شوکر عەبدولرەحمان
بارودۆخی میلیشیاکان بەجۆرێک دێتە بەرچاو کە یان دەبێت ئەو مەترسیانە قبول بکەن کە لە پێگەی سیاسیان دەدات، یان لە حالەتێکی وا قبولیان نەبێت ئەوە مەترسی وەشاندنی گورزی سەربازیشیان بێتە سەر. بەلام ئەو مەترسیەی بزوێنەری جموجۆلەکانی میلیشیاکانە بە پلە یەک ترسی لێدانیانە لە پێگەی سیاسیان. ئەم بارودۆخەی ئێستای عێراقیش دەرەنجامی ئەو سیاسەتە نوێیەیە کە ئەمەریکا لە دوای هاتنی ترامب، بەتایبەتیش دوای جەنگی داعش لە عێراق و ناوچەکە لە دژی ئێران جێبەجێی دەکات. هەرچەندە جۆ بایدن بانگەشەی ڕێککەوتنەوە لەگەل ئێران دەکات، بەلام لە ئەگەری سەرکەوتنی جۆ بایدنیش لە هەلبژاردنی داهاتوو پێ دەچێت ئەم پرۆسەیە هەر بەردەوام بێت کە ئیدارەی ترامب لە دژی ئێران لە عێراق دەستی پێکردوە، و چەند هەنگاوێکیش چۆتە پێش . پێشتر ئازادیەکی رەها درابوو بە ئێران. ئێران و لایەنگرانیشی بەبێ حیساب بۆ کردن و بە زیادەڕۆییەکی زۆرەوە کەوتبونە جموجۆل، لە هەمو لایەک و لە هەموو بوارێکدا. بە جۆرێک نەک هەر ئەمەریکا، بەلکو هاولاتیەکی سادەی عێراقی بە بێزاریەوە ئاگاداری جموجۆلەکانی ئێران بوو، کە کێیان لەگەلە و چی دەبەن و چی دێنن . دواجاریش هەموو ئەمانە بوە مایەی پێشوازیکردنی خۆپیشاندەران و شەقامی عێراقی لە( دروشمی ئێران بەڕە بەڕە) و سوتانی بارەگا و قونسلخانەکانیان و هتد… لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانیشەوە تاکو ئێستا چەندین رووداوی گرنگ رویانداوە، گرنکترینیان کوشتنی قاسم سلێمانی بوو. کە بەرای چاودێران عێراقی سەردەمی قاسم سلێمانی تەواو جیاواز دەبێت لەگەل عێراقی دوای سلێمانی. کۆی روداوەکانیش تا ئێستا ئاماژە بەوە دەدەن کە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا لە دژی ئێران لەسەر ئاستی عێراق و ئاستی نێودەولەتی کاریگەری خۆی داناوە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ دوو خالی بەهێز: یەکەم هەر هەنگاوێک تەواوکەری هەنگاوی پێش خۆیەتی، و دەبێتە زەمینەسازیش بۆ هەنگاوی داهاتوو. دووەمیان هەمەلایەنی هەنگاوەکانە. واتا لەسەر ئاستی عێراق هەر سێ بواری سیاسی و ئابوری و سەربازی دەگرێتەوە. سەرەتا خودی کوشتنی سلێمانی هەنگاوێکی کاریگەر بوو بۆ لێدانی ئێران لە سەرجەم بوارەکان. بە تایبەت لە لایەنە سیاسیەکەی و دواتر پێکهێنانی کابینە ئینتقالیەکەی کازمی. لە رووی ئابوریەوە کە سەرچاوەی داهاتی گروپەکانی سەر بە ئێران دەروازە گومرگی و سنوریەکان و ئەو پرۆسە گەندەلیە بوو کە چەندین سالە لە سەرجەم سێکتەرەکانی حکومەت بە دەستی دێنن. لەو ڕوەوە حکومەتی تازەی هەنگاوی خۆی ناوە لە رێی کۆنترول کردنی خالە سنوریەکان کە وەک