کێشەی ماکرۆن و ئەگەری دروستبوونی حیزبی ئیسلامی لەفەرەنسا

لەلایەن ستاندار Posted on 381 جار بینراوە
ئەسڵی کێشەی موسڵمانان چییە لەفەڕەنسا؟
ئایا دوای سی ساڵی دیکە سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دەبێتە کەسێکی ئیسلامی؟
ئیبراهیم عەلی
لەچەند ڕۆژی رابردوو، دوای وتارێکی سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لەوڵاتانی ئیسلامی کاردانەوەی گەورە دروست بوو. بەشێک لەموسڵمانان قسەکانی ماکرۆن بەهێرش بۆ سەر ئێسلام و خودی پێغەمبەری موسڵمانان وێنەی دەکەن. بابەتی کاریکاتێرو هێرش بۆ سەر رەمزەکانی موسڵمانان لەفەرەنسا شتێکی نوێ نییەو تا ڕاددەیەک رەگێکی مێژوویی هەیە. بەڵام بۆچی ئەمجارەیان لەبەرامبەر ئەو هێرش و قسانەدا کاردانەوەکان فراوانتر بوون؟ ئایا چ پەیوەندییەکان لەنێوان فراوانبوونی کاردانەوەکان و کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان فەرەنسا و تورکیا هەیە؟
ئایا قسەکانی ماکڕۆن ئێستا مەترسییان زیاتر بوو یا ئەو پڕۆژە یاسایەی ماکڕۆن هەیەتی بۆ فەرەنسا؟ بۆچی خەڵک کاردانەوەی هەیە بۆ کۆمەڵێک قسە کە هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر پێگەی پێغەمبەر درودی خوی لێ بێت بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایەی ماکرۆن مەترسی زۆر زیاترە بۆ موسڵمانانی فەڕەنسا، بەڵام هیچ کەسێک باسی ئەو پڕۆژە یاسایە ناکات؟
ئایا ئەردۆگان دەیانەوێت فشارەکانی زیاتر بکات بۆ ئەوەی فەڕەنساو وڵاتانی ئەوروپی رێگر نەبن لەپڕۆژەکانی ئەردۆگان لەبارەی وزەوە؟ ئایا ئەگەر فەڕەنسا رێگر نەبوایە لەبەردەم پڕۆژەکانی ئەردۆگان، کاردانەوەکان بەو فراوانییە دەبوون؟ ئەم پرسیارانە خوێنەر دەتوانێت خۆی لێڪدانەوەی بۆی هەبێت.
لەو کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەم باس لەکێشە بنەڕەتییەکانی ماکرۆن بکەم لەگەڵ جالیەی ئیسلامی و مەبەست و پلانەکانی ماکڕۆن لەو کورتە وتارەدا دەخەمەڕوو. بۆ ئەوەی دوای قەرەباڵغی نەکەوین و دوای هەبوونی زانیاری ئینجا بڕیار لەسەر کێشەو ململانێکان بدەین.
بەهۆی ئەوەی هاوڕێ و هاوپیشەی خۆشەویستم هەڵگورد سەمەد لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا دەژی.
هەڵگورد ڕۆژنامەنوسێکی خوێندەوارو بەئاگایەو تا ڕاددەیەک ئاگاداری جوڵەی کاربەدەستەکانی فەڕەنسایە. بۆیە چەند جارێک قسەم لەگەڵی کرد بۆ ئەوەی کوێڕانەو بەبێ زانیاری قسە لەسەر هێرشەکانی ماکڕۆن نەکەم.
ماکڕۆن لەزۆربەی وتارەکانیدا خۆی لەوە نەداوە ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر موسڵمانان، بەڵکو ئەو زیاتر باسی لەئیسلامی سیاسی کردووەو بەتایبەت رەوتە جیهادییەکان کە لەفەڕەنسا لەگەشەکردنێکی بێ وێنەدان. کە بەبڕوای ماکڕۆن سەلەفییە جیهادییەکان سوودییان لەیاساکانی فەڕەنسا بینیووەو کەلێنە یاساییەکانی فەڕەنسا وایکردووە کە فەرەنسا ببێتە لانەی گەشەکردنی سەلەفییە جیهادییەکان لەتەواوی ئەوروپادا.
ماکڕۆن بابەتی پەروەردەو فێرکردن بەکێشەی بنەڕەتی جالیەی ئیسلامی دەزانێت لەفەڕەنسا. چونکە بەپێی یاسا خێزانەکان بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە دەتوانن منداڵەکانیان نەنێرن بۆ قوتایخانەکانی فەڕەنساو لەماڵەوە لەرێی مامۆستای تایبەتەوە وانەکان بخوێنن و پاشان بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن.
بەپشت بەستن بەم دەقە یاساییە، بەشی زۆری خێزانە موسڵمانەکان منداڵەکانیان نانێرنە قوتابخانەکانی فەڕەنسا، بەڵکو لەماڵەوە مامۆستای تایبەتیان بۆ دەگرن. بەمەش ئەو خێزانانە لەڕووی پەروەردەییەوە منداڵەکانیان بەدوور دەگرن لەوەی تێکەڵی کۆمەڵگەی فەرەنسی ببن. بۆیە ئێستا ماکڕۆن ئەم کەلێنە یاساییە بەهۆکاری گەشەکردنی سەلەفییە جیهادییەکان دەزانێت لەفەڕەنسا. بۆیە دەبینین زۆرجار نەوەی نوێی سەلەفییە جیهادییەکان زۆر لەباب و باپیرانیان توندڕەوترن.
