“سەرکردایەتی نوێی یەکێتیی لەسەر ڕێبازی مام جەلالن لە قۆناغی نوێ بوونەوەدا”

لەلایەن ستاندار Posted on 265 جار بینراوە

جەزای سەید مجید

ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕۆژێکی خەمناک، کە تیایدا سەرۆک و ڕابەرمان جەنابی مام جلال کۆچی دوایی کرد، لێرەوە سەری ڕێز بۆ مەزاری ڕابەرەکەمان دادەنەوێنم، دەرکەوت لە نەبوونی مامی هەمواندا کێشە گەلێک هاتنە پێش کە تەنها خۆی بە سیاسەتی حەکیمانەی دەیتوانی چارەسەریان بۆ دەست نیشان بکات، پێویستیەکانی قۆناغەکە و ئەو ڕەوشە ناهەموارەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت هاوکات هەڤاڵێتیمان و وەفاداریشمان وادەخوازێت بەردەوام پێویستمان بە پێداچوونەوە بە سیاسەت و کاریزمایی و هەوڵە ئاشتی خوازانەکەی هەروەها بۆ خستنەڕوی چارەسەر و دەربازبون لە قەیرانەکانی ئێستا، دەبێت بەردەوام چاو و گوێمان کراوەبن لە ئاستی کار و خەباتی نزیک لە سەدەیەکی ڕابەرەکەمان.

لە سێ یەم ساڵیادی پڕخەمناکی سەرمەشقەکەمان بۆ مانەوەی زیاتری ڕۆح و ئەفکارەکانی و زیندوڕاگرتنی کارەکانی مام و سود لێوەرگرتنی و دووبارە بەکارهێنانەوەی لە سەرجەم کایەکانی ژیانی ڕۆژانەمان، پێویستمان بە شکۆدارترکردنی ڕێبازی مام هەیە بە فۆرمێکی نوێ، کە ئەویش بە “بەستنی کۆنفرانسێکی ساڵانەی نێودەوڵەتی” لەسەر ژیان و قۆناغ و وێستگەکانی کە تیایدا گەنگەشەی بیری (شۆڕشگێڕێتی و سیاسی و ئەکادیمی و دبلۆماتکاری و ڕۆڵی لە ئیدارەدانی هەرێم و عیراقی نوێ و هەوڵە ئاشتەواییەکانی لە نێوان نەتەوە و پێکهاتەو ئاین و ئاینزاکان و  پێکهاتە جیاجیاکانی عیراق و چارەسەری کێشەی کورد لە پارچەکانیتری کوردستان و پەیوەندییە ئیقلیمی نێودەوڵەتیەکانی) بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە و هەروەها ئاوڕدانەوەیەکی گرنگ و بەنرخی مێژوویش بێت لەو بوارانەدا و تیایدا ئێمەی سەرکردایەتی نوێ سود لە سیاسەتی حەکیمانە و مامەڵەکانی وەربگرین و دووبارە لە سیاسەتی ئێستا و دوورمەودای حزبمان بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بیخەینە بواری کرداریەوە.

بەهەموو پێوەرەکان ڕاستی ئەوەی سەلماندووە کە سەردەمی مام جلال، بە سەردەمی زێڕین و خۆشگوزەرانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی ناوبانگی دەرکردووە، بەداخەوە دوای کۆچی دواییشی ساڵە ڕەشەکان دەژمێرین، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و لادانی هەوری ڕەش و دەرکەوتنی ئاسمانێکی ساماڵ و دەست پێکردنەوە و بەدی هێنانی ژیانێکی شایستە، خوا یاربێت بە هەوڵی هەموولایەک بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم دوای تێپەڕاندنی قۆناغی خۆپارێزی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناچارین پابەندبین پێوەی، کاردەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان، شاری خۆشەویستی سلێمانی.

“مام جەلال خوێندنگەیەكی مەزنی دیموكراتی و كوردایەتییەو  ئێمەی یەكێتییەكانیش هەمووان خوێندكاری بەوەفای ئەو خوێندنگەیە دەبین” و کاردەکەین بۆ زیندوڕاگرتنی كەلتووری مام جەلال کە كەلتوورێكی دەوڵەمەندە لە خزمەت هەموو هێزەكانی كوردایەتی و هەموو دیموكراتخوازانی عیراق و ناوچەكەدا، “ئەزموونەکانیشی لە ژیانی خۆیدا کتێبێکی کراوەیە بۆ تێکۆشەران و نوسەران و خەمخۆرانی نەتەوە و نیشتمان”.

دوای سێ ساڵ لە کۆچی ڕابەرەکەشمان دووبارە سەری ڕێز نەوازوش دادەنەوێنین و ئێستا و داهاتووی لە هەمووکاتەکان خۆشتربێت.

خوێندکاری دڵسۆزی ڕێبازەکەت
جەزای سەید مجید
ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.