خواروخێچی زۆرم لە گێڕانەوەکان بۆ ڕاپەڕین بیست و خوێندەوە ، بۆیە وەجواب هاتم

لەلایەن ستاندار Posted on 545 جار بینراوە

مەهدی كاوانی

 ‏NRT وەک کەنالێکی بێلایەن قسەوباسێکی زۆرو هەمەلایەنانەی لە سەر ڕاپەڕین وڕوژاندو تیایدا کەسە بێلایەنەکان و کەسە حیزبیە جوداکانیشی هەندەک دواند ئەو بابەتەی من شوێنی وردو درشتی هەمووی تیا نابێتەوە ، بەڵام خۆ دەشکرێ تیشک بخرێتە سەر هەندێکی و بەراورد بکرێ لە گەڵ لێدوانی کەنالە حیزبیەکان لە سەر ڕاپەڕین .

بە گوێرەی باس کردنەکەیNRT بەشی هەرە زۆری پارتە سیاسیە کوردیە گیر خواردوەکان لە ئێران تا ئەو کاتانەش کە سوپای عیراقی لە کوێت بوو و هێشتا هێزەکانی ئەمەریکی و هاوپەیمانان بۆی نەکەوتبوونە سەر خەت ، سەرانی کورد هی زۆربەی پارتە سیاسیەکان بە یەکیەتی و پارتیش بە ڕاستەو خۆ یان پەیوەندی کردن بە ڕێکخراوی ئازادی خوازی فەلەستین . یان دەرکردنی بەیاننامە بە ناوی بەرەی کوردستانی کە ئێمە ، تا عیراق لە گەڵ کوێت لە شەڕ دابێ ، هیچ جموجۆلەکی چەکداری لە دژی ڕژێمی سەدام حوسێن ئەنجام نادەین ، کەچی لە گەڵ ئەوەشەوە سەدام هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نەدانەوە .

کاتێکیش کە چەکوچی ئەمەریکیەکان نەک هەر تەنیا سەدامی لە کوێت دەرکرد بەلکو ڕاپەڕینی باشوور، پارێزگاکانی خواروی عیراقیان ئازاد کردبوو و زۆر لە گەڕەکەکانی بەغداشیان کۆنتڕۆل کردبوو . ئینجا کوردو بەرەی کوردستانی هاتنە سەر خەت و بە دوایەوە بەرنامەی ڕاپەڕینیان داڕشت . هێزە سەرەکیەکانی بەرەی کوردستانیش یەکیەتی و شوعی و پارتی و و سوسیالیست و زەحمەتکێشان و پاسۆک ….. بوون .

وەک NRT باسی لێوە کرد ، کاتێ کە بەرەی کوردستانی دروست بوو ، بەڕێز مەسعود بارزانی کرا بەسەرۆکی ناوخۆو بەڕێز مام جەلالیش کرا بە بەرپرسی دەرەوەو ئەو کات مام جەلال وابزانم لە دیمەشق بوو زۆریش دڵنیا نیم کە لەوێ بوو یان پاشان لە ڕێگەی دیمەشقەوە بە خەتی ئیبراهیم خەلیل خۆی گەیاندە کوردستان . جێگرەوەی مام جەلالیش بۆ یەکیەتی کاک نەوشێروان بوو کە تا کۆمەلەش حەل کرا ئەو بەڕێزە سکرتێری گەورەترین و دەستڕۆیشتو ترین پارتی کوردی بوو کە دەکاتە ڕێكخراوى کۆمەلەی ڕەنجدەرانی کوردستان .

