خەو بەدزی مەرزەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 426 جار بینراوە

سەرتیپ جەوهەر

دزو ساحێب ماڵ یەك بن، گا لەكونی دەرزی ئاوا دەكەن

دەمێكە خەوم نەبینیبوو. هەواڵە ناخۆش و پڕ چەرمەسەرییەكانی ئەم وڵاتە خەو و خەونی بەكەسەوە نەهێشتووە! جاران خەونمان بە ئازادیی و دەربازبوون لەستەم و حكومڕانی خۆماڵییەوە دەبینی. هەندێجار واوەتر، ئەم خەڵكە رەشوروتەی ئێستا، تامەزرۆی دیداری بەشێك لەو ناو ناونیشانانە بوو كە لەشاخ، لەرادیۆكەی دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت ناویان دەهات. باس لەداستان و قارەمانێتیان دەكرا! بەڵام دەرچوو، هەر رۆژێكیان، هەر هەنگاوێكیان لەسەر ئەم میللەتە نوسیوەو ئێستا حەقی ئەو رۆژانە لەمیللەتەكە وەردەگرنەوە. نەك خۆیان، بەڵكو نەوەكانی داهاتویشیان (عائیلە سەعیدەن).
لەم شەوانە خەوێكم بینی، خەو نەبوو! زیندە خەو بوو!
لەو خەوەدا لە وڵاتێكی كاول و بێ‌ دەرەتان بووم. لەلایەكی 30 ساڵ بوو دزی دەكرا، لەمەرزەكەی كاكە برایمی خەلیلەوە تا رۆژئاوا كەسێك دەنگی لێنەدەهات. لەبەری رۆژهەڵاتیشەوە، شین و شایی تێكەڵ ببوو. چڕە دوكەڵێك بوو، كورد وتەنی “سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسیەوە”.
ئەو مەرزانە ببووە نیعمەت بۆ ئەولادی ئەم عەسرە! عەسری شۆڕشگێڕانی قەدیم. (هیواو هاورێ و لەنجەو توانا..تد ناوەكانیان چەندە خۆشن.
یەكێك شیشی دەهێناو یەكێك ئۆتۆمبێلی بەسەرچوو! یەكێك دونگی دەهێناو یەكێك دەرمانی بێكەڵك! هەبوو جوجكی دەهێناو هەشبوو كەلەسەری گا! هەرچی دەتەوێ‌ دەیانهێنا. كورد ووتەنی “دزو خاوەن ماڵ یەك بن، گا لەكونی دەرزی ئاوادەكەن”.
لەو خەوەدا هەمویان برابەش و شەریك بوون. حزبەكەی باوكی هەژاران دەنگیان لێوەدەهات، ئێستا ئەوانیش دەمكوت بوون. وەزیرەكەی داراییان هەتا پیلی لێ هەڵماڵی بوو. برابەشی ئەوانی دی بوو! كوڕانی باوكی هەژارانیش قەپانێكیان بۆ دانابوون! لەهەمووی خراپتر، رێكخەری حزبەكەی باوكی هەژارانیان، بەدەم خەندەی لێوانەوە، دەیگوت چیبكەین، هەمووی دەیدزێت، كابرای مەرزەكەی ئێمەشیان فێركردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.