لەخواستی قەومییەوە بۆ خواستی موچە

لەلایەن ستاندار Posted on 321 جار بینراوە
سەرتیپ جەوهەر
هۆكاری سەرەكی خراپی باری ئابوریی هەرێم، هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناو ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵكو لەبنەڕەتدا نەمانی شەراكەت و سازانی نیشتیمانیی و بەیەكەوە بڕیاردانی لایەنە سەرەكییەكانە. دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی جومگەكانی حكومڕانیی و بەرتەسككردنەوەی روبەری جموجۆڵ و بەشداری لایەنە سیاسییەكان لەحكومەت و حكومڕانیی هەرێم.
ئەم سیاسەتەی حكومڕانی لەهەرێم تەنها زیانی لەناوخۆی هەرێم نەبووە كە ماوەی نزیكەی 8 قەیرانی بە قەیران سپاردووە، بەڵكو لێكەوتەكەی گەیشتۆتە بەغدا. ئێستا بەغدا نەك هاوكاری هەرێم نییە بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەگرفتەكانی، بەڵكو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی شیعەو سوننە، گرەوی سەركەوتنی خۆیان لەهەڵبژاردنی داهاتوو بەستۆتەوە بە رێگریكردن لە ناردنی پارەو بودجە بۆ هەرێمی كوردستان.
رۆژ دوای رۆژ ئاستەنگ و گرفتەكانی ناردنی پارە لەبەغداوە زیاتر دەبێت، بەشێكی پەیوەندی بەنەبوونی پارەو خراپی ئابوریی عیراقەوە هەیە كە حكومەتی بەغدا بەدوای بیانوو دەگەڕێت، بەڵام بەشەكەی دیكەی پەیوەندی بە مامەڵەی هەرێمەوە هەبووە لەماوەی نزیكەی 15 ساڵی رابردوو، رۆژ دوای رۆژ بەهۆی عینادیی و تێنەگەیشتن لەواقعی عیراق و ئەگەرەكانی داهاتوو، هەم خواستی كوردو هەمیش ئامادەیی عیراق بۆ رێككەوتن لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم زۆر لەكورتیداوە.
ئەگەر هەرێم بەر لە 14 ساڵ بەتایبەت لە 2007 رێككەوتن لەسەر قانونی نەوت بكرایەو هەرێم رازیبوایە، ئەوا بەدڵنیاییەوە زۆر زیاتری لەئێستا دەستدەكەوت و كەسیش لەبەغدا نەیدەتوانی قسەیەك بكات. چونكە رێككەوتنەكە دەچووە ناو رەشنوسی قانونی نەوتی عیراق و هەرێم لەو بێنەوبەردەیە رزگاریی دەبوو.
لە 1947 كاتێك ئیسرائیلییەكان كەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ فەلەستینیەكان، ئامادەبوون 10 ئەوەندەی ئێستا بەدەست فەلەستینیەكانەوەیە بیدەن فەلەستینیەكان، بەڵام عەرەب زۆر ناواقعیانە مامەڵەیان كردو وایانزانی ئەگەر 22 دەوڵەت بوون واتە نابێت بەهەموو شتێك قایل بن. لەدانوستانەكانی 1973 و دواتر 1979 ..تد قۆناغ قۆناغ ئەوەی فەلەستینیەكان داوایاندەكردو ئەوەی ئیسرائیل ئامادەبوو بۆیان جێبەجێبكات لەكورتی دەدا، رۆژ هات و رۆیشت، ئێستا فەلەستینیەكان وەك ئەوەی پەنابەر بن لەسوچێكی ئەو خاكەی كە بەهی خۆیان دەزانن كۆكراونەتەوەو نەژیانیان هەیەو نە ئایندە!! هەموو ئەوانەی پێشتر شمشێریان تیژبوو فەلەستینیەكانیان بەكاردەهێنا، یەك یەك پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی كردۆتەوەو ئێستا پرسی فەلەستین لەمیدیاكانیش وەك پێویست باسناكرێت.
دەتوانین بڵێین رێك هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوە. جاران سەقفی داواكاریی و خواستی هەرێم لەبەغدا بەرزبوو، باسی بودجەی ساڵانەو پارە نەدەكرا، بەڵكو هەرێم وەك دەوڵەتێكی كۆنفدراڵ مامەڵەی لەگەڵ بەغدا دەكرد، بەڵام ئێستا زۆرمان لەكورتیداوە، خواستی هەرێم لەخەونی قەومییەوە دابەزیوە بۆ گفتوگۆ لەپێناو ناردنی تەنها بڕێك پارە بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.