پەخشانە وتارێک بۆ کۆچی قادری حاجی عەلی “خەونەکانمان مەکوژن “

لەلایەن ستاندار Posted on 470 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

دوێنێ خەونمان بە گۆڕانکاری و کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازیەکانەوە ئەبینی و هیواکانمان لەسەر قادرەکان هەڵچنی بوو ، ئاخر ئەمە چی پەیمانێکە لالۆ بە ئێمەت دابوو ؟ ئەی بڕیار نەبوو وەک کەشتیەکەی نوح هەموومان لەدەوری خۆت ،بەڵام بە ئاوازێکی نوێ و بە ورەیەکی قایمتر لە پۆڵا کۆبکەیتەوە؟.

کەچی ئەمڕۆ جێمان دێڵی و رادەستی قەدەرێکی نادیارو تونێلێکی تاریکمان ئەکەیت، ئاخر ئەمە چی زەمەنێکە لالۆ لەنێوان دوێنێی خەون و هیواوە ، ئەمڕۆیەکی سەراپا خەممان پێشکەش بکەی.

ئاخ لالۆ تۆ ئەزانی ئێستا لەهەموو کات زیاتر بیری کاکە حەمە دەکەین کاتێک ئەیوت (مەڕۆ مەڕۆ بابە مەڕۆ بۆ جێمان دێڵی ،تاکەی ژیان بەرینەسەر هەرو بە وێڵی)، ئاخر تۆ بەم ڕۆیشتنەت گەلێکت بێ ئومێدو نیشتمانێکت رەش پۆش کرد.

دەلالۆ دەلالۆ بەس ئەمجارە تۆ هەستەوە قەتماخەی برینەکەی کاکە نەوە مەکولێنەوە،خۆت و هەر خۆت جاڕێ بەسەر مەملەکەتی بێ هیواکان بدەو بروسکەیەک بۆ عوسمانەکەی گەرمیان بنێرەو مژدەی هەڵسانەوە بچرپێنە بەگوێی هاوڕێکانتا، ئەو هاوڕێیانەی کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ شۆڕشێکی نوێ ی دژە گەندەڵی.

ئەمە چی مەرگێکە ئەی مەرگ؟ تۆ ئەزانی ئەم جارەیان لەبری کوشتنی کەسێک ، دەریایەک لەخۆشەویستی ، دارستانێک لەدار بەڕو ، دونیایەک لە هیوا ، ئاسمانێک لە دەنگی ناڕازی ، هەر هەمویت پێکەوە کوشت. هۆ کاکی کاکان دڵنیابە ئێستا هیواکان لەئەنگوستە چاوی تولە ڕێگاکاندا بەدوای قارەمانێتی و بیری یەکسانی و ئازادیخوازیتدا هاوسەفەری هەمان رێگاتن.

تۆ رۆیشتی بەڵام کاروانی هەڵسانەوەو خۆ رێکخستنەوەی دڵسۆزانی بەرەی ریفۆڕمخوازان بۆ باشکردنی ژیانی هاووڵاتیان و وەستانەوە دژی گەندەڵکاران و بێدادی بەشوێن پێیەکانی تۆدا ڕێگا ئەبڕن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.