„ ئەو ژوورەی تیایدا هەموو شتەکان روویاندا “

لەلایەن ستاندار Posted on 474 جار بینراوە

دیلمان حەمە صالح

 

ناونیشانی ئەم کتێبە نوێیەی  راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی.

ژانرە ی ژیاننامەیە، بەڵام وەسفی کێبی پەردەلەسەرهەڵماڵین “Enthüllungsbuch” ی وەرگرتووە. هەرواشە، کتێبەکە شەبەنگێکە لە رۆشنایی خستنەسەر زۆر بابەت و لایەنی جیاواز، لەوانە: بە وردی و درێژی گێڕانەوەی رووداوەکانی جیهان و تێڕوانین و هەڵسەنگاندنیان لە دیدگای کۆشکی سپیەوە، باسی ململانێ و قەیرانە نێودەوڵەتیەکان، بە سیاسی کردنی رق و کینەی کەسیی ترەمپ – لەنێویاندا دژ بە کورد، دەستتێوەردانی کچ و زاواکەی لە کاروباری دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیاسەتی گشتیی ئەمریکا، پاشقولگرتنی سیاسیەکان لەیەکتر بۆ پلە و پۆست، نزمیی ئاستی هۆشیاریی ترەمپ، مامەڵە نایاساییەکانی و گرێی خۆسەپێنی و تەڵەکەبازی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی و زۆر لایەنی دیکە.

 

کتێبەکە هەر لە کاتی بوونی دەنگۆی نوسینی و دوای بڵاوبوونەوەشی هەرایەکی گەورەی لە نێو مێدیا جیهانیەکان و شەقامی ئەمریکی و کۆشکی سپیدا نایەوە. ترەمپ ئەیویست بەهەر نرخێک بێت لەڕێی یاساوە بە پاساوی ئاشکراکردنی نهێنیی دەوڵەت وە بوونەجێی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە، بەر بە بڵاوکردنەوەی بگرێت، بەڵام دادگای واشنتن داواکەی رەدکردەوە.

 

بۆڵتن، کە کۆماری و محافزکارێکی توندڕەوە، بە رێوی سیاسەت یاخود سەگە قیرسیچمەکەش ناسراوە، لە تەمەنی سیاسییدا پێگەکانی هەر لە سلکی دیبلۆماسیی هەستیاردا بوون.

کەسێکە پێی وایە عێراق لەبەریەک هەڵوەشاوە و ئەستەمە جارێکیتر بچێتەوە سەر هاوشێوەی قۆناغی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم هەتا ساڵی ۲۰۰۳ ، وە خۆشی بە دۆست و خەمخۆری کورد دەزانێت. دەوڵەتی کوردی بە مافێکی شەرعی ئەزانێت وە پێشی وایە، کە چەند جارێک دەرفەت بۆ کوردی باشور هاتۆتە پێش بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام سوودی لێوەرنەگیراوە.

لە سەروبەندی گشتپرسیشدا بۆچوون و مەیلی پرۆ-ریفراندۆم بوون. لێرەدا پرسیارێک خۆی قوت ئەکاتەوە، کە ئایا بۆڵتن-ێک کە دەوترێت پێشبینیی رووداوی دوای چەندین هەنگاوی داهاتوو ئەکات، کەمێک پێشبینیی ئەو هەموو پاشەگەردانی و کێشە نوێیە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دێمۆگرافیەی دوای ئەو پرۆسەیەی نەئەکرد، کە رووبەرووی کورد بوونەوە و کارلێکی نەخوازراوی لەسەر شکۆ و شوناسیشی دانا -، وە لە پایدا ئەو ئاکامە تراژیدیە پەلی بۆ رۆژئاوای کوردستانیش هاویشت و کۆمەڵێک کێشە و کارەساتی یەک لە دوای یەکی تیا هەڵتۆقاند-  لە کاتێکدا زۆربەی حکومەت و سیاسیەکانی جیهان و بەشێکیش لە میللەتەکە خۆی لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدا نەبوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەوانەیە هەر لای بۆڵتن خۆی بێت.

 

بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاش، لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەیدا، پێی وایە کورد لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە، ئەبێت کار لەسەر داهاتوو بکات، ئەبێت بچێتە ناو پەیوەندیەکی تۆکمەوە لەگەڵ پەنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسدا.

 

جۆن بۆڵتن لەم کتێبەدا دێت ئەو ٥۱۹ رۆژانەی کاربەدەستیی و ژیانی وەک راوێژکار و جێی متمانەی ترەمپ، کە لەسەر بیر و رای جیاواز لەگەڵیدا پۆستەکەی نەماوە، لە دووتوێی ٦٤۰ لاپەڕەدا دەگێڕێتەوە و حەق و حسابی لەگەڵ دەکات.

 

چاپتەری یەکەم بە ناوی „ مارشە درێژەکەم بەرەو نوسینگەیەکی سوچ لە وێست وینگ “ باسی کینەی ترەمپی تیایە بەرانبەر کورد، چاپتەری حەوتەمیش بە ناوی

„  ترەمپ بێهودە لە سوریا و ئەفغانستان بەدوای دەرچەکەدا ئەگەڕێت“ باسی ئەو کاتە ئەکات، کە ترەمپ کەوتبووە سەر کەڵکەڵەی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان وە لەشکرکێشیی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانە، ئەمە لە کاتێکداترەمپ پێشتر زانیویەتی ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە ئەو ناوچانە و نیازی هێرشی هەبووە، بۆیە ویستویەتی بۆی بەجێبهێڵێت، تا بەدووربێت لە پێکدادانی کورد و تورک لەلایەک، وە بردنەسەری بەڵێنێکی هەڵبژاردنیشی لە لایەکیتر، تا بتوانێت کشانەوە لە ئەفغانستانیش بکاتە بەڵێنێکیتر بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی.

ئەو بەشانەی هەردوو چاپتەرەکە، بە هەمووی لەم ١٥ لاپەڕەیەدا کورتم کردۆتەوە و لە ئەڵمانیەوە وەرمگێڕاوە بۆ کوردی.

لەگەڵ رێزمدا.

 

دێڕە زەقەکانی ئەم کتێبە، کە بوونەتە ریکلام بۆی:

– ترەمپ نەیزانیوە، کە بەریتانیا خاوەن چەکی ئەتۆمیە،

– پرسیارکردنی، کە ئایا فینلەندا بەشێکە لە روسیا؟

– ترەمپ داوای لە سەرۆکی چین کردووە، بەروبومی کشتوکاڵی لە ئەمریکا بکڕن، تا دەنگی ئەو ویلایەتانە بۆ هەڵبژاردنەوەی خۆی مسۆگەر بکات، کە کشتیاری تیایاندا بەشێکی بەرچاو لە داهاتدا پێکدەهێنێت،

– حەزی بە مامەڵەکردن یەت لەگەڵ زۆردار و دیکتاتۆرەکان، وە چاوی بەرایی نایەت ئافرەتی بەهێزی پێ ببینێت…

 

 

***************

„ ئەو ژوورەی تیایدا هەموو شتەکان روویاندا “

پۆست و ناوی ئەو کەسانەی، کە لێرەدا ناویان هاتووە:

Mike Pompeo  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

John F. Kelly  بەرپرسی پێشووی ستافی کۆشکی سپی

Steven Mnuchin  وەزیری دارایی ئەمرکا

James N. Mattis  وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا

Joseph Dunford  سەرۆکی پێشووی هەیئەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا (سوپاسالار)

Philippe Étienne  راوێژکاری دیبلۆماسیی سەرۆکی فەرەنسا

 

 

 

 

کورتەیەک لە چاپتەری یەکەم,

 

 

 „مارشە درێژەکەم بەرەو نوسینگەیەکی سوچ لە وێست وینگ “ 

 

رۆژی شەممە ی پێش جەژنی هەستانەوەی مەسیح، کاتژمێر ٦.٣٠ ی ئێوارە، گفتوگۆیەکی تا رادەیەک نامۆ م لەگەڵ ترەمپ ئەنجامدا. ئەو بە درێژایی کاتەکە باسی هەموو شتێکی ئەکرد، سەرەتاکەشی بەوە دەستیپێکرد؛ (رێکس تیڵەرسن کارەسات بوو). ئینجا سەرەڕای ئەوەی تەرکیزیشی خستبووە سەر بڕیاردان لێوەی، باسی ئەوەیکرد، کە بۆچی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی سوریا تەرخان ئەکات. ترەمپ ئەمەی بەدڵ نەبوو، ئەیوت من ئەمەوێت وڵاتی خۆمان پەرەپێبدەم نەک وڵاتانی دیکە.

من وەک کارمەندێکی پێشووی فەرمانگەی پێشخستن و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، پشتگیریم لە بەکارهێنانی یارمەتیەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی دیکە، لە برەودانی ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا دەکرد، بەڵام ئەشمزانی، کە خۆماندووکرنی لەوجۆرە بەهێزی و لاوازی دەرئەخات.

 

منیش هەوڵمدا قسەیەک بکەم، بەڵام ترەمپ رانەئەگیرا، ناو بە ناویش ئەیوت ئەزانم، کە لێم تێئەگەیت. ئینجا پێی وتم تۆ لەو خوارەوە زۆر زانیاریی نهێنیت لایە، ئەتوانیت هەرچیەکیانت بوێت، بۆمی باس بکەیت، منیش چاوەڕێی ئەو قسەیە بووم، هەندێک شتمان باسکرد، گفتوگۆکەمان کۆتایی پێهێنا و هیوای جەژنێکی خۆشمان بۆ یەکتر خواست.

