لە چیرۆکێکی کۆمیدی عەزیز نەسینەوە بۆ حەقیقەتی کۆمەڵگایەک

لەلایەن ستاندار Posted on 529 جار بینراوە

ئالان قارەمان شێخبزێنی

بێگومان هەموو مرۆڤێکی تەندروست، ئەگەر بۆ جارێکیش بێت، بیری کردۆتەوە کە دوور بڕوات، دوورکەوێتەوە لە ئاپۆڕا و هاوار و قیژە، خەڵک و ژاوەژاو، ڕاکەڕاک و فسکەفسک، ئیدی ئەگەر بشێ تەنیا لەگەڵ سرووشتا بە هێمنی بنیشێ و لەگەڵ خۆیا بدووێت، جار جار لەبەر خۆیەوە قاقایەک بۆ دڵە هەرگیز نەخەنیوەکەی خۆی و ڕوومەتە مڕومۆچەکەی و نێوچەوانە دووپەنجەییە پڕ لە ئازارەکانی لێبدات، ئەگەر بگونجێ تفێکی دوور بۆ ئەم ڕاکەڕاک و سترێس و شێتییەی مرۆڤەکانی چواردەوری بهاوێت، بەڵام ئاخر بێ ئەوەی کەس بپرسێت: ئەوە شێت بوویت؟! لە خۆتەوە پێدەکەنیت؟! لە خۆتەوە تف دەهاویت؟! وە نەشزانێت دەروونت چەندە شڵەژاوە و نازانیت بە چی خاڵی بکەیتەوە. عەزیز نەسینی مەزن، ماندووبووم تا چیرۆکە بە چێژە پڕ لە مانا بەنرخەکەیم دۆزیەوە، کە نموونەیەکە لە هەزارەها لەو کورتە چیرۆکانەی دیکەی کە خۆیان بۆ خۆیان شۆڕشێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی مرۆڤێکن بە سادەترین شێوەزار و نووسینی کۆمیدی.

ئەم چیرۆکەش کە دەیخەمە بەرچاو بە ناونیشانی ” ئەو شێتەی هەڵاتووە ” عەزیز نەسین بەخامەی ڕەنگینی نووسیویەتی: سەرەتای چیرۆکەکە بە ئاگادارکردنەوە و شڵەژانی شارێک دەستپێدەکات بەو هەواڵەی شێتێک لە شێتخانەی شار هەڵاتووە، کارەکتەری سەرەکی ڕادەبێت لەو گۆڕەپانەی لێی ڕاوەستاوە و هەواڵەکەی بە بەرگوێ کەوتووە بە گوێبیستنی کەسێک کە لە نزیکییەوە دەفسکێنێت: هاها، تەماشای عاقڵان بکە، هەزار خۆزگە بە شێت، چۆن ڕادەکەن و سوار ملی یەکتربوونە.

