ستاندەر
شەوی رابردوو لە بڕیارێكی لەناكاودا قەیس سەعید، سەرۆكی تونس پەرلەمانی وڵاتەكەی سڕ كرد و پارێزبەندی لەسەر هەموو ئەندامانی پەرلەمان هەڵگر، هاوكات سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەشی لەكارەكەی دوورخستەوە.
لەراگەیەنراوەكەیدا سەرۆك كۆماری تونس كە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بە پاڵپشتی دەستور و بۆ رێگری كردن لە ئاژاوەی زیاتر كە بەهۆی فراوانبونی نارەزایەتیەكان لەچەند شارێكی ئەو وڵاتە بڕیارەكەی دەركردووە، بریاریداوە پۆستی سەرۆكی داواكاری گشتی وڵاتیش وەربگرێت بۆ ڕووبەروبونەوەی گەندەڵكاران، هاوكات جەختی لەوەش كردۆتەوە خۆی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت،هاوكات هەڵپەساردنی كارەكانی پەرلەمانیش 30 رۆژ بەردەوام دەبێـ.
جێی باسە راشد غەنوشی سەرۆكی پارتی نەهزەی ئیسلامی، كە هاوكات سەرۆكی پەرلەمانیشە رایگەیاندووە ئەو هەنگاوە كودەتایە و ئەوان و خەڵكی تونس رەتی دەكەنەوە و ئامادەنین دان بەبریاری سڕكردنی پەرلەماندا بنێن.
وتیشی ئەوەی روودەدات دژی ئەزمونی دیموكراسی تونسە، داواشی لە دامەزراوەی سەربازی كرد پشتیوانی ئەو هەوڵە نەكەن.
جێی باسە دوای زنجیرە بڕیارەكە هیشام مەشیشی، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ونە و هەموو پەیوەندیەكان لەگەڵی پچراوە، بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە لەلایەن دامەزراوەی سەربازیەوە گل دراوتەوە.
چاوەرێ دەكرێت ئەمرۆ خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەو بڕیارانەی سەرۆكی وڵات و ئیسلامیەكانی ئەو وڵاتەش كە دژی بریارەكەن دەسپێبكات، بەشێك ئەو هەنگاوانە بەهاوشێوەی كودەتاكەی دژ بە مورسی دەچوێنن لە میسر، هەرچەندە تا ئێستا دامەزراوەی سەربازی ئەو وڵاتە بە فەرمی هەڵوێستی خۆی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پێش بڕیارەكان سەرۆك كۆمار هەماهەنگی لەگەل چەند سەركردەیەكی سەربازی و ئەمنی وڵاتەكە كردووە و كۆبۆتەوە لەگەڵیان.