نوێترین فشار نێودەوڵەتی بۆ ئازادكردنی شێروان شێروانی

لەلایەن ستاندار Posted on 346 جار بینراوە

ستاندەر

لەبارەی كەیسی شێروان شێروانی هەردوو پەرلەمانتاری پێشووى سوید ئامینە کاکە باوەو جەبار ئەمین پەیامێکیان بۆ رای گشتى بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندوە”دەستگیرکردنی یاسا شکێنی و مەزاجی و کەسایەتیشكێنی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە گشت حزبەکانیەوە، و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتە دەکات، پێشێلکردنی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەو کارەش حکومەتی هەرێمی کوردستان گشت ئەو بەندانەی سەرەوەی جاڕنامەکەی پێشێل کردووە”.

راشیانگەیاندووە، لە جیاتی دەستگیرکردن و هەراسانکردنی دەنگە ئازادەکان، کە بنەمای هێنانەئارای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، دەبوایە حکومەتی هەرێم پاڵپشت و هاوکاری ئەو دەنگە بوێرانە بێت.

دەقی پەیامەکە:

دەبێت نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی ئازاد بکرێت.

ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی ڕادەربڕین دوو مافی گەردونین و لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراونەتە دوو بنچینەی گرنگ کە پێویستە هەموو حکومەتێك ڕێزی لێ بگرێت.
– لە بەندی ٣ ی جاڕنامەکەدا هاتووە: “هەموو کەسێك مافی هەیە ئەمنیەتی پارێزراو بێت”.
(واتە ئەرکە لەسەر حکومەت ئەمنیەتی گشت هاوڵاتییەکانی بپارێزێت).
– لە بەندی ٥ هاتووە: “نابێت کەس مامەڵەیەکی کەسایەتیشکێنی لەگەڵدا بکرێت”.
(واتە ئەرکە لەسەر حکومەت بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەکانی بکات، و لە کاتی گرتن و زیندانیشدا کرداری کەسایەتیشكێنیان لەگەڵدا نەکات).
– لە بەندی ٩ هاتووە: “نابێت کەس بە مەزاجی حکومڕانان دەستەبەسەر یان زیندانی بکرێت”.
(واتە ئەرکە لە سەر حکومەت تەنها بشتبەست بە یاسا خەڵکی دەستگیر و زیندانی بکات).
– لە بەندی ١٢ هاتووە: “نابێت کەس بە مەزاجی حوکمڕانان لە ماڵ و لەبەردەم خێزانەکەی و بەشێوەیەکی کەسایەتیشکێن دەستگیر بکرێت”.
– لە بەندی ١٩ هاتووە: “هەموو کەس مافی ڕادەربڕینی هەیە، هەروەها مافی بڵاوکردنەوەی بۆچونەکانی هەیە”.

دەستگیرکردنی یاساشکێنی و مەزاجی و کەسایەتیشكێنی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە گشت حزبەکانیەوە، و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتە دەکات، پێشێلکردنی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەو کارەش حکومەتی هەرێمی کوردستان گشت ئەو بەندانەی سەرەوەی جاڕنامەکەی پێشێل کردووە.
لە جیاتی دەستگیرکردن و هەراسانکردنی دەنگە ئازادەکان، کە بنەمای هێنانەئارای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتین، دەبوایە حکومەتی هەرێم پاڵپشت و هاوکاری ئەو دەنگە بوێرانە بێت.

وەکوو دەزانین، ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی ڕادەربڕین دوو لە بنەما بنچینەییەکانی هەموو حوکمڕانییەکی دیموکراسی و مرۆڤ دۆستە. ئەو حکومەتەی بە شێوەیەکی سیستەماتیك ئەو دوو مافە پێشێل دەکات نە دیموکراتییە و نە مرۆڤ دۆستە.
بە دەستگیرکردنی بێ بنەمایانەی شێروان شێروانی و کەسانی تری ڕەخنەگر حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هێندەی تر ئابڕوو و پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حوکمڕانانی لە ناوەندە جیهانییەکان نزمتر دەکات. دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ ڕەخنەگران وەك بەهانەیەك بۆ دەستگیرکردنیان کرداری ڕژێمە سەرکوتکەرەکانە و ڕەخنەی زیاتری جیهانی دەرەوەی لێ دەکەوێتەوە.

ئێمە دەستگیرکردنی بێ بنەمایانەی شێروان شێروانی بە توندی مەحکوم دەکەین. ڕەخنەی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشت حزبەکانیەوە دەکەین، و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتە دەکات.
جگە لەوە، پاراستنی سەلامەتی و ژیانی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی دەخەینە ئەستۆی گشت ئەو لایەنانە.

ئازادکردنی بێ مەرجانەی نوسەر و ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی داوایەکی ئێمەیە.

ئامینە کاکە باوە                                                           جەبار ئەمین
ئەندامی پەرلەمانی سوید                                              ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.