پولەکەی هەرێم وهاتنی پاپا، ترس یا بیانوگرتنی تورکیا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 570 جار بینراوە

 پێشڕەو بابەشێخ

تا ئێستا ئەگەر پێمان وابوبێت تورکیا میراتگری دەوڵەتی عوسمانیە و دەیەوێت هەمان خەونی دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی عوسمانی وەدی بێنێ یا زیندویان بکاتەوە ئەوا بۆ کوردو کێشەی کورد جیاوازتر و سەرسەختتر لەهەوڵی زیندوکردنەوەی خەونی داگیرکردن و چەوساندنەوە و سەرکوتکردن بوە و دەبێت.

مەسەلەی پولەکە و هاتنی پاپا نەک هەر ئەم بیرکردنەوەی چەسپاند، بەڵکوو قوڵتری کردەوە . بەباوەڕی من دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا لە دوو بابەتی فرە ڕەهەند نیگەرانە و یەکیانی کردۆتە بیانوی دەربڕین :

یەکەم / هاتنی پاپا بۆ عێراق و کوردستان و کاریگەری و کاردانەوەکانی سەردانەکە و کۆبونەوەکانی لەگەڵ گەورە مەرجەعی شیعەکان و سەردانی ناوچەی موسڵ و ناوچە شوێنەواریەکانی سوننەکان و کۆنەبونەوە لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراو وەک سوننە کە لە بنەڕەتیشدا مەرجەعێک و کۆکەرەوەیەک بونی نیە بۆ کۆبونەوە .

دووەم / مەسەلەی پول و نەخشەیەکی کوردستان لەسەر پولەکان کە بە شێوەیەکی ڕەسمی لەلایەن وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمەوە دروستکراوە . ئەمەش بۆخۆی جگە جۆرێک لە فەرمی بونی نەخشەیەک کە وەزارەتێک دروستی کردوە ئەوەندەی تر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە کاتێکی دیاری کراوی وەک سەردانێکی پاپا فڕەنسیس دروستکراوە و لەهەمان کات و بۆ هەمان مەبەست خراوەتە ڕوو . نیگەرانیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاڵی یەکەم وەک دەوڵەتێکی موسڵمان و حوکمداریکردنی ئێستای ئاکەپە و بیری ئەردۆغانیانە و حزبێکی ئیسلامی حوکمڕان چەند پەیوەندی بەدژایەتی کردنی مەسەلەی کوردو شیعەگەرایی هەیە ئەوەندەش پەیوەندی بە ڕاکێشانی سۆزوعەتفی ئاینی وەک موسڵمان و عەتفی سوننە وەک مەزهەب هەیە، بەشێوەیەکی شاراوەو ناڕاستەوخۆ بۆ خۆ بە برا گەورە زانین و بە مەرجەع زانین لەلایەن حکومەتەکەی ئاکەپەوە.

بەهەمان شێوە نیگەرانی لە خاڵی دووەم و لە نیگەرانی پول و نەخشەی کوردستان جگە لە دژایەتی گەلی کورد، کە ئەمە بیرکردنەوە و بیری ئەسڵی دەوڵەتی تورکیاو بیری ئۆردۆغانیانە و بیری ناسیۆنالیزمی تورک و زیندوهێشتنەوەی بیری ئەتاتورکیە لەلایەک، ڕاکێشانی سەرنج و بە ئاگا هێنانەوەی وڵاتانی تری داگیرکەری کوردستان و بیری ناسیۆنالیزمی و شۆڤێنی عەرەبیە لەلایەکی تر و دروستکردنی کۆدەنگیەکی بەردەوامە بۆ دژایەتی کردنی کورد و سەرکوتکردنی بەردەوام و وەهم دروستکردن . ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرنجە کە لە هەمان کات دەبێت بە بەڵگەی بەهێز کە دەوڵەتی تورکیا تەنها میراتگرێکی دەوڵەتی عوسمانی نیە بەڵک و بیری دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی عوسمانی بۆ ژێردەستەیی و ژێردەستەکردنی نەتەوە بێ دەسەڵاتەکانی تێپەڕاندوە، چونکە لە سەردەمی حوکمڕانی بەشێک لە سوڵتانەکانی عوسمانی، میرنشینەکانی کورد لە نێوانیان میرنشینەکانی ( سۆران ، بۆتان) ڕێگەیان بەخۆیان داوە نەک پول دروستبکەن و سەربەخۆیانە مامەڵەبکەن بەڵکو ئازایەتی لێدانی سکە (دراو) یان هەبوە.