ئەمەش ئەبێتە سەرەتای چیرۆک و کارەکتەر لەگەڵ نەناسراودا دەست دەکات بە گووزەرەکەی بە نێو شاردا و کابرای نەناسراو چەندین نوکتە و بەسەرهاتی بەچێژ لەسەر زمانە ڕەوانەکەیەوە بۆ کارەکتەری سەرەکی دەگێڕێتەوە، کە یەکەمین نوکتەی دەبێتە: جارێکیان عاقڵێک لە شێتێک دەپرسێت ”ئەو ژوورە چەند شێتی تێدایە؟!” ئەویش وەڵامی دەداتەوە ”تۆ جارێ پێم بڵێ دەرەوە چەند عاقڵی تێدایە؟!” کە ئەمە یەکەمین نوکتەی جێگای گرین و بەدبەختی سەفەرەکەیە، گەشتەکە بەنێو مرۆڤانی بەنێو عاقڵی شاردا بەردەوام دەبێت و لەم ڕێڕەوەشیاندا هەزاران دیمەنی سەیر و سەمەرە کە مرۆڤانی عاقڵ و هۆشمەند پێی هەڵدەستن کەسە نەناسراوەکە بۆ کارەکتەری سەرەکی دەستنیشان دەکات کە تۆش ئەگەر لەنزیکەوە دیدەنییان بکەیت و کەمێک هەڵوێستەیان بکەیت قاقای خەمناکیان بەدیارەوە لێدەدەیت، لەوێنەی: کەسێک لە ڕێگادا بەتەنها دەڕوات و لەبەر خۆیەوە جنێو دەدات ”بە ناحەزەکەی حەتمەن”، یان هەمیشە بە پەنجەکانی خەریکی ژماردن و (حیسابات)ە و بیری لەلای گیرفانی بەولاوە بە هیچی ترا ناشکێت، یان ژن و پیاوێک لەناوەڕاستی شەقامدا شەڕدەکەن و کەرامەتی یەکدی لە پێش چاوی ئەوانیتر دەشکێنن لەبەر هۆکارانێکی بچووک، کچێک بەبەرگێکی نیمچەڕووتەوە جانتا دەکێشێت بە سەری ئەو کوڕانەی بەدوای کەوتوونە و بە شێت و شوور ناوزەندیان دەکات، وەک ئەوەی خۆی بلیمەت بێت و تاوان لە ملی ئەمدا نەبێت، یاخود دوو هاوڕێ بەیەکەوە بەدیار بەقاڵێکەوە ڕاوەستاون و یەکێکیان دەڵێت: ئەمانە قۆڵبڕن، قۆڵبڕ، هەر کە پرسیت پڕتەقاڵ بە چەندە؟ وتی بە ٣٠ قڕووش، ئیدی مەپرسە و هەر لەسەر ئەو پردەوە فڕێی بدە خوارەوە، یان کە پرسیت نرخی کەرەوەز بە چەندە وتی بە ١٠ قڕووش یەکسەر بە دەمیدا بکێشە، ئەویتریشیان بە بێ ئەوەی ئاگای لەم بێت، هەر جار جار لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئێ کاکە ڕاستە وەڵا، کشتوکاڵ گرنگە، کشتوکاڵ سەرمایەیە، کشتوکاڵ داهاتە…هتد هەزارانی تر لە دیمەنی زۆر سەیروسەمەرەی کۆمەڵگا کە هەریەکێک تۆزێک لێیان وردبێتەوە بە بزەیەک ناتوانێت دابمرکێتەوە و قاقا لێدەدات، لە هەر دیمەنێکیشدا کارەکتەری سەرەکی دەیەوێت تەلەفۆنێک بۆ پۆلیس بکات و دڵنیایان بکاتەوە ئەم کەسەی وا لەبەرچاویەتی شێتە هەڵهاتووەکەیە تا کابرای نەناس شێتی ئەمیش هەڵدەجنێت و پێی دەڵێت: وازبهێنە، تۆش لەوان عاقڵ تر نیت، کە سەرت نایەشێت، پەڕۆی چی پێوە دەئاڵێنیت!!

لەم سەروبەندەیا پۆلیس قۆڵی لابرای نەناسراو دەگرن و بێشەرمانە پێی هەڵدەشاخن: هەی شێتە، بەنیازیت تا کوێ لەدەستمان ڕابکەیت” ئیدی کاتی ماڵئاوایی کۆتایی گەشت دێت و بە خەمێکی کارەکتەری سەرەکی کۆتایی دێت کە ئەویش ئەوەیە ئەگەر لەپێناوی ماڵ و منداڵ و خێزانیدا نەبێت، کاشکێ ئەمیش بچووایە بۆ خانەی شێتان لەگەڵیدا، چوونکە وادیارە بێجگە لەوێ عاقڵ لە هیچ شوێنێکی تر دەستناکەوێت. لەم سەرگوزەشتەیەدا تێدەگەین کە ئێمە خاوەنی چ دەروونێکی شڵەژاو و نەخۆشین، چەندە وابەستەین بەو بابەتە بێنرخانەی ژیانمان نائاسوودە و ڕۆحمان وردوخاش دەکات، وە لەسایەی پێشکەوتنی ماددی و زانست و ئینتەرنێت و هۆکارەکانی گواستنەوە و گەیاندن…هتد مرۆڤ چ کائینێکی شێتی لێ دەرچووە کە قین و توڕەیی هەمیشەیی; سووتاندن و تاڵانی; جنێو و شێتانە ڕەفتارکردن و ڕۆیشتن و بیرکردنەوە لە هەر کایەیەکدا لە هەر پیشە و نوخبە و ئاستێکدابێت شیاوترین بەڵگەن، لە کۆتاییدا خۆزگە دەخوازین بەو شێتەی ساتێک لە ئارامیدا بەسەردەبات و بەبێ ئەوەی بیرکردنەوەی بە بابەتی بێ نرخەوە بێ هودە خەریک بکات و مێشکی لەپێناویاندا هیلاک بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.