ستاندەر
لێپرسراوی ئەکادیمیای کادرانی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا هۆشداریدەداتە كادیران و لێپرسراوانی یەكێتی لەكاتی رووداوە جۆراوجۆرەكان پێویستە چاوەروانی هەڵوێستی ئۆرگانە باڵاكانی حیزب بن و تاك لایەنانە هەڵوێست نەنوێنن.
دەقی پەیامەكەی بێستون سابوراوایی، لێپرسراوی ئەکادیمیای کادرانی یەكێتی كە لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە بخوێنەوە:
هەڤاڵان و کادران و لێپرسراوانی ئازیزی یەکێتی
دوای سڵاو و حورمەت
بەپێی زنجیرەی ئوسوڵی و پەسەندی حیزبایەتی ، دەبێت چاوەڕوانی هەڵوێستی رەسمی سەرۆکایەتی حیزبەکەمان بین کە سەبارەت بە هەموو ڕووداوە جۆراوجۆرەکان ، خۆماڵی بن یان هیتر، ڕادەگەیەنرێن و بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندیدار دەبن بە لایەنێکی ژیانی میللەتەکەمان و ئەوەی لە ئۆرگانە باڵاکانەوە ڕادەگەیەنرێت ڕای هەموو کادران و لێپرسراوانی یەکێتیە .
ئیتر پێویست ناکات هەرکەسێکمان لای خۆیەوە سەبارەت بە ڕووداوەکان یان بۆنەکانی شین و شادی ( بەتایبەت ئەوانەی کە لێکدانەوەی جیاواز و هەستیار لەخۆ دەگرن )هەڵوێست دەربڕێت یان ڕاگەیاندنی هەبێت لە سۆشیالمیدیاکان یان ماسمیدیادا ، جا ئەوە بە پۆزەتیڤ بێت یان نێگەتیڤ..
ئەوەش سادەترین پرەنسیپی دیسپلینی حیزبیە کە دەبێت کادرانی بوارە جیاجیاکانی یەکێتی ڕەچاوی بکەن…
لەگەڵ ڕێزدا
بێستون سابوراوایی
لێپرسراوی ئەکادیمیای کادران