ستاندەر
لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بەشە بودجەی هەرێم، لەراپۆرتێكدا دەنگی ئەمریكا ئاشكرای كردووە “وەفدی هەرێم دەیەوێت 320 ملیار وەربگرێت، پشکی هەرێمیش لە بودجەی 2021 دا دیاری بکرێت، بەڵام بەغدا ڕەتیکردووەتەوە، بێ ڕێککەوتن، پارە بدات، بەو پێیەی پەرلەمانی عێراق بە یاسا ڕێگری لێکردووە.”
بە وتەی سەرچاوەکە، وەفدی هەرێم نەرمی زۆری نواندووە، بەغداش بەگومانە لەوەی کە هەرێم دوای هەر ڕێککەوتنێک، پاساو بۆ پابەند نەبوون بە ڕێککەوتن دەدۆزێتەوە.
دەنگی ئەمریكا ئەوەشی وتوە بۆچوونێک لای بەرپرسانی هەرێم هەیە، کە لە بودجەی 2021 دا پشکی هەرێم دیاری بکرێت، مانگانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لێ ببڕێت و چی ماوە پێیبدرێت، یاخود هەرێم لەبری ڕادەستکردنی نەوت، مانگانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە عێراق.
سەرچاوەکە ئەوەشی وتوە”بەغدا پارەی ناوێت، نەوتی دەوێت ڕادەستی بکرێت، چونکە عێراق بەراورد بەهەرێم نەوت گرانتر دەفرۆشێت، ئینجا تێچووی نەوتی هەرێم گرانترە لە تێچووی نەوتی عێراق، هەرێمیش ئامادە نیە نەوت بدات.”
جێی باسە سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆكانی چونی وەفدی هەرێم و كۆبونەوەیان لەگەل بەرپرسانی باڵای عێراق بەنێوەندگیری سەرۆك كۆمار بەڵام تا ئێستا ئاسۆی رێكەوتن نا ڕوونە.