 

لە رۆژی دووشەممەی جەژندا ترەمپ جارێکیتر تەلەفۆنی بۆم کردەوە، من پرسیاری بەڕێوەچوونی نەریتەکانی جەژنم لێکرد بۆ ئەو رۆژە، ئەویش وتی زۆر باش بەڕێوەئەچن. ئینجا کەوتەوە سەر هەمان مەنەلۆجەکەی ئێوارەی شەممە. وتی من ئەمەوێت لەو شەڕە لەعنەتیانە (لە ڕۆژهەڵاتی ناوین) بێینە دەرەوە –  ئێمە داعشەکان بۆ ئەو وڵاتانە ئەکوژین کە دوژمنمانن. لەوە مەبەستی روسیا و ئێران و سوریای ئەسەد بوو. وتی راوێژکارەکانم دابەش بوون بەسەر دوو لقدا، ئەوانەی ئەیانەوێت بۆ هەمیشە، وە ئەوانەشی کە ئەیانەوێت بۆ ماوەیەک لەسوریا بمێنینەوە. بە پێچەوانەی ئەوانەوە ترەمپ وتی من بە هیچ کلۆجێک نامەوێت بمێنمەوە. من چارەی کوردم ناوێت، ئەوان لە عێراقیەکان هەڵهاتوون، لە تورکەکان هەڵهاتوون، تەنها کاتێک هەڵنایەن، ئەگەر ئێمە هەموو چواردەوریان بە فڕۆکەی F-18 بۆردومان بکەین! پرسیاری لێکردم ئەبێت چی بکەین؟ منیش لەبەر خۆمەوە وتم لەوانەیە ئەمڕۆ کاتی ئەوە نەبێت باسی ستراتیژیەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین، پێم وت جارێ هەر چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتی بەدەستهێنانی نهێنیەکانی دەوڵەتم، لەو کاتەدا Pompeoش گەیشتبووە ئۆڤەڵ، وتی کەمێک کات بدە بە جۆن و من.

زۆر بە روونی دیار بوو، کە ترەمپ ئەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە.

 

 

 

****************

 

 

 

چاپتەری حەوتەم بە کورتکراوەیی/

 

„ترەمپ بێهودە لە سوریا و ئەفغانستان بەدوای دەرچەکەدا ئەگەڕێت“

 

شەڕی ئیسلامیە توندڕەو و تێرۆریستەکان لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر پێش ١١ی سێپتێمبەر دەستی پێکردووە، وە درێژەش ئەخایەنێت. بمانەوێت یان نا ئیتر ئەوە راستیە.

ترەمپ ئەو راستیەی پێ هەزم نەئەکرا، بەڵام واش خۆی دەرئەخست کە کێشەیەکی وا هیچ بوونی نیە. ئەو جەنگی بێ کۆتا ی لە رۆژهەڵاتی ناوین رەدئەکردەوە، بەڵام هیچ پلانێکی گونجاو و پەیوەستداریشی بۆ لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، وە پاشتر ئەگەری باجی قورسی لەدەستدانی هاوپەیمانە ئیقلیمیەکانی نەبوو.

ترەمپ، کە بەهەڵەدا چوبوو، ئەیوت ئەوانە هەزاران کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورن. بە پێچەوانەی ئەوەوە من ئەو دەمەی لە کۆشکی سپی بووم، ئەمویست لە ناو راستیەکاندا کاریگەریم هەبێت، جێگادەستم دیار بێ و سەرکەوتوو بم تیایاندا.

 

 

*******

 

قەشە ئەمریکیەکە Andrew Brunson  لە دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکە لە تورکیا بە تۆمەتی لایەنگریی بۆ فەتحوڵڵا گیولەن و سیخوڕیکردن دەستگیرکرابوو، هیچ بنەمایەکی راستیشی نەبوو. هاوتەریب لە ئەمریکا دوو  باس و خواستی گەرم لە ئارادا بوون.

یەکێکیان؛ داواکاری گشتی پەڕاوێکی دادگاییکردنی بۆ بەڕێوەبەرێکی پلەباڵای هاڵک-بانک ی تورکی کردبۆوە. ئەم بانکە تێوەگلابوو لە ساختەکاریی دارایی وسەرپێچی لە دژی رێساکانی گەمارۆ و سزا ئابووریەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران. قەبارەی سەرپێچیەکە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار بوو. ئەم کێشەیە هەڕەشە بوو بۆ سەر ئەردۆغان خۆی و خێزانەکەشی، چونکە خەتابار ئەکران بە بەکارهێنانی هاڵک-بانک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان.

ئەوەیتریان؛ کۆنگرێس سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەک بوو، لەکاتێکدا ئەگەر تورکیا سیستمی بەرگریی ئاسمانی S-400 لە روسیا بکڕێت، ئەوا ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەی F-35 ی لێڕابگرێت و سزای ئابووریشی بدات.

 

ئەردۆغان نوقمی کێشەگەلێکی ناوخۆیی و دەرەکی ببوو. لە گفتوگۆیەکیاندا لەسەر دۆسیەی ئەم قەشەیە، ترەمپ بە ئەردۆغانی وت کۆمەڵی مەسیحیەکانی ئەمریکا توڕەن لەم دەستبەسەریە، ئەردۆغانیش وتی کۆمەڵی ئیسلامیش لە تورکیا هەر شێت بوون لە بوونی ئەم قەشیە لێرە، ترەمپ قسەکەی پێبڕی و وتی کەیفی خۆیانە، جا خۆ ئەوان لە هەموو جیهاندا شێتن، با هەر شێت بن.

 

میدیاکانی جیهان ترەمپیان وەک دژە-موسڵمان نمایش ئەکرد. سەرەڕای هەموو ئەو ئاگادارکردنەوە و پەیامانەی سەرکردە هاوپەیمانەکانمان لە ئەوروپا و رۆژ‌هەڵاتی ناوین، تەنانەت راوێژکارەکانی خۆشی پێیان ئەدا، کە ئەردۆغان ئیسلامیەکی توندڕەوە و خەریکی ئەوەیە تورکیا لە دەوڵەتێکی کەمالی ی عەلمانیەوە بگۆڕێ بۆ ئیسلامی، پشتگیریی ئیخوان موسلیمین و رێکخراوە توندڕەوەکانیتری ناوچەکە ئەکات،  یارمەتیی دارایی بۆ حیزبوڵڵا و حەماس ئەنێرێت، ژێربەژێریش هاوکاری ئێران ئەکات، ئینجا هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرانبەر ئیسرائیلیش لەولاوە بوەستێت، بەڵام ترەمپ هەر حاڵی نەئەبوو، تێنەئەگەیشت.

 

لە زۆر کەناڵەوە و بە چەند شێوەیەک هەوڵ و تەقەللا بەردەوام بوون بۆ گەڕاندنەوەیAndrew Brunson بۆ ئەمریکا، هەرچەندە خۆی بە خێزانەوە نزیکەی دوو دەیە بوو لە تورکیا نیشتەجێ بوون. تورکیا دەستی دەستی پێئەکردین، دەمێک ئەیوت بەم زوانە ئازاد ئەبێت، دەمێک ئەیوت ئەو زیندانی نەکراوە، بەڵکو لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئیزمیر دەستبەسەرە.

 

کاتێک ئەردۆغان کەللەڕەقیی لەگەڵمان ئەکرد، دانوستان و رێگە دیبلۆماسیەکان بۆ ئازادکردنی قەشەکە هیچیان لێ سەوز نەبوون، ئیتر ترەمپ کەسێکی دەستکەوت بە دڵی خۆی سزای بدات. لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مێرکل، کە نێوەندگیری ئەکردن، ترەمپ وتی تەواو، لەچەند رۆژی داهاتوودا سزاکانی سەر ئەردۆغان دەستپێئەکەن، لەبەر ئەوەی مێشکی هیچ وەرناگرێت! ئینجا بەمنی وت لەم مەسەلەیەدا خۆت سەرپشک بە، چیان لێئەکەن بیکەن، لێیانبدەن، شەکەتیان بکەن.

هێدی هێدی سزای ئابووری دەستی پێکرد، بازاڕی پشک و دراوی تورکی داڕمان. ئیتر ئەردۆغان کەوتە ژێر فشارێکی گەورەوە و چاری نەما، بەچۆکداکەوت.

لەبەر راگرتنی هەست و رێزی لایەنگرانی ئەردۆغان لە ناوخۆ، قەشە دادگاییەکی کارتۆنی کرا، سزای پێنج ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە، بەڵام بە چەند یاسایەکی خاترانە و کەمکردنەوە، بۆی سفر کرایەوە و ئازاد کردا، گەڕانەوە ئەمریکا و ئێمەش لە کۆشکی سپی پێشوازیەکی شایستەمان لێکردن. ترەمپ راستی ئەکرد، ئەردۆغان بە دیالۆگ نایەتە پێش!.

 

 

*******

 

٨ ی سێپتێمبەر لە عێراق لەلایەن میلیشیا شیعیەکان، کە بێ شک لە لایەن ئێرانەوە بەخێو و پۆشتە ئەکران، هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەمان لە بەغدا و کونسوڵخانەکەمان لە بەسرە.  ئێرانیش خۆی بە دوو موشەک هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانمان لە نزیکی هەولێر. لە رۆژانی پێش ساڵوەگەری ١١ی سێپتەمبەر و هێرشی سەر کونسوڵخانەکەمان لە بنغازی لە ٢٠١٢ دا، ئەبوایە لە رووی ستراتیژیەوە سەرلەنوێ بیرمان لە شیوازی بەرپەرچدانەوەمان بکردایەتەوە، بەڵام نەمانکرد.

 

پێشبینی ئەکرا لەچەند هەفتەیەکی نزیکدا دیسان بە موشەک هێرش بکرێتەوە سەرمان، لەبەرئەوە Pompeo فەرمانی بۆ داخستنی کونسوڵخانەکە دەرکرد، هەرچەندە رای جیاواز هەبوو لەسەر ئەمە، کە لەوانەبێ وا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کە ئەم هەڵوێستە واتای پاشەکشە بێت لەعێراق.

 

ماوەیەکی کورت دوای ئەمانە و دوای  شەش هەفتە لە بەسەرچوونی مەسەلەی قەشەکە، ترەمپ رووی کرایەوە بە رووی ئەردۆغان و تورکیادا. لەمیانەی لوتکەی G20 دا لە بوێنۆس ئایرێس، لە دیدارێکی دوولایەنەدا لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە. پێش هەموو شتێک باسی هاڵک-بانک کرا، کێشەکە هەر بە هەڵواسراوی مابوو. ئەردۆغان یاداشتێکی نوسینگەی پارێزەری، کە نوێنەرایەتی بانکەکەی ئەکرد، خستە بەردەست ترەمپ. تیایدا هاتبوو، کە بانکەکە هیچ  سەرپێچیەکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە و بێبەریە لەهەر تۆمەتێک، کە دراونەتە پاڵی. ئەویش بێئەوەی بیخوێنێتەوە هەر پەڕەکانی هەڵئەدایەوە، وتی بەدواداچونێکی بۆ ئەکەم، بەڵام دادوەرەکانی ئەم دۆسیەیە لە ناوچەی باشوری واشنتنن، ئەوان سەر بە ئۆباما ن، کەی ئەوانەم گۆڕی بە خەڵکی خۆم، ئەوکات ئەتوانم کاریگەریم هەبێ لەسەر دۆسیەکە.