گەمارۆدانێکی ئابوری میلیشیاکانە. هەرەوها دەستپێکردنی چاکسازی لە کردنەوەی مەلەفی گەندەلی بەرپرسەکان و ئال و گۆری پۆستە ئیداری و سەربازیەکان و هەندێ پرۆسەی تر. بە گشتی تا ئێستا ئاراستەی روداوەکان بە زیانی لایەنگرانی ئێراندا دەروات، بۆیە هیچ بیانوەک نیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا گوزی سەربازی بوەشێنێت لە دژیان و دەستپێشخەری بکات. بەلکو بە خۆپارێزیەوە بەردەوامی بە هەنگاوە سیاسیەکان دەدات لە چوارچێوەی گەمارۆ سیاسی و ئابوری و ئیداریەکان. ئەمەش لە دوو لایەن چردەبێتەوە کە دەبنە سەرچاوەی هەرەشە بۆ حزبەکانی نزیک لە ئێران ئەوانیش حکومەتی ئێستا، و هەلبژاردنی داهاتووە. ئایا لەبارودۆخێکی ئەوهاشدا وەلامی ئێران و لایەنگرانی چی دەبێت؟ ئایا تەسلیمی ئەو بارودۆخە دەبن و خۆیان دەگونجێنن یان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەرپەچی دەدەنەوە؟ ئایا بەرپەچدانەوەکە دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئەمەریکا هێزی سەربازی بەکاربێنێت؟
ئەمەریکیەکان ئەوەیان لەبەرچاوە، کە گەمارۆ و فشارە ئابوریەکان بەتەنها نابێتە هۆی دورخستنەوەی هەرەشەی میلیشیاکان بۆسەریان. هەروەها نابنە رێگریش لەبەردەم پێشێلکاریەکانی سەر سەروەری عێراق. بەلکو پێویست دەکات هاوشان لەگەل گەمارۆ ئابوریەکان و چاکسازیەکانی حکومەتی عێراقی. لەڕووی سیاسیشەوە لە پێگەی سیاسی میلیشیاکان بدرێت.. بۆ هێنانەدی ئەمەش پێدەچێ ئەم جارەیان ئەمەریکا بە تەواوی گەشتبێتە ئەو بروایە کە پێویستە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا رۆل و کاریگەریەکانی خۆی لە خوارەوە بۆ سەرەوە ئاراستە بکات. یان چاکترە بوترێت کە گرەوی ئەمجارەی ئەمەریکیەکان لەسەر سەرۆک وەزیران نیە، بەلکو گرەوەکەیان لەسەر شەقامە. ئەگەر پێشتر ئەمەریکا لەدوای هەلبژاردنەکان هەولی دەدا کاریگەری هەبێت لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەتایبەتیش سەرۆک وەزیران، ئەوە ئێستا دەیەوێت هەر لەسەرەتای پرۆسەکەوە رۆل و کاریگەری هەبێت. چونکە پێشتر هەر سەرۆک وەزیرانێک کە دەستبەکار دەبوو سەرەتا لەلایەن حیزب و گروپەکانی نزیک لە ئێران کاندید دەکرا بەو پێەی براوەی هەلبژاردنەکان بون. لە هەمانکاتدا هەر لەرێی ئەو حزب و گروپانەشەوە دەنگی دەنگدەرانی شیعەکان لە قالب دەدرا و لە فۆرمێکی ئێرانیەوە خۆی بەیان دەکرد. ئەمەش دەبوە هۆی ئەوەی کە سەرۆک وەزیرەکان دواجار بە شەرعیەتێکی شیعی، لە قالبدروای ئێرانی دەست بەکار بن. شەرعیەتێک هەمیشە کاربەدەستەکانی عێراقی مەحکوم دەکرد بە بەرژەوەندیەکانی ئێرانەوە. ئەمە چ جای ئەوەی بەشێکی زۆری کاربەدەستەکان هەر خۆیان بەشێک