دەبێ ئەوەش بڵێن ڕاپەڕین بە ۱٥ ڕۆژ کاری خۆی کردبوو و تەوای کوردستان بە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیش کەوتبونە ژێر دەسەلاتی کوردەوە ، بەڵی تا ئەو کاتی بەڕێز مام جەلال لە دیمەشق بوو . خۆ لە ڕێگای ، زۆر لە کەسە قسەکەرەکانیNRT ، نەیان شاردەوە کە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاپەڕین لە پێش هەمووان بوو و کەسە یەکەمەکەی بەڕێز کاک نەوشێروان ، موهەندیسی داڕشتنی بەرنامەی ڕاپەڕین بوو و نەخشە ڕێگایەکەش نەک هەر تەنیا توانی هەموو کارەکانی خۆی بە سەرکەوتوانە ڕاپەڕێنی بەلکو ئامادەباشی جەماوەر پێش ئەو نەخشە ڕێگایەش کەوت بە دەلیلی :

۱- بڕیار وابوو هێزی پێشمەرگە لە ۷ مانگەوە هێرشەکانیان دەست پێ بکەن و یەکەم خالیشیان ناوچەی پشدەرو بێتوین بوو واتە ڕانیەو قەلادزە کە چی خەلکی ئەو ناوچانەو بە سەرکردایەتی شەهید عەلی نەبی و دەستەیەک لە خزمە کانی و دۆستانی له پێنجى مانگەوه ، توانیان بە یارمەتی خەلکی ڕاپەڕیو و چەکدارانی ڕژێم تەواوی ڕانیەو قەلادزێ کۆنتڕۆل کەن . ڕاستە شەهید عەلی نەبی سەر بە ڕێکخستنەکانی یەکیەتی بوو و نامەی پێشتری کاک نەوشێروانیشی بۆ هاتبوو کە خۆی بۆ ڕاپەڕین سازبدا ، بەڵام ئەو کاتی لە بەر هەر هۆکارێکەوە بێت خۆی لە ناو چەکدارەکانی ڕژێم دیتبۆوە .

۲- بە تەواوەتی ئاگام لە سولێمانی و تەواوی شارو شارۆچکەکانی نەبوو بەڵام دەزانم شەوی پێش ئازاد کردنی هەولێر کۆسرەت ڕەسول و شەهید تەحسین کاوانی و ژمارەیەکی کەم لەو پێشمەرگانەی لە گەڵیان بوون لە ماڵی رفعەت کاوانی خۆیان حەشار دابوو بە مەبەستی سازدانی ڕاپەڕین لە هەولێرو شارو شارۆچکەکانی .

کە بەیانیەکەش بووەوە یەکەم جار کاوەنیان و لە لایەن خەلکەکەیان کە شەهید مام داراو شەهید وەستا فەتاح و واحید مام وسو کاوانی و بەختیار حاجی جەمیل و تەواوی گەنجانی کاوەنیان كە ئەو کات دەتوانم بڵێم بەشی هەرە زۆری کاوەنیەکان فیراری عەسکەری بوون و بە جۆرەک لە جۆرەکان خۆیان پڕ چەک کردبوو . شەهید تەحسين کاوانی کە ڕابەرایەتی خەلکی ڕاپەڕینی شەقلاوەو کاوەنیانی دەکرد لە گەڵ مامۆستا فەرهادو ئازاد و شێرزادی برای و شەهید کارزان و چەند پێشمەگەی تر لە دیوی ئێران هاتبوون ، ژمارەکەم بۆ حیساب نەکرا بەڵام بە هەموویان لە ٢٠ پێشمەرگەیان تێپەڕ نەدەکرد، بەوانەى له گەل كۆسرەتيش بوون . ئەگینا ئەوانی تر هەر هەموانیان خەلکی بەرگری ناوخۆ بوون . کە کاوەنیانیش کۆنتڕۆل کرا دەزگای ئەمن و ئیستخبارات لە تەواوی شەقلاوەو شوێنەکانی سەرەوەی شەقلاوە نەک بە تەواوەتی ورەیان بەردا بەلکو ڕێگای هەڵاتنیشیان لێ گیرا .

ئەو قەسابخانەیەی کە بۆ فاشستەکانیش لەو دەڤەرە کرا بەشە هەرە زۆرەکەی لە کاوەنیان بوو . پێم وا نەبوو لە کاوەنیان بەولاوە لە شەقلاوەوە تا دەگاتە حاجی ئۆمەران مقاوەمەیەکی ئەو تۆی ڕژێم کرابێ . هی کاوەنیانیش بەرگری کردن نەبوو بەلکو ڕێگای هەڵاتن بوو لێیان گیرا بوو و بە تەقەی کاوەنیەکان پێم وا نەبوو کەسیان لێ دەرچووبێ . ئەوانەی چەنسی ڕزگار بوونیان بەر کەوت تا دەگاتە حاجی ئۆمەران ، لە دەرەوەی خەتی کاوەنیان ، خۆیان ڕزگار کرد .