بێگومان ئەمانە قسەی بێ مانابوون، چونکە ئەوان دادوەرن و بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆک ئیشی خۆیان ئەکەن، بەڵام مەبەستی نەبوو بیگەیەنێت، وە دەشیویست پێی بڵێ کە ئەویش، ئەگەر بیەوێت، ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنیەی بەسەر دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا هەیە وەک ئەردۆغان –  ئەو ئەردۆغانەی٢٠ ساڵ لەوەوبەر کە پارێزگاری ئەستەنبوڵ بوو، وتبووی دیموکراسی وەک شەمەندەفەر وایە، تا وێستگەی مەبەست پێی ئەڕۆیت، کە گەیشتیت ئیتر دائەبەزیت!.

 

پاشان ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی بەرانبەر هێزە کوردیەکانی سوریا دەربڕی، بەڵام ترەمپ خۆی نەدا لەقەرە ی و نەچووە ناو باسەکەوە. ئینجا هاتەوە سەر فەتحوڵڵا گیولەن و داوای رادەستکردنەوەی کرد، ترەمپ وتی جاخۆ ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ تورکیا، تەنها یەک رۆژ ئەژی، تورکەکان دایانە پڕمەی پێکەنین، وتیان نا، با خەمی نەبێ لە تورکیا سزای مردن نیە. دوای ئەوە دیدارەکە کۆتایی هات.

 

ئەوروپیەکان وایان لێهاتبوو کەمتر ترسی هێرشی ئەسەدیان هەبێت بۆسەر پارێزگای ئیدلیب وەک لە هێرشی ئەردۆغان بۆ سەر رۆژهەڵاتی باکوری سوریا لە سێگۆشەی رۆژهەڵاتی فورات، باشوری تورکیا و رۆژئاوای عێراق. ئەو ناوچانە بە فراوانی لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوری و هەژموونی جەنگاوەرە کوردەکاندا بوون. لەوێ بە هەزاران سەربازی ئەمریکی و لەشکری هاوپەیمانان جێگیرکرابوون بۆ پشتگیری ئەو پێشرەویە سەربازیە بۆ خستنی خەلافەتەکەی داعش. شەڕکەرەکانی داعش، کە لەو ناوچەیە بوون، بەرەوام لە نێوان سوریا و عێراقدا تەراتێنیان ئەکرد بێئەوەی شوێنێکی جێگیریان هەبێت و جێ بەخۆیان بگرن.

 

ئەردۆغان وا خۆێ نیشان ئەدا، کە خواستیەتی خەلافەتەکە تێکبشکێنی، بەڵام دوژمنە راستەقینەکەی کوردەکان بوون، ئەوانەی کە بەبڕوای ئەو هاوپەیمان بوون لەگەڵ پەکەکە لە تورکیا، ئەو حیزبەی کە لەمێژ بوو ئەمریکا وەک گروپێکی تێرۆریستی لەقەڵەمی دابوو.

 

هۆی ئەوەی لەبەرچی ئێمە لەگەڵ گروپێکی هاوپەیمانی گروپێکی تێرۆریستی دەستمان تێکەڵکردبوو و هاوپەیمان بووین بۆ لێدانی گروپێکیتری تێرۆریستی (مەبەستی هاوپەیمانیی ئەمریکاو هێزەکوردیەکانە، کەهاوپەیمانی پەکەکەن، بۆ لێدانی داعش – وەرگێڕ), پەیوەندیی بەوەوە هەبوو، کە ئۆباما درکی بەوە نەکردبوو، کە ئێران لە ئێستا و داهاتوودا جێگەی هەڕەشەیەکی زیاتر و گەورەتر ئەبێت. (لێرەشدا بۆڵتن بۆچوونی وایە، کە ئێران زیاتر جێگەی مەترسیە وەک لە داعش، بەڵام ئۆباما پێشتر هەستی بەو مەترسیە نەکردووە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەمریکا بە دیفاکتۆ کەوتۆتە هاوپەیمانیەکەوە، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەکەکەی تیا بەشدارە، وە پەکەکەش بە گروپێکی تێرۆریستی هەژمار ئەکرێت لە ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکەش –  وەرگێڕ)

 

زۆربەی لایەنەکان، کە لەم قەیرانەدا بەشداربوون، بەرەنگاری داعش ئەوەستانەوە، بە ئێران و والی-ە تێرۆریستیەکەی (حیزبوڵڵا) و سوریای نیمچە ژێر رکێفیشیەوە.

 

بەپێچەوانەی ئۆباماوە، تاران پێشبینی دۆخەکەی کردبوو و خۆی بۆ جەنگی دوای کەوتنی داعش ئامادەکردبوو. کە ناوچەکانی ژێر چنگی داعش بچوکتربوونەوە، ئیتر ئێران پاڵی لێدایەوە و بژاردەکانی بۆ پەلهاویشتن و کۆنترۆڵی زیاتر، فراوانکرد و هیچ وجودی بۆ سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانان دانەنا.

 

 

 

*******

 

 

ئەمریکا ماوەیەکی زۆر پشتگیریی هەوڵ و ماندوبوونی کوردەکانی بۆ ئەوتۆنۆمی زیاتر و تەنانەت سەربەخۆییش ئەکرد. دەوڵەتێکی کوردی پێویستیی بە سنور رێکخسن هەبوو لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ. مەسەلەکە ئاڵۆز بوو. ئەوەی ئاڵۆز نەبوو و روون بوو، هەستی وەفاداریی ئەمریکابوو بەرانبەر کوردەکان، ئەوانەی کە لەپاڵ ئێمەدا دژی داعش ئەجەنگان، ئینجا بیر لەوە بکرێتەوە پشتیان تێبکرێت و تەنها بەجێبهێڵرێن، نەک هەر بێوەفایی بوو، بەڵکوو لە سەرانسەری جیهانیشدا کارلێکی نەرێنیی لێئەکەوتەوە بۆ داهاتوومان، ئەگەر جارێکیتر بمانەوێت بە دوای هاوپەیمانی لەم شێوەیەدا بگەڕێین و لەخۆمانی کۆبکەینەوە.

 

Kelly پێی وتم لە ئاهەنگێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا ترەمپ ئەوەی نەشاردۆتەوە، کە ئەیەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوین بە تەواوی ئەمریکا بکشێنێتەوە. وتوشیەتی کوژرانی ئەمریکی لە عێراق و ئەم تراژدیا بەردەوامانە، پرۆسەی کشاندنەوەکە خێراترئەکەن. بەڵام ئەوەبوو ئەبوایە قووڵ بیری لێبکرێتەوە، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل و عەرەبە هاوپەیمانەکانمان نەئەبوو.

 

رۆژێک ترەمپ و ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەککرد –  وەک هەموو جار منیش گوێم ئەگرت. من پێشتر ترەمپ م لە دۆخێ سوریا ئاگادار کردەوە، ئەو وتی، ئەم دۆخە بە لەعنەت بێت، ئێمە ئەبێ لەسوریا دەربچین، مەراقم بوو ئەم قسەیەی راستەوخۆ لای ئەردۆغانیش کردبێ، کەچی وابوو، پێی وتبوو.

لە پەیوەندیەکەدا ترەمپ بەوە دەستی پێکرد، کە وتی لە چارەسەرێک بۆ کێشەی هاڵک-بانک زۆر نزیک بووینەتەوە، کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ Mnuchin  و Pompeo قسەم کردووە، پەیوەندی ئەکەن بە زاواکەتەوە ( زاواکەی ئەردۆغان کرابووە وەزیری دارایی – وەرگێڕ )، بۆ ئەوەی ئەو بارە قورسەی سەرشانی لابدەین. ئەردۆغان زۆر سوپاسگوزار و دڵخۆش بوو، تەنانەت بە ئینگلیزی کەوتە قسەکردن.

ئینجا چووە سەر باسی سوریا و بە ترەمپی وت ئێوە ئەزانن ئێمە چاوەڕوانی چین، ئەوەی کە پەیوەست بێ بە یەپەگە و تۆڕە تێرۆریستیەکەی گیولەنەوە. ئەردۆغان ئەم بابەتەی گیولەنی وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە قەڵەم ئەدا وە پەیوەندیەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرەشی ژەهراوی کردبوو.

 

ئەردۆغان هەر ئەکڕوزایەوە، ئەیوت لەگەڵ ئەم راستیانەشدا کەچی ئەمریکا هەر مەشق بە یەپەگە ئەکات، لە نێویاندا نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار خۆبەخش هەن. لەوەش نیگەران بوو کە جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئیرادەی سیاسیی ترەمپ و چالاکیە سەربازیەکانی ئەمریکا لە مەیدانەکەدا، کە ببوە جێی پرسیار لای. ئەو ئەیوت تورکیا ئەیەوێت داعش و پەکەکەی لە کۆڵ ببێتەوە –  بە رای من لە پەکەکە، مەبەستی جەنگاوەرە کوردەکان بە کۆی گشتی بوو.

 

ترەمپ وتی ئامادەیە لە سوریا بکشێتەوە، ئەگەر تورکیا داعش لەناوبەرێت. وە ئەگەر بشتوانێت  چارەسەری پاشماوەی کێشەکان بگرێتە ئەستۆ، ئیدی ئەمریکا لێی دەرئەچێت. ئەردۆغان لەم خاڵەدا رەزامەندی دەربڕی و گفتی دا، وتیشی کە هێزەکانیان پێویستیان بە پشتگیریی لۆجیستی ئەبێت.

ئیتر دیوە ناخۆشەکە هات، بەڕاستی بۆ من ئازاربەخش بوو. ترەمپ وتی کە من رائەسپێرێت بۆ داڕشتنی پلانی کشانەوەمان، لە کاتێکدا تورکیا کێشەی داعش چارەسەربکات، چونکە داعش لە کۆتاییەکەیدایە.

 

پێی وتم منیش لەم بارەیەوە شتێک بڵێم، وتم تێگەێشتم ئەبێت چیبکرێت. سەبارەت بە مەسەلەی هاڵک بانک-یش ئەردۆغان زۆر سوپاسی ترەمپی کرد و بە سەرکردەیەکی پراکتیکی وەسفی کرد. بەم شێوەیە دۆسیەی بانکەکە دیزەبەدەرخونە کرا.

