ستاندەر
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلمەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق مەرجی ئەوەی داناوە كە تا كۆتایی ئەم مانگە پاشكۆی بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنەكان یەكلا بكرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لە حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنەكان بەرێوەببەن، چەند سەرچاوەیەك باس لەوە دەكەن ئەگەری ئەوە هەیە دوو بۆ سێ مانگ هەڵبژاردن دوابخرێت.
شیروان دوبردانى، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەیەوە رایگەیاندووە، کۆمسیۆن مەرجى داناوە کە دەبێت پاشکۆى تایبەت بە بازنەکان لەم مانگەدا تەواو بکرێت، تا بتوانێت لەحوزەیرانى داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
ئەوەشی ئاشكرا كردووە حکومەت تا ئێستا هی بودجەیەکى بۆ کۆمسیۆن خەرج نەکردووە، چوار ملیۆن کارتی بایۆمەتریش کە لە نوسینگەکانى کۆمسیۆنن رادەستى دەنگدەران نەکراونەتەوە، هێشتا 14 ملیۆن کەس کارتى بایۆمەترییان نییە.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە بە ئەگەرێكی زۆرەوە هەڵبژاردن دوادەكەوێت، بۆ ماوەى دوو بۆ سێ مانگ، بەهۆى کێشەکانى سیستەمى فرە بازنەییەوە.