مودیر ئەمنی شەقلاوە چەند ڕۆژ پێش دەستپێکردنی ڕاپەڕین کۆبوونەوەی بە پیاوانی خۆی کرد بووو لە سیاقی قسە کردنەکانی گوتبووی ئاگاتان لەو گوندە واتە کاوەنیان بێت خەتەرن ، هەروەها گۆتبووشی من ئەگەر لەو گوندە نەکوژرێم بە سەلامەتی دەردەچم ، فعلەن لە کاوەنیان کوژرا . خەلکی کاوەنیان دوور لە تەوەقوعات گوندەکەی خۆیان کە دەکاتە شادەماری ڕێگای هاملتۆن و بە دوایەوەو لە تەواوی ئەو ناوچانە ، دەزگای ئەمن و ئیستخبارات ورەی بەرداو بیری لە هەڵاتن دەکردەوە .

من ناڵێم ئازایەتیەکە هەر هی کاوەنیەکان بوو . چونکە سوپا لە تەواوی ئەو ناوچانە ، فیشەکەکیشی بە ئاڕاستەی خەلکی ڕاپەڕیو نەتەقاندو هەر بە خێرا خۆ بەدەستەوەدانی بۆ خەلکی ڕاپەڕیو ئاشکرا کرد و چەکدارەکانی ڕژێمیش هەر هەموانیان هاتنە ناو ڕێزی هەلبژاردن و لە ڕێگەیەوە کۆنتڕۆل کردنی ناوچەکەیان بە چاو تروکانێک کۆتایی پێ هێنا . ڕەنگە هەبن بڵێن مەهدی کاوانی بە مەبەست ڕاپەڕین وەها دەگێڕیتەوە بەڵام يڕوا بکەن کاتێ کە کاک کۆسرەت و ئەو پێشمەرگانەی کە لە ئێرانەوە هاتبوون و لە گەڵیان بوون و کە گەیشتنە شاری هەولێر ، شوێنێک نەمابوو لە ژێر کۆنتڕۆلی حیزبی بەعسەوە مابووبێتەوە . ئاگام لە دەڤەری کۆیەو هەندێ شوێنی تری پارێزگای هەولێریش نیە .

٣- ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ زۆر وانەی فێر کردین یەکێک لەو وانانە ، دەستەواژەی هەلەی حیزبە سیاسیە کوردەکان بوو کە تەڕو هیشکیان پێکەوە دەسوتاندو بە هەموو چەکدارانی ڕژێمیان دەگوت جاش واتە خۆ فرۆش ، هەر من نیمە کە دەڵێم چەکدارنی ڕژێم لە پاش جەماوەرەوە ، ڕۆلی یەکەمیان بینی لە سەرکەوتنی ڕاپەڕین ، بەلکو ڕاپۆرتێکی دەزگای ئەمن و ئیستخبارات بە ماوەیەکی زۆر پێش هەلبژاردن ئەو پێشبینیەیان دەکرد کە هەر جمو جۆلەکی ڕاپەڕین ڕوو بدات ، بەشی هەرە زۆری چەکدارانیان پاڵ دەدەنە ناو خەلکی ڕاپەڕیو . بەڵێ وانەی ڕاپەڕین پێمان دەڵێ لە مەفرەزە تایبەتیەکان و هەندێکی تر بەو لاوە کە ڕێژەیان کەمتر لە ۱٠٪ پێک دەهێنا ، دەتوانین پێیان بڵێن جاش باقیەکەی تر هێزی عەشایەری کوردی و دیاردەی شەڕ بوو کە پڕ چەک کرابوون بە ناچاری .