 

کەمێک دوای ئەوە ترەمپ داوای لێکردم روونکردنەوەیەک بنوسم، کە جەنگی دژی داعشمان بردۆتەوە، وە ئەرکی خۆمان لە سوریا بەجێهێناوە و ئیتر ئەکشێینەوە.

 

ئەمە قەیرانێکی کەسیش بوو بۆ من، لەو باوەڕەدا بووم، کە کشانەوەمان لە سوریا هەڵەیەکی گەورە بوو، هەم لەبەر ئەو هەڕەشە بەردەوامە جیهانیەی داعش، وە هەم لەبەر ئەو راستیەش، کە کاریگەریی ئێران لەناوچەکە بێ شک زۆر گەشەی ئەسەند.

 

هیچ گومانم نەبوو لەوەی کە ترەمپ ئەم کشانەوەیەی لە سوریا، بۆ ئەفغانستانیش وەک ئامراز و بەڵینێکی تری بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەکاربهێنێ، تا بڵێ گفتم دا لە سوریا بکشێینەوە، وا بردمانەسەر، ئێستاش گفت ئەدەم، لە ئەفغانستانیش بکشێینەوە.

 

من لە مانگی حوزەیراندا بۆ Pompeo و  Mattisم بە ئارگومێنتەوە باسکرد، کە چیتر ئەبێ واز لە سیاسەتی پارچەپارچە و وردەواڵا بهێنین، کە تیایدا خۆمان خەریککردووە بە هەندێک هەرێم و ناوچەی تاک و بڵاوەوە وەکو مەنبەج، ئیدلیب و ئەو ناوچە قەدەغەکراوەی باشوری رۆژئاوا. لەجیاتی ئەوە ئەبێت ئێمە تەرکیزمان بخەینە سەر وێنە گەورەکە.

دوای ئەوەی کە داعش بەشی زۆربەی قەڵەمڕەوەکەی لە دەستدا، ئامانجە گەورەکە ئەوەبوو، کە نۆبەی ئێرانە و ئەبێ رابگیرێت. بەڵام ئەگەر کوردەکان بەتەنها جێبهێڵین، ئەوا یان ئەبێت لەگەڵ ئەسەد ببنە هاوپەیمان لە دژی تورکیا، کە لەلایەن کوردەکانەوە وەک هەڕەشەیەکی گەورەتر ئەبینرا –  ئەسەدیش، کە نوێنەری ئێرانە، بەوە بەهێزتر ئەبوو، یان ئەوەتا خۆیان بەتەنها بەردەوام بن لە شەڕ، کە ئەکەوتنە بەر دەم دۆڕانێکی چاوەڕوانکراوی حەتمی و ئەکەوتنە نێو مەنگەنەی ئەسەد و ئەردۆغانەوە، ئێ ئەبێ چی بکرێت؟

 

کۆبوونەوەیەکی داخراومانکرد لە پەنتاگۆن لە هۆڵی تانک، نەک لە سیت رووم، تا نەبێتە جێی سەرنج و باس، بەڵام تورکەکان درێغیان نەئەکرد، هەرکەسێک ئارەزووی بابەتەکەی هەبوایە، بۆیان باس ئەکرد، کە ئێمە بە نیازین، باکوری رۆژهەڵات رادەستی ئەوان بکەین،  وەکو زۆر دڵسۆز و بەڕەحم بن.

ئەگەری مەترسیەکان لە ناوچەکەدا جێی دڵەڕاوکێ بوو، بەتایبەتی داعشە بیانیەکانی نێو زیندان، کە کوردەکان دەستگیریانکردبوون. ترەمپ پێداگریی ئەکرد لەسەر ئەوەی کە هەر وڵاتێک، هاوڵاتیەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە لای خۆی، بیرۆکەیەکی خراپ نەبوو، بەڵام کەس بە کردەوە هیچی نەکرد. بەهەر حاڵ هەتا من لە کۆشکی سپیدا بووم، ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرا.

 

کە ئایا بە دیاریکراوی چەند ئەخایەنێت تا ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی رێکخراو بکشێنەوە؟ پلانداڕێژەرەکان بە نزیکەی 120 رۆژ دەیانخەمڵاند.

هەروەک لەسەری رێککەوتبووین، لەگەڵ Mattis و Pompeo و Dunford دەستمانکرد بە تەلەفۆنکردن بۆ هاوپەیمانەکانمان، تا پێیان بڵێین خۆیان ئامادەبکەن، کە چی روو ئەدات، بەڵام هیچ نیشانەیەکی پشتگیریمان بەدی نەکرد. Etienneی راوێژکاری دیبلۆماسیی سەرۆکی فەرەنسا پێی وتم، کە ماکرۆن بەدڵنیاییەوە سەبارەت بە بڕیاردان لەگەڵ ترەمپ قسە ئەکات –  بۆ من جێی سەرسوڕمان نەبوو.

هەندێک کاردانەوەی تر چاوەڕوانکراوبوون. پاش نیوەڕۆیەک لە ئۆڤەڵ بووم، کە پەیوەندیەکی ماکرۆن هات، هیچ دۆخەکەی بە دڵ نەبوو. ترەمپ بەسەریا تێپەڕی و وتی لەگەڵ داعش کارمان تەواو بووە و تورکیا و سوریا مشوری پاشماوەکەی ئەخۆن. ماکرۆن لە وەڵامدا وتی تورکیا تەرکیز ئەخاتە سەر هێرش بۆ سەر کوردەکان و لەگەڵ داعشیشدا رێکئەکەوێت. ئینجا ماکرۆن وەک پاڕانەوە تکای لە ترەمپ کرد، کە نەکشێتەوە، وتیشی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سەرئەکەوین و ئەبێ تا کۆتایی کارەکە بەردەوام بین. ترەمپ نەرم بوو و وتی ئەبێ لەگەڵ راوێژکارەکانمدا بدوێم، بە منیشی وت کە لەگەڵ کەسەکانی دەوری ماکرۆن قسەبکەم، کە پێشتر کردبووم، وە بە Mattis  و  Dunfordیش بڵێم لەگەڵ هاوتا فەرەنسیەکانیاندا قسە بکەن. یەکسەر Mattis تەلەفۆنی کرد، وتی کە وەزیری بەرگریی فەرەنسا Florence Parly ئەم بڕیارەی ترەمپی بە دڵ نیە. باڵیۆزی ئیسرائیلیش Ron Dermer  پێی وتم، کە ئەمە ناخۆشترین رۆژیەتی لە ماوەی کارکردنیدا لە وەتەی حکومەتەکەی ترەمپ دەستبەکارە.

 

 

رازی بوونی کۆماریەکان بەو سیاسەتە چەوتەی ئاسایشی نەتەوەیی، نە خزمەتی بە دەوڵەت ئەگەیاند نە بە حیزب، لەبەر ئەوەلە کۆنگرێس نزیکەی هەموویان یەکدەنگ بڕیارەکەی ترەمپیان رەدئەکردەوە، بەڵام بەهیچ جۆرێک نەیانئەویست لە مێدیاکاندا لێدوانی لێوەبدەن، ئەوە ترسێک بوو کە دیموکراتەکان نەیانبوو.

 

رۆژی پێنجشەممە ترەمپ بە ئاگادا هات، کە بە بڵاوبونەوەی هەواڵی کشانەوەکە لە سوریا چۆن لە مێدیاکانەوە ‌هێرشی ئەکرێتە سەر و کەوڵکراوە. جا ئەوە تۆزقاڵێک بوو لە چاو ئەوەدا ئەگەر بێت و لە ئەفغانستان بە تەواوی بکشێتەوە. لە کۆتاییدا هاتینە سەر ئەو رایەی کە وادەیەک دیاری نەکەین بۆ کشانەوە، بەڵام جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەبێت بە شێوەیەکی رێکخراو بێت.

 

سوپای تورکیا پێشتر، واتە پێش ئەوەی ترەمپ پێشنیاری رادەستکردنی ئەو ناوچانەبکات، هێڵێکی تێپەڕبونیان بۆ هێزەکانمان بۆ کشانەوە دیاریکردبوو. ئەوان زۆر باش ئەیانزانی، کە گفتوگۆ لەبارەی رادەستکردنێکی رێکوپێک و رێکخراو بۆ دەسەڵاتی ناوچەیەکی بێ حکومەت، کاتێکی زۆر ئەخایەنێت. بە راستیش هەر وابوو، شاندی ئەمریکی رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، رۆژێک پێش جەژنی لەدایکبونی مەسیح بەڕێکەوتن بۆ ئەنقەرە.

 

ئەو رۆژە زانیم، کە Mattis لە ئۆڤەڵ ئۆفیسە لای ترەمپ، چووم بۆلایان، دەرگا کرایەوە و Mattis  بە ماتی هاتە دەرەوە و تەوقەیەکی ساردی لەگەڵکردم، ترەمپیش بە دوایا هات. یەکسەر زانیم شتێک لە ئارادایە،  ترەمپ وتی جۆن وەرە ژورەوە. وتی Mattis ئەڕوات، وتیشی قەت حەزم لە چارەی نەبووە!.

 

تمەسMattis  دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە. نوسینێکی دوور و درێژی دابویە، کە هەموو هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەکەی تیابوو، دواتر خوێندمەوە، هەموو خاڵەکانی رەدکردنەوەی سیاسەتی ترەمپ بوو. ئەوەی سەیر بوو بەلامەوە، ئەوەبوو کە بەتەمابوو تا مانگی شوبات لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

 

ئینجا شەڕی راگەیاندن لە نێوانیاندا دەستی پێکرد، Mattis ئەیوت سەرۆک رێزم لێناگرێت، ئەمە واتای ئەوەیە، کە بڕۆم، لەبەر ئەوە کاتی هاتووە و ئەڕۆم. پرسی جێگرەوەی ئەوم لەگەڵ ترەمپ باسکرد. ئەو هەرایەی Mattis بێگومان کاریگەریی لەسەر ئەو شانۆیەی کە لە سوریا و هاوکات لە ئەفغانستان لە ئارادا بوو، هەبوو، چونکە ئەو ئەبوایە فەرمانی ترەمپی بۆ هێزەچەکدارەکان لە سوریا بۆ کشانەوە بگواستایەتەوە، ئیتر ئەمەی کردبووە ئارگومێنتێکی یەکلاکەرەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەکەی، چونکە ناڕازی بوو لە کشانەوەکە.