بونە لەو فۆرمە، و ئەجێنداکانی پشت ئەو فۆرمە. . بۆیە دواجا ئەمەریکیەکان لەوە گەشتن کە تەنانەت ئەگەر سەرۆک وەزیرانێک ئامانجیشی رێگرتن بێت لە هەژمونی ئێران هەر ناتوانێت بەهۆی ئەم شەرعیەتە لە قالبدراوە ئێرانیەوە ئەو کارە بکات، بەلکو دواجار بەناچاری دەبێت لە سەرجەم هەلوێستەکان بەلای ئێران بشکێتەوە. کابینەکەی کازمیش تا رادەیەک ئەوەی سەلماند. هەرچەندە هەر لە لایەن حیزبەکانەوە پەسەندکرا، بەلام وەک ئاشکرایە هاتنی کازمی بە بارودۆخێکی نائاسایی بوو، کە خواستەکانی شەقام شەرعیەتی زیاتری بە پرۆسەکە بەخشی. دیمەنەکەش زیاتر وا دەردەکەوێت کە رۆلێکی تەشریفی بۆ ئەو پەرلەمانەی ئێستا هێشترابێتەوە. شەقام متمانەی لەو سەرۆک وەزیرانە وەرگرتەوە کە پەرلەمانەکەی سەردەمی سلێمانی متمانەی پێدابوو. کاتێک کازمییش هێزی خۆی بەستەوە بەو شەقامەی کە تورەیی و بێزاری بەرووی ئێراندا بەرزکردۆتەوە. ئەوە دەبینین چاوقایمانەتر هەنگاو دەهاوێژێت، و لانیکەم دەتوانێت لە جولانەوەکانیدا سەروەری عێراق نمایش بکات. دەکرێ تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن میلیشاکان بەوەی دەستی ئەمەریکیان لە پشتە هەر لەوچوارچێوەیە سەیر بکرێت، کە ئەو سیاسەتەی ئەمەریکا یەکانگیر بوو لەگەل داواکاریە سەرەکیەکەی خۆپیشاندەران. کە بریتی بوو لە پێکهێنانی کابینەیەکی راگوزەر دور لە دەسەلاتی حیزبی و کاراکتەرە حیزبیەکان.لە لایەکی ترەوە هاوسۆزی ئەمەریکیەکان بۆ خۆپیشاندەران و یەکخستنی ئامانجەکانی لەگەل خواستەکانی شەقام و پالپشتی کردنی کازمی، ئاماژەن بۆ ئەم سیاسەتە نوێەی ئەمەریکا. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا دەردەکەوێت کە ئایا ئەمە ئینقلابێکی شەقامە نارازییەکەی عێراق بوو بەسەر ئەو پەرلەمانەی کە لەسەردەمی سلێمانی پێکهێنرابوو، یان گەمەیەکی جیاوازترە؟
بەهاتنەدی ئەم ئامانجەی ئەمەریکا لە (لاوازکردنی پێگەی سیاسی میلیشیاکان) هاوشان لەگەل گەمارۆ ئابوریەکان دەرەنجام کاریگەریەکی گەورە دروست دەکات لەسەر جموجۆلە سەربازیەکانی گروپ و میلیشاکان. رەنگە هەلبژاردنی پێش وەختەش کە بریار وایە لە حوزەیرانی سالی داهاتو ئەنجامبدرێت ببێتە وێستگەیەک بۆ لێدان لە پێگەی سیاسی گروپەکانی نزیک لە ئێران. هەم بە رای بەشێک لە چاودێران و هەمیش جموجۆلەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەر لە سەرەتاوە درکیان بەو مەترسیە کردوە بۆیە بەو پێشهاتە دلخۆش نین و ڕەنگە ترسەکانیشیان بەرۆکی کازمی بگرێت بەتایبەت ئەگەر کازمی نەیتوانی بۆیان بسەلمێنێت کە لە ئێستاوە کاری وەبەرهێنان لە بارودۆخی ئێستا ناکات و لە ئایندەدا لە پێگەی سیاسی ئەوان نادات. بۆیە پێشبینی دەکرێت