مەلا بەم دۆخە بەختیارە!

لەلایەن ستاندار Posted on 643 جار بینراوە
تەنانەت سەردەمی زیندان ونەهامەتییەکانی(کە پشکۆ نەجمەدین زۆر بە کوللـەمەرگی باسی ئەکات) مەلا بەختیار بارتەقای ساڵی ڕابردوو بێزار نەبوو، ئۆفیسەکەی بۆ ئەو سجنێکی پڕ لە ئەشکەنجەی دەروونیی بوو، ئایکۆنێك لەهەرەمی دەسەڵاتەوە چەککرا و نێردرایەوە ماڵەوە، لە ئەوپەڕی هەوای خۆیدا کە پڕ بوو لە دەرکەوتن و بەستنی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی قەرەباڵغ لە مایک، گەڕایەوە بۆ ناو ئۆفیسێکی چۆڵ!
ئەوانەی کە سەردانیان ئەکرد پاش کۆڕەکانی دابڕان و ڕۆششنگەریی، فرسەتی وەرئەگرت و لەخۆوە ئەیوت: کاك فڵانی پارتیی پەیوەندیی پێوەکردم، زۆر بێزارن لەم (هەرزە بۆ سیاسییانە) یان هەر دەردەدڵێکیتر کە بووبوو بە گرێ لەلای!
ماوەیەك لەمەوبەر لەباسی (فیمینیزم)ـەوە لەخۆیەوە باسەکەی گۆڕی بوو، وتبووی: لەلای جەنابی سەرۆکی حکومەت بووم، دواتر سەری جەنابی کاك مەسعودیشم داوە، وتویانە ئەزانین کێ قاچاغچێتیی ئەکات و ناهێڵین ئاوا بەردەوام بێت!
من باسەکەم بیست، وتم«یا سەتار!» خوایە لایدەی!
ئێستاش کە لەخۆیەوە لەوەڵامی لاهوری شێخ جەنگییەوە تێپەڕیوەتە سەر نەوشیروان مستەفا، حەق نییە ئەو هەمووە دەروێشەی گۆڕان(ناڵێم کاك نەوشیروان) وەك ئەرکی حیزبی وەڵامی بدەنەوە، بەڵکو خەڵکی ئەم ناوچەیە پێویستە بە مەلا بەختیار بڵێن؛
ئەوەی کە نەوشیروان مستەفا توانی خۆشەویستیی زۆربەی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و ئەم ناوچەیە بەتایبەتیی بە دەست بێنێت، بە بۆنەی مانەوەی بوو لەسەر مەبدەئەکانی کە لەسەرو هەموویەوە تەسلیم نەبوون بوو بە بارەگای بارزانیی!
ئەوەشی ئێستا خەڵك دیسانەوە هاوسۆزن لەگەڵ لاهور هەر بە بۆنەی مانەوەیەتی لەسەر ئەو بابەتە(لانی کەم تا ئێستا، کە وا خەریکە باجی گەورەشی لەسەر ئەدات).
بەڵام تۆ و زۆربەی سەرکردەکانی کۆمەڵە چی؟!
ئێوە لە پەنجا ساڵی ڕابردووی تەمەنتان زیاد لە سی و پێنج ساڵتان تەرخان کرد بۆ باسی شۆڕشی پڕۆلیتاریا و بەهای چەپ و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و دژایەتی چینایەتی و ئاغاوات و دەرەبەگایەتیی و فیوداڵ و بنەماڵەگەرایی… ھەر بە دیارییکراوی لا دیواری کوردستان نەما دروشمی دژ بە بنەماڵەی بارزانیی تێدا نەنووسن، گۆڤار و ڕۆژنامە و پەخشنامەی ناوخۆیی نەما دزێوییەکانی ماڵی مەلای تیا نەنووسن، هەزاران ناو ناتۆرەتان وت بەسەر ماڵی بارزانییدا، کەچی ئێستا کە خۆتان شەریك کراون لە ڕانتی نەوت و دوکەڵ و پاشماوەکەی ئەکەن بەسەر خەڵکی بەشمەینەتدا، ئەتانەوێت بە کلیکێك ئێمەیش بادەینەوە بەلاتاندا و لە دوای فاتیحەی ئێوەوە بە کۆرس بڵێین ئامیییین!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.