سەرۆك وەزیران دەتوانێت بەڕەكە لەژێر پێی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنیت  و شكست بەهەوڵەكەیان بهێنێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 286 جار بینراوە

ستاندەر

دوای   ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە دووەم هەوڵیاندا بە ئیمزای عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان دواجار سەركەوتوو بن  لەوەی ڕێژەیی یاسایی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ  پرساندنی سەرۆکی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی  تەواو بكەن، هێشتا یاداشتەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكرابوو، سەرۆكی حكومەت پێشیان كەوت و داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد میوانداری بكرێـت بۆ ڕوونكردنەوەی چەند پرسێكی هەنوكەیی.

ئەوەی نا ڵنیایی لای 23 پەرلەمانتارەكە دروست كردووە ئەوەیە  ڕوون نیە ئاخۆ بابەتی پرساندنی سەرۆک وەزیران لەباردەبرێت بەو هەولەی سەرۆكی حكومەت یاخود نا؟ 23 پەرلەمانتارەكە زیاتر لە جارێك ئەوەیان راگەیاندبووە كە میوانداری سەرۆكی حكومەت جیایە لەو پرساندنەی كە ئەوان یاداشتەكەیان بۆ ئامادەكردووە  .

بەگوێرەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، مادەی66 سەرۆک وەزیران دەتوانێ داوا لەپەرلەمان بکات  بۆئەوەی بابەتێک بۆ گفتوگۆ کردن بەئامادەبوونی خۆی یان یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتە ڕوو،

پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوە داوادەكەن رێگایان پێ بدرێت راستەوخۆ پرسیار و داوای رونكردنەوە لەسەرۆكی حكومەت بكەن، هەروەك كاوە عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی یاسایی رایگەیاندووە لەبڕگەی پێنجەمی مادەی 66 هاتووە هەرئەندامێک دەتوانێت بەشداری لەگفتوگۆ بکات کەوایە پەیڕەو مافی بە پەرلەمانتار داوە کەپرسیار لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بکات هەرجەندە ئەگەر میوانداریش کرابێ.

دەشلێت بۆیە ڕێگریکردن لەپەرلەمانتاران بۆ پرسیارکردن پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە. هەرپەرلەمانتارێکیش ڕازی بێت بەوشێوەیە بڕواتە هۆڵی پەرلەمان بەشدار دەبێت پێشێلکردنی یاساو ملکەچبون بەرامبەر بەحكومەت.

جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی مافی پرسیاركردنی پەرلەمانتاران لە سەرۆكی حكومەت رایگەیاندووە، ئەگەر دانیشتنی سبەی لەسەر داوای پەرلەمانتاران و پەرلەمانی کوردستان بووایە، پەرلەمانتاران بۆیان هەبوو پرسیار بکەن و داوای وەڵامدانەوە بکرێت، “بەڵام چونکە دانیشتنەکە لەسەر داوای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بووە و ئەمەش رێکار و پەیڕەوی تایبەتی خۆی هەیە، کە پەرلەمانتاران دەتوانن تەنیا لەڕێگەی نوقتەی نیزامییەوە قسە بکەن، ئەویش نەک پرسیار، بەڵام روونکردنەوە و تێبینی”.

تاكو ئێستا دیار نیە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری دانیشتنەكە دەكەن یاخود نا، بەڵام ئاراستەیەكی بەهێز هەیە بایكۆتی دانیشتەكە بكەن، لەبەرامبەر ئەو هەوڵە، عەبدوڵا مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان داوا دەكات پەرلەمانتاران بیر لە بایكۆتی دانیشتەكە نەكەنەوە بە پاساوی ئەوەی رێگایان پێنادرێت پرسیار بكەن، ناوبراو دەلێـت هەندێک لەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەی کە پێشتر داوایان کردبو سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە بچێتە پەرلەمان، بە تەمان بایکۆتی دانیشتنەکە بکەن، لەەم بارەوە دەڵێم: بەڕێزینە تکایە بیر لە بایکۆت مەکەنەوە، بایکۆت لە بەرامبەر دەسەڵاتێک کە هیچ هەست و ئەخلاقێکی سیاسی نیە، وەک چۆڵکردنی ساحەکە وایەو پێیان خۆشە، تکایە؛ بڕۆن و داکۆکی لە خەڵک و لەو یاداشتە بکەن، کە لە رابردودا پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانتان کرد.

سەرەڕای ئەوەش هێشتا ڕوون نیە چارەنوسی ئەو یاداشتەی بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە ڕێڕەوی خۆی دەگرێت و جارێكی تر بۆ پرساندن سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیی و وەزیری دارایی دێنەوە پەرلەمان یان بە پاساوی ئەوەی كە ئەوان ڕوونكردنەوەی پێویستیان داوە و قسەی تریان نیە بەو میوانداریە بەڕەكە لە ژێر پێی  ئۆپۆزسیۆن دەردەهێنن و شكست بەهەوڵی راكێشانیان  دەهێنن بۆ بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی پرساندن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.