، دەستەی حەشدی شەعبی بووە نێوانگر لەگەڵ لایەنە ئەمنییە باڵاكانی بەغدا و چارەسەرەكە بەوە كۆتاییهات لیوای 30 بەشداربن لەگەڵ سوپا و  پۆلیس لە بەرێوەبردنی خاڵەكانی پشكنینی دەوروبەری موسڵ و دەشتی نەینەوا كە تێكەڵەیەك لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاجیا لەخۆ دەگرێت، لەسەر ئەم چارەسەرەش ماڵپەڕی ئیندیپێندێنتی بەریتانی لە 29 ئابی 2019 راپۆرتێكی پرسیار ئامێزی بڵاوكردەوە ” بۆچی لیوای 30 حەشدی شەعبی بەهێزترە لە حكومەتی عێراقی”.

لە 21ى  ئەیلولی 2020 بەفەرمانی فالح فەیاز (3768) وەعد قەدۆ لە فەرماندەیی لیوای 30 حەشد دوورخرایەوە، بەگوێرەى راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەنیش ئەم هەنگاوە بۆ خۆنزیككردنەوەی فەیاز بوو لە مستەفا كازمی كە لەشەڕدایە لەگەڵ میلیشیا نزیكەكانی ئێران.

ناس كورد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.