دوای دوو رۆژ لەم باسە، ترەمپ پێی وتم، کە نایەوێ ئەو دوو مانگەش چاوەڕێی Mattis بکات، ئەیەوێت جێگرەکەی Pat Shanahan وەک وەزیری بەرگریی کاربەدەست بناسێنێت. سەرەڕای نیازی مانەوەی تا مانگی شوبات، ترمپ وتی Mattis دەرئەکەم. هەر نەیئەبڕیەوە، سەرکۆنەی ئەکرد. پێم وت بەرەجەژنانە، وتی سێشەممە جەژنە، ئەبێ هەر ئەمڕۆ دەریبکەین!

 

لەکۆتایی هەفتەدا ترەمپ وتی ئەمەوێت گفتوگۆیەکی تر لەگەڵ ئەردۆغان بکەم، ئەمەوێت دوو خاڵی لەگەڵدا باس بکەم، یەکەمیان؛ لە سوریا هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، دووەمیان؛ پەلاماری داعش بدات، نەک کورد –  لە هەردوو خاڵەکەدا راستی ئەکرد، بەڵام تۆزێک درەنگ بوو، ئەبوایە یەکەم جار پێی بوتایە.

پەیوەندیی بەست، دوای سڵاو، ترەمپ پێی وت، یەکەم، ئەبێ داعش نەهێڵیت، ئەمریکاش یارمەتیی تورکیا ئەدا، ئەگەر پێویست بکات. دووەم، فشاری خستە سەری، کە نابێت پەلاماری کورد بدا و بیانکوژێ، هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە خەڵکێکی زۆر ئەوانی خۆشئەوێت، چونکە چەندین ساڵە شانبەشانی ئێمە لەدژی داعش و تێرۆر ئەجەنگن. کوردەکان و تورکیا ئەبێت پێکەوە شەڕی پاشماوەی داعش بکەن.

ترەمپ ئەیزانی، کە ستراتیژێکی وا، مانای گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی ئەردۆغان دەگەیەنێت، بەڵام جارێکیتر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە کوردەکان چەند پشتگیریان لە ئەمریکادا هەیە.

 

ترەمپ زیادەیەکی تری خستە سەر قسەکانی، کە بە لێکدانەوەی خۆی، داخوازیەکانی دەچەسپاند و مەبەستەکەی دەپێکا، ئەویش تەماحی ئاڵ و گۆڕی زۆر زیاتری بازرگانیی لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا خستە بەردەم ئەردۆغان.

 

ئەردۆغان زۆری لەخۆی کرد، وتی، کە ئەو رێزی کورد ئەگرێت و ئەوانیش رێزی ئەم ئەگرن. ئینجا وتی YPG،PYD،PKK  (ئەو پیتانەی وا ئەخوێندەوە، هەروەک ناوی خۆی حونجە بکات) سێ گروپی کوردین، کە لە سوریا و تورکیان، ئەوانە کورد هەڵئەخەڵەتێنن و تەفرەیان ئەدەن، ئەوان نمایندەی کورد ناکەن. ئاماژەی بەوە کرد، کە کابینەکەی پەرلەمانتار و وەزیری کوردی تیایە، وە کورد سۆز و خۆشەویستیان بۆی هەیە، وە تاکە سەرکردەشە، کە تا ئێستا توانیبێتی کۆبوونەوەی گەورە لەناوچە کوردیەکاندا بکات. ئەیوت، کە هیچ نیازی نیە هیچ کەسێکیتر، بێجگە لە تێرۆریستان لەناوبەرێت.

پێشتر ئەم قسانەمان گوێ لێبووە، هەمووی پڕوپاگەندەی رژێمەکەی ئەردۆغان بوون.

 

کۆبوونەوەی گەورە لە ناوچە کوردیەکاندا! ئەم قسەیە چ کاریگەریەکی ئەکردە سەر ترەمپ! لەم خاڵەدا ترەمپ هەروەکو هەستی بەوەکردبێ، کە لەوانەبێ ئەمە لە پرسی کورددا، وەک تەڵەیەک وابێ بۆی، چونکە ئەردۆغان جیاوازیی ئەکرد لەنێوان ئەوانەی کە ئەیەوێت کەمیان بکاتەوە، وە ئەوانەی کە گوێڕایەڵی بوون –  ئەمە جیاکردنەوەیەک بوو، کە هیچ بەرژەوەندیەکی بۆ ئێمە تیا نەبوو. ترەمپ پرسیاری بۆچوونی منی کرد لەم بارەیەوە، سەرپێیی وتم ئەبێ گفتوگۆکانی داهاتوو بۆ سەربازیەکان جێبهێڵین، تێرۆریستەکان لەوانیتر جیابکەنەوە.

 

 

*******

 

 

ئێوارەی جەژن لەگەڵ ترەمپ و خانمی یەکەم بەڕێکەوتین بەرەو عێراق، راستەوخۆ بۆ بنکەی هێزی ئاسمانیی عين الأسد. لەمیانەی ئەم گەشتەدا چاوەڕوان بووین دیدارێکیش لەگەڵ سەرەک وەزیران عادل عبدالمهدی ئەنجام بدەین.

نزیكی كاتژمێر حەوت و چارەک، تاریکایی داهاتبوو کە گەیشتین. دڵنیا نەبووین کە سەرەک وەزیران دێت یان نا، چونکە لەبەر حاڵەتی ئەمنی کەمێک لە پێش گەیشتنمان، زانیاریەکی زۆر کەمی پێ درابوو. بیستمان، کە فڕۆکەیەک لە بەغداوە بەڕێوەبوو، نەمان ئەزانی ئەوی تیایە یان نا.

کە دابەزین، یەکسەر چوینە ناو چادرێکەوە، لەوێ فەریق  Paul LaCamera فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی  Inherent Resolve لە عێراق و سوریا، وە عەمید لە هێزی ئاسمانی Dan Caine،کە نازناوەکەی کشمیش-ە، لەگەڵ جێگری فەرماندە پێشوازیان لێکردین.

پاش کەمێک خانمی یەکەم چووە دەرەوە،  LaCamera و هاوڕێکانی دەستیانکرد بە پێدانی زانیاری سەبارەت بە دۆخەکە.  LaCamera تا ئەویا بەردەوام بوو، کە وتی: وەک رۆژی روون دیارە،کە لە سوریا ئەکشێینەوە، ترەمپ بە پرسیار و تێبینی قسەکەی پێبڕی. دواتر  LaCamera وتی لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەکشێینەوە، من ئەتوانم لێرەوە بەرژەوەندیەکانمان لە سوریا بپارێزم. ترەمپ وتی ئامۆژگاریی ئەردۆغانم کردووە پەلاماری هێزەکانمان نەدات لە سوریا.

 

Cain و LaCamera  روونیانکردەوە، کە لەوکاتەدا چۆن رووبەڕووی داعش ئەبنەوە، ترەمپ پرسی ئەی ئێوە ئەتوانن لەکاتی راوەدونانیاندا وایان لێبکەن پیسایی لە لەشیان دەربکەن؟ هەردووکیان وتیان بەڵێ گەورەم، ترەمپ وتی ئێ ئەوە فەرمانی منە و لێرەوە بەجێی بهێنن. دواتر LaCamera  وتی بە درێژایی چەندین ساڵە لە هەوڵی زیاکردنی دۆستەکانمانداین و…، بەڵام ترەمپ قسەکەی پێبڕیەوە، وتی دووجار ماوەی شەڕی دژی داعشم درێژکردۆتەوە، پێمناخۆشە جارێکیتریش درێژیبکەمەوە. ئینجا پرسیاری کرد، ئەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی کوردەکان بپارێزین؟ منیش هاتمە ناو باسەکەوە، بە فەرماندەکانم وت سەرۆک ئاشکرا بە ئەردۆغانی وتووە، کە نایەوێت ئەو کوردانەی لە سوریا هاوکارمان بوون، زیانیان پێ بگات. هەردوو فەرماندە وتیان ئێمە ئەتوانین لە ماوەی دوو بۆ چوار هەفتە قەڵەمڕەوی خەلافەتەکەی داعش تێکبشکێنین. ترەمپ وتی بیکەن، رەزامەندی منتان هەیە.

دواتر ترەمپ پێی وتم ئەم فەرماندانە هەندێک زانیاریان باس کرد، پێشتر نەمبیستبوون. لەبەردەوامی گفتوگۆکەدا، LaCamera  باسی گرنگیی رۆڵی بنکەی الآسد ی کرد بۆ هێشتنەوەی فشار لەسەر ئێران. ترەمپ رەشبین بوو، وتی ئەوە بەڕاستتانە؟ هەموو هاوڕابوون وتیان بەڵێ. ترەمپ لەکۆتاییدا وتی بەردەوام بوونمان لە عێراق، لە زۆر لایەنەوە زۆر گرنگە. ئینجا بڕیاردرا لە التنف بمێنینەوە، کە ناوچەیەکی زۆر هەستیاری سێ سنوریە لە نێوان عێراق، ئوردن و سوریا – بەبوونمان لەوێ رێگەی کورتی ئێران بەسەر عێراقدا بۆ سوریای بڕیبوو، ئەبوایە ئێرانیەکان زۆر دووربکەونەوە، تا بچنە ناو سوریاوە.

 

دوای ئەوە روونکردنەوەیەکمان سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەمان بڵاو کردەوە، کە ئەمە خوڵاسەی دەقەکەی بوو: سەرۆک لەگەڵ فەرماندەکان تاو و توێی کشانەوەیەکی بەرپرسیارانە و رێکخراوی هێزەچەکدارەکانی ئەمریکا و هێزە بەشداربووەکانی لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش لە سوریایان کرد. هەروەها گرنگیی بوونی ئەمریکا لە عێراق بۆ رێگریکردن لە زیندووبونەوەی مەترسیە هەرێمایەتیەکان بەهۆی داعشەوە و بۆ پارێزگاری بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراق تەوەرێکی تر بوو و جەختی لەسەر کرایەوە.

 

کۆبوونەوەکە بەلامەوە زۆر باش بوو، نەک هەر لەبەر ئەوەی کە گەیشتینە بڕیاریی کۆتایی بۆ چالاکیە سەربازیەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەڵکو لەبەر ئەوەش، کە ترەمپ لێکدانەوەیەکی زۆر جودای بۆ کارەکانمان هەبوو و نەیئەزانی بۆچی گرنگ بوون، ئیدی لەویا بۆی رووون بۆوە.