ئێستا لەنێو فەڕەنسادا جالیەی ئیسلامی جگە لەوەی بەشێوەیەکی فراوان لەگەشەکردندایە، بەهەمان شێوە توانیویانە پارێزگاری لەداب و نەریتەکانی خۆیان بکەن و بەهیچ شێوەیەک تێکەڵی کۆمەڵگەی فەڕەنسی نەبوون. لەزۆر شوێن گەڕەکی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەشی زۆری منداڵە موسڵمانەکان بۆ تەواوکردنی زانکۆ و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەسەر زانستە شەرعییەکان دەگەڕێنەوە وڵاتە ئیسلامییەکان.
بۆیە ئێستا ماکڕۆن پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە بەناوی ڕووبەڕوو بونەوەی جیاخوازی. مەبەستی ماکڕۆن لەو پڕۆژە یاسایە ئەوەیە بەیاسا رێگری بکات لەو کەسانەی خۆیان جیا دەکەنەوە لەکۆمەڵگەی فەڕەنسی. واتا لەو یاسایەدا چیدیکە ڕێگە بەوە نادرێت هیچ منداڵێک لەماڵەوە دەرس بخوێنێت. بەڵکو دەبێت هەموو منداڵێک بەئیجباری بنێردرێتە قوتابخانە. پڕۆژە یاساکەی ماکڕۆن پڕۆژەیەکی فراوانە واتا تەواوی ئاین و ئاینزاکان دەگرێتەوە کەبیانەوێت خۆیان جیا بکەنەوە لەکۆمەڵگەی فەڕەنسی. دووریش نییە مەبەستی سەرەکی ماکڕۆن تەنیا جیاکارییەکانی ئیسلامییەکان بێت.
لەبەشێکی گەڕەکەکانی فەڕەنسا ئێستا موسڵمانەکان خۆیان بەجۆرێک لەجۆرەکان حوکمی خۆیان دەکەن. لەبری یاسا مەدەنییەکانی فەڕەنسا بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئیدارەی خۆیان دەکەن. ئەمەش لای حکومەتی فەڕەنسی بەهەموو شێوەیەک رەفزەو دەیانەوێت بەهەر نرخێک بێت کۆتایی بەمۆخە بهێنن.
ماکڕۆن دەیەوێت تەواوی ئەو رێکخراوە ئیسلامییانە دابخات کەدایک و باوکی منداڵان هان دەدەن منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانەو هەموو ئەو کەسانەش لەمزگەوتەکانی فەڕەنسا دوور بخەنەوە کە لەمزگەوتەکانەوە ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بڵاو دەکەنەوە تا ئەو ڕاددەیەی ئەگەر ئەو بڕیارانە سەر بکێشن بۆ داخستنی کۆمەڵێک مزگەوتیش. بەپێی ئەم یاسایە ماکڕۆن دەیەوێت لەساڵی داهاتووەوە هیچ منداڵێکی موسڵمان نەمێنێت لەقوتابخانەی دەوڵەت نەخوێنێت. رێکخراوە ئیسلامییەکانیش لەفەڕەنسا ئەم پڕۆژە یاسایە بەلێدان لەخۆیان دەزانن. چونکە ئەو رێکخراوە ئیسلامییانە زۆرجار لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیان بەدژی خۆیان دەشکێتەوە. بۆ نمونە بەشێک لەو رێخکراوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن بەنزیکەیی دوای سی ساڵی تر ئەوان واتە موسڵمانەکان سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دیاری دەکەن. یا زۆرجار دەڵێن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دوای سی ساڵی تر کەسێکی موسڵمان دەبێت. ئەمەش وایکردووە حکومەت ئەو قسانە بەجدی وەربگرێت و لێکۆڵینەوەی ورد بکات بۆ ئەوەی حکومەت رێ و شوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی لەداهاتوو شتێکی لەو شێوەیە روو نەدات.
ماکڕۆن لەو پڕۆژە یاسایەدا دەیەوێت بەیاسا ئەوە قەدەغە بکات کە هاوڵاتیانی فەڕەنسی بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان روو لەوڵاتانی تورکیاو سعودییەو قەتەرو هیچ وڵاتێکی دیکە نەکەن، بەڵکو دەبێت لەناوخۆی فەڕەنسا ئەو زانستانەش بخوێندرێت. بۆ ئەوەی ئەو کەسانە کاریگەر نەبن بەهیچ کام لەکەسایەتییە ئیسلامییەکان کە لەو وڵاتانە هەن.
کێشەکان تا ساتی یەکلایی کردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایەی ماکڕۆن بەردەوامیان هەیەو نازانرێت لەناوخۆی فەڕەنسادا کێشەکان سەردەکێشن بۆ چیدیکەو کاردانەوەی جالیەی ئیسلامی لەساتی پەسەند کردنی ئەم پڕۆژە یاسایە چی دەبێت نازانرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.