بەراوردکاری سەردەم و قۆناغەکان و شێوازی حوکمڕانی و ژێر دەستەیی تەواوەتی ئەوسای کورد بۆ دەوڵەتی عوسمانی و هەرێمێکی سەربە عێراق و جیا لە تورکیای ئێستا، زۆر جیاوازو تایبەتترە بەتایبەت ئەگەر سەیری نفوز و دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکان لەناوچەکە بکەین و بابەتی ماف و ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەنوسی گەلان و ئەو پێشکەوتنە ژیاریەی ئێستا لە بواری گەیاندن و تەکنەلۆجیاو بیری نوێی دوور لەبیری کۆنە پەرستی و کۆتایی هاتنی سەردەمی داگیرکاری و بەسەرچونی ئیمڕاتۆریەتەکان بەراوردبکەین، ئەواجێگای سەرسوڕمانە بەم هەموو جیاوازیانەی ئێستاوڕابردوو کەچی ئێستا دەوڵەتی تورک هەر بەوە ناوەستێ سنور ببەزێنێ، هەر بەوە نەوەستاوە ببێ بە هاوبەش لە بواری نەوت و داهاتی نەوتی و دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەردان و بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی تەنانەت ناهێڵێت پولێکی مامەڵەش کە نەخشەیەکی کوردستانی لەسەرە لە هەرێم بەکاربێت و کاری پێ بکرێت . ئێستا ئەگەر تێکشکانەکەی گارا و هاتنەکەی پاپا و دیداری شیعەو نەخشەکەی سەر پولەکە ئازار بن بە جەستەی دەوڵەتی تورکیا و ئاکپارتی، بەڵام ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ئێمە گەیشتوین بە یەقین، کە حکومەتی ئاکپارتی هەردەم دژ بە نەتەوە و خاک و نیشتمانی کوردان لە بۆسەدان و ناتوانن هیچ کات وەک دۆست و دراوسێ و فریادڕەس سەیر بکرێن .

ئایا ئەگەر ناتوانین سکە (دراو) لێبدەین ؟ ناشتوانین پارێزگاری لە پولێکی نەخشەداری کوردستان بکەین ؟ ئەوەی گرنگە ئایا لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی ئێستای تورکیا دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و حوکمڕانی ئەم هەرێمە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئازایەتی و کوردایەتی و نیشتمان پەروەری سەردەمی میرنشینەکان یاخود وەک هەمیشە تەسلیم بە بێ ئیرادەیی دەبێت و لەژێر لێدوان و هەڕەشەی میدیایی تورکیا لە پول دەرکردن و نەخشەی کوردستان پاشگەز دەبنەوە و دەستبەرداری بیری سەربەخۆیی و تەنانەت دەستبەرداری (خەونەبەقسەی) ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیش دەبێت، یاخود لە بیانوی تورکیابۆ هاتنی پاپاو ئازارەکانی دەوڵەتی تورکیا تێدەگەین و بەردەوام لە ترس و دڵە ڕاوکێ دەیهێڵینەوە یا ترسەکەی دەڕەوێنینەوە . کە ئومێدەوارین پولەکەی هەرێم نیگەرانی کوردان بڕەوێنێتەوە و تورکیا نوقمی نیگەرانی بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.