 

پرسیارم ئەکرد بۆچی زووتر راوێژکارەکانی نەیانهێناوە بۆ عێراق و ئەفغانستان؟ پێم وابێ لەم خاڵەدا کەسمان سەرکەوتوو نەبووین.

 

دوایی بۆمان دەرکەوت، کە عادل عبدالمهدی نایەت، هەڵەیەکی گەورە بوو بۆ ئەو. راوێژکارەکانی هێنابوویانە سەر ئەو باوەڕەی، کە بۆ سەرەک وەزیرانی عێراق شیاو نیە لەبنکەیەکی ئەمریکیدا چاوی بە سەرۆک بکەوێت، هەرچەندە دامەزراوەکەمان بە بنکەیەکی عێراقی (کە پێشتر هی خۆمان بوو) دەور درابوو. بەڵام دواتر پەیوەندیەکی تەلەفۆنیی باشیان ئەنجامدا و ترەمپ بانگهێشتی کرد بۆ کۆشکی سپی. نیەتێکی باش بوو.

 

ترەمپ سەردانی سەربازەکانی کرد و سێڵفیی لەگەڵیان گرت. ئەوانیش بەنیشاندانی پەرۆشی، گەشبینی و روحیەتێکی بەهێز لەناوەڕاستی ئەو بیابانەدا، ئەگەر هاوڵاتیەکی ئەمریکیی هیچ هەستێکی خۆشەویستیشی بۆ ترەمپ نەبوایە، بەو حاڵە ئەهاتە جۆش و خرۆش وە هەستی نیشتمانی لای بەهێزدەبوو. پاشان بەڕێکەوتین بەرەو فڕۆکە، فڕین بۆ ئەڵمانیا، لە بنکەی رامشتاین چاومان بە فەرماندەکان کەوت، سوتەمەنیمان هەڵگرت و گەڕاینەوە ئەمریکا.

 

 

******

 

 

دوا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەی، کە لە گەشتەکەمان لە عێراق گەڕاینەوە، ترەمپ تەلەفۆنی بۆ کردم، زۆری لێکردم، کە (ئەوەی ئەو ناوی نابو پلانی دووهەفتەیی) بۆ لەناوبردنی قەڵەمڕەوەکەی خەلافەتی داعش، بە زووترین کات تەواوی بکەم. منیش Dunfordم بەوردی ئاگادار کردەوە، هەرچەندە ئەشمزانی کە سەری لێ شێوابوو بەدەست ئەو پێشبەندیەی، کە ترەمپ دایئەنا بۆ کێشەکانی سوریا. ئەو پێشبەندیانە لەگەڵ یەکدا نەدەهاتنەوە، دژبەیەک بوون، بۆنموونە (کشانەوە، نەهێشتنی داعش، پاراستنی کوردەکان، بڕیار بدرێت چۆن کارەکان لە التنف بەڕێوەبچن، زیندانیەکان ئازاد نەکرێن، فشاری سەر ئێران وەک خۆی بەردەوام بهێڵرێتەوە). ئەوەی ئەگوزەرا نەبوونی ستراتیژیەتێکی رێک و روون بوو، پەرش و بڵاوی و بێ سەرەوبەرەی بە ئاشکرا هەستی پێ ئەکرا.

 

ئەوەی لەگەڵ Dunford  لێی ئەسڵەمینەوە، ئەوەبوو کە داعش لە چەند ناوچەیەکەوە سەردەرکەنەوە و لێیەوە کردەوەی تێرۆریستی دژی ئەمریکا و ئەوروپا رێکبخەن. منیش هاوکات ئەمویست لەناو ئەو هاوکێشانەدا ئەگەری هەر سودێک بۆ ئێران بهێنمە سەر نزمترین ئاست. لەگەڵ Dunford  کەوتینە داڕشتنی پلانێک، تا بەپێی گرنگی، ریزبەندی بۆ ئەو بابەتانە بکەین.

 

لەبەرئەوەی کە ئەردۆغان لەو باوەڕەدابوو، کە “تەنها کوردێکی مردوو کوردێکی باشە، Dunford پێی وابوو، کە راستەوخۆ ئامانجی سەربازی تورکیا لە سوریا، کوردەکان بەدرێژایی سنوری تورکی-سوری، لە جێی خۆیان هەڵکەنێ و لەجێی ئەوان سەدان هەزار ئاوارەی سوری کە نیشتەجێی ئۆردوگاکانی تورکیا بوون، بەسەر سنووردا ئاودیویان بکات و جێگیریان بکات. پێشنیاری کرد، کە هێزێکی چاودێریی ناتۆ بە پشتگیریی دەزگا هەواڵگریەکانی ئەمریکا، چاودێری، پشتگیری ئاسمانی، وە هێزێک بۆ حاڵەتی کت و پڕ، کە دەستبەکاربن، ئەگەر ئاڵۆزیەکی لەناکاو دروست بێت، بەڵام بەکەمترین رێژەی سەربازی ئەمریکی. پێشنیاری ئەوەشی کرد، کە لە گەشتەکەمدا لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا یاوەرم بێت و پاشان ئەو لەوێ بمێنێتەوە، تا لەگەڵ سەربازیەکانی تورکیا کۆبێتەوە. من بەلامەوە باش بوو، بۆ ئەوەی پەیامێکی یەکگرتووی حکومەتی ئەمریکا بدەین بە گوێی تورکەکاندا وە دەرفەتیشیان بۆ نەهێڵینەوە، تا جیاوازیەکانی کارەکتەرە ئەمریکیەکان هەڵسەنگێنن، ئەوە ستراتێژێکە، کە حکومەتەکان لەو حاڵەتانەدا ئەیگرنە بەر.

 

لەم قسە و باسە Pompeoم ئاگادارکردەوە، ئەویش ئەیویست نێردەری وەزارەتی دەرەوە بۆ کار و باری سوریا، لەم گەشتەدا بەشدار بێت، منیش بە نابەدڵی رازیبووم. هۆکەی ئەوەبوو، کە هەر دوو رۆژ پێش جەژن،  Pompeoخۆی پێی وتم، کەJim Jeffrey  باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا لە تورکیا، هیچ خۆشەویستیەکی بۆ کورد نیە، وە بەلایەوە تورکیا ئەندامێکی بە متمانەیە لە ناتۆدا! ئەمانە زەنگی ئاگادارکردنەوە بوون، نیشانەی قۆناغێکی خراپی نەخۆشیی Klientitis  بوو، کە نەخۆشیەکی زگماکیی وەزارەتی دەرەوەیە؛ تیایدا روانگە بۆ دەرەوەی ئەمریکا گرنگترە وەک لە روانین لە ئەمریکا خۆی.

لەگەڵ Shanahan، Pompeo، Dunford  بەیاننامەیەکمان نوسی، تا هیچ لایەنێک، هیچ بە هەڵە تێنەگات. وەزارەتی بەرگریش زۆر بە دڵی بوو.

 

لە گەشتێکمدا، یەکەم وێستگەم ئیسرائیل بوو پێش تورکیا. لە ئۆرشەلیم لە هۆتێل مەلیک داود بۆ ستافی راگەیاندکارەکان کە یاوەریان ئەکردم، لێدوانم دا، وتم: ئێمە چاوەڕوانی ئەوە ئەکەین، کە ئەوانەی کە لە سوریا هاوشانی ئێمە ئەجەنگان، بە تایبەتی کوردەکان، وە هەموو ئەوانەی تریش کە لە ریزی ئێمەدا بوون، بە هۆی کشانەوەی هاوپەیمانانەوە، نەکەونە ژێر مەترسیەوە. ئەوە خاڵێکە، کە سەرۆک لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لە گفتوگۆکانیاندا زۆر بە روونی پێی وتووە. هەرواش بوو پێی وتبوو. هەر ئەو رۆژە لە واشنتن لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بە تێبینیەکانم، ترەمپ وتبووی وەک خۆتان ئەزانن جۆن بۆڵتن ئێستا لەو ناوچانەیە، من  دوو ئەستێرەی گەورەم هەیە، John Bolton و Pompeo  هەردووکیان زۆر بەهێزن، کاری مەزن ئەنجام ئەدەن، بەم زوانە بە چەند ئەنجامێکی زۆر باش دەگەین.

 

ترەمپ تەلەفۆنی بۆکردم، دیار بوو کەسێک پێی وتبوو، کە تورکەکان نیگەرانن لە تێبینی و لێدوانەکانم. بێگومان هیچ شتێکی زیادەم نەوتبوو، کە ترەمپ خۆی پێشتر بە ئەردۆغانی نەوتبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو پەیوەندیە کورتەدا چەند جارێک وتیەوە، جەماوەرەکەم  ئەیانەوێت دەربچین لە سوریا. ماناکەی ئەوە بوو کە دەبێ بەرەو تورکیا بڕۆم.

رۆژی دواتر باڵیۆزەکەمان لە ئەنقەرە بیستبووی، کە ئەردۆغان ئەوەندە قەڵس بوە، کە ویستویەتی هەرچۆنێک بێت دیدارەکەمان رەدبکاتەوە.  ئەوە لە نێو دیبلۆماتکارەکاندا وەک  سوکایەتی پێکردن ئەبینرا، بەڵام بە لای منەوە گوزارشت بوو لە دروستیی سیاسەتەکەمان لە دیدی ئەمریکاوە.

 

بەگەیشتنم لە ئەنقەرە،Pompeo  تەلەفۆنی بۆکردم، وتی کە ترەمپ لە هەواڵێکی نیویۆرک تایمز دڵگرانە، کە تیایدا هەندێک لێدوانی کاربەدەستی حکومیشی لەخۆگرتبوو. بە رای ترەمپ ئەو قسانەی تیایدا کراون لەگەڵ سیاسەتی ئێمە دا لە سوریا ناکۆکن. ئەو ناکۆکیانەی ئەو باسی ئەکردن، ترەمپ خۆی دروستیکردبوون.Pompeo   چەند روونکردنەوەیەکی دابوو، کە پشتگیری قسەکانی منی کردبوو، بۆنمونە: کە رێگە نادەین کوردەکان قەتڵ و عام بکرێن. ئەمە هەرچەندە لە مێدیاکاندا زۆر نەبووە جێی مشت و مڕ، بەڵام بە دڵنیاییەوە تورکەکانی وەڕس کردبوو.

