دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا

لەلایەن ستاندار Posted on 408 جار بینراوە

لوقمان حەوێز

دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بڕگەی دووەمی دەستوری ئەمەریکا دیاری کراوە و بریتین لەمانەی خوارەوە:

– سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و سەرۆکی حکومەتی فیدرالیە کە خاوەنی گەورەترین بودجەیە لە جیھان، بودجەی ساڵانەی حکومەتی فیدرالی پترە لە ٤ ترلیۆن دۆلار، ئابووری ئەمەریکا قەبارەکەی ساڵانە پترە لە ٢٢ ترلیۆن دۆلار، بۆ زانیاریتان یەک ترلیۆن یەکسانە بە ١٠٠٠ ملیار، ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین ئابووریە لە جیھان، ئابوریەکەی پتر لە ١٥% ی ھەموو ئابووری جیھان پێک دەھێنێت، بۆ بەراوردیکردن ووڵاتی چین کە خاوەنی دووەم ئابووریە لە جیھان و ئابووریەکەی ڕێژەی ١٠% ی ھەموو ئابووری جیھان پێکدەھێنێت.

– فەرماندەی گشتی گەورەترین و بەھێزترین ھێزی سەربازیە لە جیھان، ھێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لەئێستادا لە ٦ بەشی سەرەکی پێک دێن و بریتین لە لەشکر، ھێزەکانی مارینز، ھێزی دەریاوانی، ھێزی ئاسمانی، ھێزی بۆشایی ئاسمان و ھێزی پاسەوانانی کەنارەکان، ھێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە زۆربەی ناوچەکانی جیھان بڵاوەیان پێکراوە لە دەیەھا بنکەی سەربازی، ھەروەھا ئەمەریکا ٢٠ کەشتی سەربازی زۆر زەبەلاحی ھەیە کە بە ھەڵگری فڕۆکە ناسراون، بەردەوام ژمارەیەک لەوانە لەدەریا و ئۆقیانوسەکان بڵاوەیان پێکراوە و بەرپرسن لە پاراستنی زۆربەی ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەکانی جیھان، لەگەڵ ئەوەی سەرۆک فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانە بەڵام بەپێ ی دەستور بڕیاردان لە شەڕ لە دەسەڵاتی کۆنگرێسە، سەرۆکی ئەمەریکاش وەکو سەرۆک و فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان دەتوانێت لەکاتی پێویست یان لەکاتی تەنگانە فەرمانی ھێرشی سەربازی دەربکات، بەڵام دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس و پاڵپشتی ئەوان بەدەست بھێنێت.

– سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی ئیمزاکردن یان ڤیتۆکردنی ئەو یاسایانەی ھەیە کە کۆنگرێس دەریان دەکات، بەڵام ھەر یاسایەک ئەگەر لە ھەردوو باڵەکەی کۆنگرێس بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان تێبپەڕێنرێت ئەوا کۆنگرێس دەتوانێت ڤیتۆیەکەی سەرۆک لەسەر بڕیارەکە ڕەت بکاتەوە.

– دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە داوا لە کۆنگرێس بکات دانیشتن بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەی نیە کار لە دانیشتنەکانی بکات یان ڕایان بگرێت، ھەروەھا دەسەڵاتی ئەوەی نیە کۆنگرێس ھەڵبوەشینێتەوە.

– دەسەڵاتی ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی ھەیە لەگەڵ ووڵاتان، ئەنجومەنی پیران تەنیا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامەکانی دەتوانێت دەستکاری ئەو ڕێکەوتنانە بکات یان ڕەتیان بکاتەوە.

– لە دەسەڵاتی سەرۆکدایە دادوەرە فیدرالیەکان کە گرنگترینیان دادوەرەکانی دادگای باڵان دەستنیشان بکات، دەبێت ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی سادە کە دەکاتە نیوە کۆ یەکی دەنگەکان ڕەزامەندیان لەسەر بدات دوای ئەوە سەرۆک دەسەڵاتی دامەزراندنی ئەو دادوەرانەی دەبێت.

– سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانی تەنفیزی ھەیەExecutive.Ordersکە ھێزی یاسای ھەیە، مەبەستی ئەم فەرمانانە ڕێکخستنی کاری دەزگا حکومیەکانە، دادگا دەتوانێت کارکردن بەم  فەرمانانە ڕابگرێت ئەگەر لەگەڵ دەستور یەک نەگرنەوە، لە مێژووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرۆک فرانکلین ڕۆزڤڵت زۆرترین ژمارە لەو فەرمانانەی دەرکردوە کە ٣٥٢٢ فەرمان بوون، ئەو لە ماوەی جەنگی جیھانی دووەم سەرۆکی ئەمەریکا بووە، بۆ زانیاریتان تاوەکو ئێستا دۆناڵد تڕەمپ ١٨٩ فەرمانی لەم شێوەیەی دەرکردووە.

– دەسەڵاتی دروست کردنی کابینەی حکومەت و دەستنیشان کردنی کەسەکانی ھەیە بۆ پۆستە باڵاکان بە ھەموو پۆستە مەدەنی و سەربازیەکانەوە، دیسان دەبێت ئەنجومەنی پیران ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی یەکە بە یەکەیان بدات بەزۆرینەی سادەی دەنگ.

– سەرۆک دەسەڵاتی دەرکرنی لێبوردنی ھەیە بۆ تۆمەتباران بە تاوانە فیدرالیەکان، واتە ئەو تاوانبارانە ناگرێتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتی ویلایەتەکان تۆماتبارکراون.

– ھەروەھا وەکو سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، سەرۆکی ئەمەریکا بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەت و پەیوەندیەکانی دەرەوە و بەشداری کردن لە کۆنگرە و کۆبوونەوە جیھانیەکان و ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ ووڵاتان.

– سەرۆکی ئەمەریکا ھەندێک دەسەڵاتی تری ھەیە کە بە دەسەڵاتەکانی باری نائاسایی ناودەبرێنEmergency.powers، بەلام لە ساڵی ١٩٧٦ ئەم دەسەڵاتانە لەلایەن کۆنگرێس سنووردار کراون، سەرۆک تەنیا بە ڕەزامەندی کۆنگرێس دەتوانێت بەکاریان بھێنێت، چونکە بەبێ ڕەزامەندی ئەوان دادگای باڵا دەتوانێت ئەو دەسەڵاتانە بە نا دەستوری لە قەڵەم بدات و ڕەتیان بکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.