میلیشیاکان لە هەولی بەردەوام دا بن بۆ دروستکردنی کێشە بۆ حکومەتەکەی ئێستاو هەلبژاردنی داهاتوو. ئەگەر لەمەش سەرکەوتو نەبون، هەولی سەرنەکەوتنی هەلبژاردنەکە بدەن بە گشتی، یان ئەگەر هەلبژاردنەکەش ئەنجامدرا لانیکەم لایەنی دۆراو نەبن. بەلام ئەمە چۆن بۆ کازمی کارێکی ئاسان نیە بۆ ئەوانیش ئاسان نابێت، چونکە تا دێت رای گشتی کۆمەلگای نێودەولەتی و فشارە نێودەولەتیەکان زیاتر دەبێت لەسەریان. بەهۆی گەمارۆ ئابوریەکانیش توانای داراییان کەم بوە و لە ناوەخۆشدا مەترسی پەرتەوازەبونی زیاتری ناومالی شیعە هەیە. سلێمانیش نەماوە کە پێشتر رۆلی هەبوو لە یەکخستن و سەرکەوتنیان لە هەلبژاردنەکانی رابردوودا. لە هەموشی گرنگتر درزتێکەوتنی ئەو فۆرمەیە کە پێشتر جەماوەری شیعەیان پێ خستبوە بەرەی ئێران. بەواتایەکی تر ترس لە لاوازبونی پێگەی جەماوەریانە بەهۆی شکستی حکومرانی و خوپیشاندانەکان و کوشتنی نزیکەی 600 خۆپیشاندەر و بریندارکردنی هەزارانیتر لە خۆپیشاندانەکانی تشرین کە لە زۆربەی کەیسەکان پەنچەی تۆمەت ئاراستە میلیشیاکانی سەربە ئێران کراوە. سەرەرای ئەوانەش درێژەدان بە کردەوەکانی تیرۆر و رفاندنی چالاکوانان و دروستکردنی هەرەشە لەسەر ناوەندەکانی دیبلۆماسی زیاتر ناشرینی کردون لە ئاستی شەقامی عێراقی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی . لەبەرامبەر ئەوەدا زەمینەیەکی لەبار رەخساوە بۆ هاتنە ئارای جولانەوەیەکی نیشتمانی کە دەنگدەرانی عێراقی بخاتەوە فۆرمێکی نیشتمانی نوێوە کە رەنگدانەوەی خواستەکانی خۆپیشاندەران و شەقامی عێراقی بێت و ئەمەریکاش بە هەمو شێوەیەک پالپشتیان بکات و گرەوی بردنەوەیان لەسەر بکات. پێشبینیش دەکرێت کازمی پێشەوایەتی ئەم جولانەوەیە بکات. بەلام ئەمە بەندە لەسەر ئەوەی تا چەند کازمی سەرکەوتو دەبێت لەو چەند مانگەی داهاتوودا لە حکومرانیە ئینتیقالیەکەی. هەرچەندە تارادەیەک سەرکەوتوبوە لە نمایشەکانی، لە ئەرزی واقیعیشدا چەند هەنگاوێکی عەمەلی ناوە. بەلام هێشتا زۆر شتی ماوە تاکو شەقام رازی بێت لێی و پشتوانی نێودەولەتیش مسۆگەر بکات. خودی کازمیش ئەوەی لەبەرچاوە کە لە ئێستادا پرۆسەی گێرانەوەی سەروەری عێراق و ئەنجامدانی چاکسازی کارێکی ئەستەمە. تەنها دەتوانێت ئەو چالاکیانە ئەنجامبدات کە بە هۆیەوە دەتوانێت ئەو باوەرە لای ئەمەریکیەکان و ئێرانیەکان و شەقامی عێراقیدا دروست کات کە بۆ داهاتوی عێراق لەو باشتریان دەست ناکەوێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی و گێرانەوەی سەرەروەری و جێبەجێکردنی خواستەکانی خۆپیشاندەران. لە چەند مانگی داهاتوشدا هەموو ئەمانە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.