 

هەردووکمان کۆک بووین لەسەر ئەوەی، کە باڵیۆزخانەکەمان دیدارم لەگەڵ ئەردۆغان بۆ رێکنەخات باشە، لەبەر ئەوەی پێمان وابوو، کە گەیشتبینە ئەو ساتەی کار لە کار ترازابێت -، چونکە ئارەزوی ترەمپ بۆ کشانەوە لە سوریا لەگەڵ پەیامەکەیدا سەبارەت بە پاراستنی کوردەکان، دوو بابەت بوون  دژبەیەک بوون، ئەمەی دووەمیان شتێک بوو، کە ئەردۆغان دەستی تیا نەدەپاراست، چی بویستایە ئەیکرد.

 

پاش کاتژمێرێک ترەمپ تەلەفۆنی بۆ کردم، نیگەران بوو لە بڵاوبونەوەی هەواڵ سەبارەت بە بوونی رای جیاواز لە نێو حکومەتدا، بەڵام قەلیقی و خەمە سەرەکیەکەی پلانە دووهەفتەییەکە بۆ تێکشکاندنی داعش بوو، ئەیویست وەزارەتی بەرگری چڕتر و دەست و بردتر کاری تیا بکەن. پەلەی بوو.

 

لەو سەروبەندەدا Jim Jeffrey بە پێچەوانەی بەیاننامەکەمانەوە نەخشەیەکی بڵاو کردەوە، کە ئەو ناوچانەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریای لەسەر دیاریکردبوو، کە پێشنیاری ئەکرد بۆ تورکیا بەجێ بهێڵرێن، وە ئەو جێگایانەش کە بە دەست کوردەکانەوە بمێننەوە. ئەوە بوو Dunford   ئەو پلانەی بەهیچ جۆرێک بەلاوە پەسەند نەبوو، منیش پرسیارم  کرد ئایا ناکرێت ئێمە تورکەکان لەدیوی خۆیان لەسەر سنوری سوریا، لەبەری رۆژهەڵاتی فورات رابگرین؟ وتیشم لە راستیدا من ئەمویست باکوری رۆژهەڵاتی سوریا خۆی چۆن بووە، هەر ئاوا بمێنێتەوە، بە مەرجی پێویستنەبوونی هێزی ئەمریکا –  ئەمزانی کە زۆر لەوانەیە ئەمە کارێکی ئەستەم بێ، بەڵام بیرم لەوە ئەکردەوە، کە هەر ئومێدمان پێی هەبێت.

 

ئینجا هاتینەوە سەر هەیکەلەی بەیاننامەکە، خەریکی داڕشتنی بووین و دواتر ئەماندایە تورکەکان. من رستەیەکم بۆ زیادکرد بۆ ئەوەی زیاتر روون بێت، کە ئێمە نامانەوێت، کوردەکان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ بکرێت، وە ئامادەگیی تورکیاش لە باکورری رۆژهەڵات، سەربازی بێت یاخود بە هەر جۆرێکی تر، لەلایەن ئێمەوە قابیلی قبوڵ نیە.

 

بەلامانەوە سەیر نەبوو، کە بیستمان ئەردۆغان دیدارەکەی لەگەڵ من رەد ئەکاتەوە، بە بیانوی ئەوەی لە پەرلەمان دەبێت وتارێک پێشکەش بکات. دواتر دەرکەوت، کە وتەکەی پلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراو بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی، کە من لەسەر نەخشەکە وەک پێگە ئەمریکیەکان نیشانەمکردبوون.

 

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا (کە لە بنەڕەتدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا بوو، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچوو و دۆخەکەش لە بەرژەوەندیی ئەودا نەبوو) سازشی نەئەکرد، وتبووی لەم خاڵەدا هیچ سازانی لەسەر ناکرێت. ئەو یەک میلیمەتر لە سووربوونی لەسەر دەستکراوەیی تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دوورنەکەوتبۆوە، ئەوە شتێک بوو کە ئێمەش نەمانئەتوانی ڕێگەبدەین تێپەڕێت، ئەگەر بێت و ئەردۆغان رێکاری تۆڵەسەندنەوە لە دژی کوردەکان بگرێتەبەر.

 

لە کاتی گەڕانەوەمدا بەدەم رێگاوە قسەم لەگەڵ Pompeo کرد، هەردووکمان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە بۆچوونەکانمان لەگەڵ تورکیا لەمەڕ کورد یەکناگرنەوە، وە کورد ئەبێ بەڕاستی زۆر وریا بن. ئەو وتی وەزیری دەرەوەی تورکیا هەوڵی داوە، کە بیبینێت –  ئەیزانی بۆ،  تا پێی بڵێت، دوو بژاردەتان لەبەر دەستە،  ئایا تورکیا هاوسنورتان بێت یان روس و ئێرانیەکان باشە؟ (دەست بەسەر باکوری رۆژهەڵاتدا ئەگرن، ئەگەر بکشێینەوە)  تۆ رات چیە؟ وتم لە راست دەچێت.

 

تەلەفۆنم کرد بۆ ترەمپ، تا هەواڵەکانی پێبگەیەنم. ئەو پێی وابوو، کە تورکەکان چەند مانگێکە ئامادەن بۆ ‌پێشڕەویکردن بۆ ناو سوریا، لەبەر ئەوەیە ئەویش ئەیەوێت دەربچێت لێی، پێش ئەوەی تورکیا پەلاماری کوردەکان بدات، لە کاتکێکدا ئێمە لەوێ ئامادەگیمان هەبوو! بەردەوام بوو، وتی ئەردۆغان داعشی بەلاوە گرنگ نیە و خۆی پێوە خەریک ناکات – وا بوو، ئەمریکا دوای جێهێشتنی سوریاش هەر ئەتوانێت لە داعش بدات، ئەوەش هەر ڕاست بوو.

 

زیادەیەکی بۆ قسەکانی کرد، وتی هیچ لاوازی یان شتێک لەو جۆرە نیشان نەدەیت، وەکو نەزانێت کە باسی شتێکی بۆ ئەکەم، کە رووی داوە. وتی نامانەوێت لە شەڕێکی ناوخۆوە تێوەبگلێین، ئەوان دوژمنی سروشتین. تورک و کورد چەندەها ساڵە لە دژی یەک ئەجەنگن، ئێمە خۆمان ناخەینە ئەو جەنگەوە، بەڵام داعش لەناوئەبەین.

 

لەو نێوەندەدا Dunford  گەیشتبووە ئەو بڕوایەی، کە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە ئەردۆغان زۆر کەمتر ویستیان هەبێت لە لەشکرکێشی، بە دوای هۆیەکیشدا گەڕاون کە رێگری لە ئۆپەراسیۆن لە باشوری سنورەکەیان بکەن، هاوکات دەشیانوت کە وڵاتەکەیان لە کردەوەی تێرۆریستی دەپارێزن.

Dunford بەردەوام بە پێی بەیاننامەکە کاری دەکرد. پێشنیاری ناوچەیەکی (بێ چەکداری هەردوو لایەنی کورد و تورک)، بە قوڵایی٢٠ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر دەکرد، کە دەبوایە کورد لەو ناوچەیەدا لە چەکی قورس دابماڵرێت وە هێزێکی چەکداری ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی تیایدا پاگەڕی بکەن. ئەو هێزەش دەبوایە بەشی زۆری لە هێزی هاوپەیمانانی ناتۆ پێکبێت وە ئەرکەکەشیان زامنکردنی ئاسایشی ناوچەکە، رێگری لە هەر گورزوەشاندنێکی کورد بۆ سەر تورکیا، وە بە پێچەوانەشەوە بێت. هەروەک پێشتر لە واشنتن لەبارەیەوە دوابووین.

 

هێزەکە پشتگیریی ئاسمانی و گەڕان و رزگارکردنی مرۆیی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ دابین ئەکرا، بەمەش کۆنترۆڵی ئاسمانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریامان لە دەستدا ئەمایەوە.

هەرچەندە ئاماژەی بەوە نەدابوو، بەڵام ئێمە ئەمانتوانی لە بنکەی عين الأسد-ەوە لە هەر حاڵەتێکی پێویستدا بە هێزەوە بگەڕێینەوە ئەو ناوچانە، بۆ رێگریکردن و سەرکوتکردنی هەر دەرکەوتەیەکی هەڕەشەئامێزی تێرۆریستی وەک داعش.

 

لەبەرئەوەی ئەردۆغان ئامانج و مەبەستی لەپێشینەی، سیاسەتی ناوخۆ بوو، بە رای من ئەو رێکارانەی باسکران جارێ بەس بوون. ئینجا ئەبوایە بڕوامان بە ئەوروپیەکان بهێنایە، تا رازی بن بۆ بەشدارییان. ئیتر ئێمە لەسەر چ پەتێک یاریمان ئەکرد یاخود بیرۆکەیەکی ترمان لا گەڵاڵە ئەبوو –  کە بۆی هەبوو چەند مانگێکیش بخایەنێت، ئێمە ئارگومێنتێکی باشی خۆمان بەدەستەوە بوو هێزەچەکدارەکانمان لە رۆژهەڵاتی فورات رابگرین. هەرچیش پەیوەندی بە کوردەکانەوە هەبێت، ئەوا Jeffrey بیرۆکەکە بۆ فەرماندەکەیان، جەنەراڵ مەزڵوم عابدی شیبکاتەوە، تا دیقەتی بدات، بزانێت کاردانەوەی چۆن ئەبێت.

 

Dunfod کەسێک بوو باوەڕی بە قەزا و قەدەر هەبوو و مەراقی بوو، چونکە، پێی وابوو، لەبەرئەوەی، کە بژاردەکانی مەزڵوم زۆر سنورداربوون، لەوەیە بۆ ئەویش باشتر وابێ لە لایەکیترەوە بەدوای پشتگیری و پارێزگاریدا بگەڕێت. ئەم بۆچوونەم بۆ Pompeo باسکرد، ئەویش بەلایەوە زۆر باش بوو دواتر وتی دەوڵەتەکانیتر لە ناوچەکەدا هیچ هاوسۆزیەک بە تورکیاوە نایانبەستێتەوە بەیەکەوە، بەڵام پارەی چاکیان هەیە، کە کارئاسانی بۆ بەشداریپێکردنی هاوپەیمانانی ناتۆ ئەکات لەم پلانی چاودێرە نێودەوڵەتیەدا.

بە یەکسانی دابەشکردنی بارگرانی لەنێوان هاوپەپیمانەکانمان، بەتایبەتی ئەوانەی ناتۆ هەمیشە بابەتێکی گرنگ بوو لای ترەمپ. بابەتێکیش بوو بایەخپێدانی رەوا بوو.