٤- ئیدی کە حیزبەکان بە تایبەتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ڕۆلی یەکەم دەداتە حیزبەکەی خۆی بە بۆچوونی خۆم تەنیا بۆ ڕاگەاندن و پڕۆپاگەندەی فراوانی حیزبەکەی خۆی وخۆڵکردنە چاوی خەلکە ، ئەگینا سەرکەوتنی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ لە سەروی ۹٠٪ ڕۆلەکە هی خەلکی ڕاپەڕیو بوو و لە میانەیدا چەکدارانی ڕژێم له پاش جەماوەر ، دەوری یەکەمیان بینی بۆ هەڵکوتانە سەر مۆلگەکانی ڕژێم و ڕۆلی دووەمیش سوپا بوو کە لە جیاتی شەڕ کردن لە گەڵ خەلکی ڕاپەڕیو گیانی خۆبەدەستەوەدانی هەڵبژاردو لە ڕێگەیەوە ئەوەی مابوو کە بەرگری لە حکومەت بکات ئەمن و ئیستخبارات و هەندێ لە مەفرەزە خاسەکان بوون ئەوانیش بەرگەی ئەو هەموو حەشامەتەیان نەگرت . ڕاستە ئەو کاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە چاو ئەوانی تر ڕێکخەرترو بە جەماوەر تر بوون و زۆرترین خەلکی ڕاپەڕیویش بە دوایەوە خۆی دا پاڵ ئەوانەوە بەلام سەرکەوتنی ڕاپەڕین زیاتر ئاماژەکەی سەرەوەم بوو کە ئیشارەتم پێ دا .

٥- یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیش بە تایبەتی ئەوانەی لە ناو ڕاگەیاندنە فەرمیەکانی ئەوان کە دێنە سەر دوان لە سەر ڕاپەڕین بە تایبەتی لەوەتی بزوتنەوەی گۆڕان دروست بووە و لە ژێر هەر هۆکارێکەوە بێت کە ناوی کاک نەوشێروان لە سەرکردایەتی کردنی ڕاپەڕین دەردەهێنن ، چۆنی لێک دەیتەوە مانای بچووک کردنەوەی ئەو حیزبە دەگەیەنێ .

٦- ڕاپۆرتەکەی NRT یش وەک ئەوە وایە کە خال لە سەر پیتەکان دانێ وەها باسی سەرەتاکانی پێش دەستپێکردن و کاتەکانی دەستپێکردن و کاتەکانی بە دواوەی کردو گوتی حیزبە سیاسیە کوردەکان لە یەکەم جار هەر بیریشیان لە ڕاپەڕین نەدەکردەوە و بەلکو ڕێگەی گفتو گۆیان هەلبژاردبوو بەڵام کە خواروی عیراق ڕاپەڕی ، چەکوچی ئەمەریکیەکانیش بە سەر سەدامەوە بوو ، ئینجا ڕێگەی ڕاپەڕینیان هەلبژاردو ئاشکراشە ڕاپەڕین چارەگەکی مەهامەکانی خۆی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو پارتە دەسترویشتوەو تا ئێستا نەپێکاوە .

٧- ئەوەی ماوەتەوە بڵێم بە شاهێدی بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە ئێرانەوە هاتبوونەوەو ئی تریش کاک نەوشێروان کەسی یەکەمی داڕشتنی بەرنامەی ڕاپەڕین بوو کەچی لە قسەکردنێکی ئەو بەڕێزە وەک باس دەکەن دەڵێ ڕاستە ئێمە وەک پێشمەرگە بەرنامەی ڕاپەڕینمان داڕشت بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع تا پێشمەرگە گەیشتە ناو خەلک ، ئەوان ، واتە جەماوەر ۲/۳ ی کارەکانی ڕاپەڕینیان تەواو کردبو .

مەهدی کاوانی ‏mahdi kawani@yahoo.co.uk

تێبینی : شەش شاڵ بەر لە ئێستاو ئەو بابەتەم لە فەیس بووک و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ نووسیبوو و بە بۆچوونی خۆم زیندوویەتیەکەی تا ئەمڕۆش ھەرماوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.