لەکاتی قەیرانەکەی کەنداوی فارسدا ١٩٩٠-١٩٩١، جۆرج بوش ی باوک خەرجیی جەنگەکەی بە پارەی ئەو دەوڵەتانەی ناوچەکە، وەک کوەیت و سعودیە وە هەروەها وڵاتانیتریش وەک یابان دابین کرد. ئەو پارەیە ئەودەم بە هەستێکی پڕ لە شەرمەوە داواکرا، دواییش کەسی پێ عەیببار نەبوو وە سەریشیگرت، جا ئیتر ئەم جارەش هیچ هۆیەک بەدی نەئەکرا بۆچی ئەم شێوازە دووبارە نەکرێتەوە و داوای پارە نەکەینەوە.

 

Dunford لە ئۆڤەڵ ئۆفیس بە وردی هەندێک بابەتی پەیوەست و ئەوەشی روونکردەوە، بۆچی هێزێکی نێودەوڵەتی لە ناوچە‌ پێشنیارکراوەکە لە سنوری باشوری تورکیا دەشێت جێگیربکرێت، بە جۆرێک کە ئێمە بتوانین بکشێینەوە، بە بێ ئەوەی کوردەکان و هاوپەیمانەکانیترمان لە دژی داعش بکەونە ژێر مەترسیەوە، ئەوجا لەبەر ناوبانگی نێودەوڵەتیی خۆشمان لە لایەکیترەوە بوەستێ. هەر ئەو پێداگریشی لەسەر مانەوەمان لە التنف ئەکرد. Pompeoش لە گەشتێکیدا بۆ ئوردن، شا عەبدوڵڵا زۆری لێکردبوو کە بمێنینەوە، وتبووی هەتا ئێوە زیاتر لێرە بمێننەوە، ئوردن پارێزراوتر ئەبێت و ترسی ئەو قەیرانەی سوریای نابێت لە سنورەکانەوە پەل بکێشێتە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە.

 

٭٭٭٭٭٭٭

 

رۆژێک لە ئۆڤەڵ ترەمپ لەبەرخۆیەوە پرسیاری لەخۆی ئەکرد، ئەیوت باشە ئێمە بۆ تا ئێستا لە کۆریا ماوینەتەوە؟ دوای شەڕەکەمان لە پەنجاکاندا لەو وڵاتەدا. رەخنەی لە زۆربەی هاوپەیمانەکانیشمان لە تەواوی جیهاندا دەگرت، کە عەقڵیەتی مشەخۆرییان هەیە و سپڵەن.

 

هەموو دانوستانەکان لە پێناو رۆڵی ئێمە لە سوریادا، بە هۆی داواکاریەکانی ترەمپەوە بەردەوام ئاڵۆز دەبوون. هەوڵەکانیش بۆ پێکهێنانی هێزە چاودێریە نێودەوڵەتیەکە هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە نەدی. پاش مانگێک Shanahan و Dunford روونیانکردەوە، کە لانی کەم بە جێگیرکراوی هێشتنەوەی هەندێک هێزی ئەمریکی لەو ناوچە پێشنیارکراوەدا، لە خوارووی سنوری تورکیا، پێشمەرجی رەهای ئەو لایەنانەیە، ئەگەر بیانەوێت بەشداری بکەن –  لەکاتێکدا هاوکاری لۆجیستی لە عين الأسد لە عێراقەوە دابین بکرێت. من بۆ خۆم بە دڵنیاییەوە هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدا نەبوو، بەڵام کێشەکە لە باسکردنیدا بوو بۆ ترەمپ، ناڕەحەت بوو، ئەو ئەیویست دەربچێت.

 

لە گفتوگۆیەکدا رۆژێک پێش پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترەمپ و ئەردۆغان، وتم پێی بڵێ، کە پەنتاگۆن لەو بڕوایەدایە، کە ناتوانین ئەو هێزە هەمەلایەنە پێکبهێنین، ئەگەر چەند سەد (بە مەبەست وتم چەند سەد) سەربازێکی ئەمریکی لەو ناوچانە نەهێڵینەوە. ترەمپ ئیستێکی کرد و رازی بوو پێی بڵێ. پاشتر کە پەیوەندیەکە دروستبوو، ئەروغان وتی، کە ئەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر ئەو ناوچەیەدا، کە ئەو بە “ناوچەی ئارام” ناوزەدی دەکرد، هەبێت، ئەمەش من بە ناپەسەندم دەزانی.

دەنگی ئەردۆغان لە تەلەفۆنەکە درابووە دەرەوە، بەڵام مایکرۆفۆنەکەی ئێمە داخرابوو، منیش پێشنیارم بۆ ترەمپ کرد، پێی بڵێ، کە Dunford سەرپەرشتیی ئەو دانوستانانەی کردووە، وە بەیانی ئەرتەشیەکانی تورکیا دێنە واشنتن، با ئەم قسەو باسانە هەڵبگرین بۆ ئەوان بەردەوام بن لەسەری. ترەمپ مایەوە لەگەڵیدا لەسەر هێڵ.

 

دوای ئەوە چومە نوسینگەکەم، تا ئەو هەواڵە بە Shanahan بگەیەنم. چەند کاتژمێرێکیش پاشتر تەلەفۆنم کرد بۆ Dunford تا دڵنیا بم، کە ئەویش ئەمەی بیستووە. ئەویش بە دڵی بوو، کە وتبووم “چەند سەد سەربازێک” وتیشی، کە روون و ئاشکرا بە تورکەکان ئەڵێم نامەوێت لە خوارووی سنورەکەی خۆیانەوەیانەوە هیچ هێزێکی ئەوانی لێبێت.

قسەشم لەگەڵ Lindsey Graham کرد، زۆرم لێکرد، کە ئەوەی بەتەمایە بیکات بە نهێنی بهێڵێتەوە، تا دەرفەت بەکەس نەدات هەڵیبوەشێنێتەوە. ئەو بەو پێیەی پەیوەندیی لەگەڵ ئەردۆغان باش بوو، ئامادەیی خۆی دەربڕی، کە تەلەفۆنی بۆ بکات و بیخاتە ژێر فشارەوە، تا پشتگیری لە بڕیارەکەی ترەمپ بکات. بەداخەوە Sanders روونکردنەوەیەکی رۆژنامەوانیی دابوو، بەبێئەوەی پێشتر لەگەڵ کەسێکدا، کە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکەبێت و بزانێت چی ئەگوزەرێت، قسە بکات. بەم کارەی سەرئێشەیەکی زۆری بۆ دروستکردین. ئینجا ئەبوایە ئێمە روونمان بکردایەتەوە، کە ئەو چەند سەد سەربازە، تەنها مەبەست لێی، بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە، نەک بۆ التنف، کە ئەبوایە نزیکەی دووسەد سەربازێکیتری لێ جێگیربکرێن، یانی بەهەمووی زیاتر لە چوارسەد سەرباز.

ناوەندی فەرماندەییش بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێکی ناکۆکەوە کەوتبوونە قەلیقیەوە نەیاندەزانی چیان بەسەر دێت، پێم وتن خەمتان نەبێت،جارێ ئەو باڵەخانەیەی تێیدان، هەر بە ناوی خۆتانەوەیە.

 

 

لەگەڵ دەرکەوتنی ناو بە ناوی ئاڵۆزیەکان، ئاوا دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا مایەوە، هەتا دەستم لە کار کێشایەوە. داعش قەڵەمڕەوەکەی لەدەستدا، بەڵام هەڕەشەی تێرۆر بێ ئەوەی هیچی لێ کەم ببێتەوە، وەک خۆی مایەوە. ئاسۆی پێکهێنانی هێزێکی چاودێری فرەلایەنەش تا دەهات ناروونتر و ئاڵۆزتر دەبوو، بەڵام ئامادەگیی هێزی ئەمریکا هەر ما، کە لە دەوری هەزار و پێنجسەد سەربازدا لە سەرانسەری سوریا کەم و زیادی ئەکرد.

 

هەتا کەی دەتوانرا ئەو بارەی ئەو کاتە (ستاتوس کوۆ)ە وەک خۆی رابگیرێت، نادیاربوو، بەڵام Dunford  لەماوەی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆک هەیئەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا (سوپاسالار) تا ٣٠ی سێپتێمبەر رایگرت.

 

شەڕخوازیی ئەردۆغان وەک خۆی بێ لەمپەر مایەوە، پێدەچێت لەبەر ئەو بارە ئابووریەی تورکیا، کە تا دەهات خراپتردەبوو، یاخود کێشە سیاسیەکانی خودی خۆی لە ناوەوەی وڵات بووبێت.

 

سەرەڕای کڕینی سیستمی S-400 لەلایەن ئەردۆغانەوە لە روسیا، ترەمپ بە هەمووشێوەیەک سزا و گەمارۆی بۆ سەر تورکیا رەدکردەوە، وە کۆنگرێسیش، کە دابەش ببو بەسەر چەند بەرە و لایەنێکدا، پەراوێزی خست.

 

کاتێک جارێکیتر فەرمانی کشانەوەی ئەمریکای دەرکرد، من نزیکەی مانگێک ئەبوو کۆشکی سپی م جێهێشتبوو.

ئەنجامی بڕیارەکەی ترەمپ شکست بوو بۆ سیاسەتی ئەمریکا و متمانەمانی لە سەرانسەری جیهاندا رووشاند.

وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە ئایا بمتوانیایە رێگری لەو دەرئەنجامە بکەم وەک نۆ مانگ پێشتر؟ نازانم، بەڵام ئەو کاردانەوە نەرێنیانەی لەسەر ئاستی حیزب رورربەرووی ترەمپ بوونەوە، گشتیان پێشبینیکراو وە شەرعی بوون.

 

لە دوای ساڵی ٢٠١٨  بۆ ئەوەی بۆ جارێکیتر رێگری لە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا بکرێت، ئەبوایە کەسێک بەری قافڵەکەی بە ئەلتەرناتیڤێک بگرتایە، کە جێگەی رەزامەندیی ترەمپ بوایە. ئیدی ئەوەش رووی نەدا.

 

لە نێو هەموو ئەو جەنجاڵیانەدا، هەندێک هەواڵی دڵخۆشکەر هاتن: لەدوای چەندین ساڵ ماندووبوون، پەنتاگۆن و سی ئای ئەی، لە ٢٦ ی ئۆکتۆبەردا توانیان لە هێرشێکی بوێرانەدا ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعش بکوژن.

 

 

 

کۆتایی.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.