پلاسخارت کاری به‌ پارتەکانی هه‌رێمی كوردستان چییه‌ و بۆچی كۆیانده‌كاته‌وه‌؟

لەلایەن ستاندار Posted on 608 جار بینراوە
بەهمەن ئەحمەد

شیكردنه‌وه‌:

وه‌ك له‌ میدیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌ جنین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌سی یه‌كه‌می شه‌ش پارتی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێم بكات.

له‌ڕاستیدا ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ده‌رنییه‌ له‌ نەریت و مامەڵەی  نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە وڵاتان، به‌تایبه‌تیش په‌یام و كاری ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراق.

نوێنه‌رایه‌تی ئێستای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق خۆی بووه‌ و دروستکراوە بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌تی دوای رژێمی سه‌دام له‌ هه‌ندێك پرسی چاره‌نووسساز و نیشتیمانی کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکانگیربێت و کاریشیانبن لە بونیاتنانی ئاشتیدا.

به‌پێی بڕیاری (2107)ی ساڵی 2013ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، پلاسخارت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ڕاوێژ و ئامۆژگاری له‌ بواری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسه‌ نیشتیمانییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردن و هێنانه‌كایه‌ی ئاشتی پێشكه‌ش به‌حكومه‌تی عێراق بكات.

هاوكات پلاسخارت دوو یاریده‌ده‌ری هه‌یه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی كه‌ یه‌كێكیان یاریده‌ده‌ری كاروباری سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌، و لەو بوارانە هاوكاری پێشكه‌شی پلاسخارت ده‌كات. دووه‌میان یاریده‌ده‌ری پلاسخارته‌ بۆ كاروباری مافه‌كانی مرۆڤ و په‌ره‌پێدانی مرۆیی.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، له‌كاتی درككردن به‌ پشێوی سیاسی و نه‌گه‌یشتن به‌ كۆده‌نگی و رێككه‌وتن، پلاسخارت ده‌توانێت له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كۆببێته‌وه‌.

بانگێشتكردن و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌ و بۆ هاوكاریكردنیانه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك و هه‌ڵبژاردنی نەخشە ڕێگایەکی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان.

ئه‌مه‌ دیوه‌ یاسایی و فەرمییەکەی ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌ عێراق، ئه‌وه‌ی گومانی له‌سه‌ر ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ دروستكردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێشتر پلاسخارت له‌سه‌ر چه‌ندین ڕووداو و پرسی گرنگ هۆشداری داوه‌ته‌وه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و ڕووداوه‌كانی دواتریش سه‌لمێنه‌ری ڕاستی هۆشدارییه‌كانی ئەو بوون. له‌م كاته‌دا كه‌ فشاره‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو لایه‌ك زیادیانكردووه‌، حكومه‌تی عێراقی له‌ڕێگای بڕیاری دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت جوڵه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان بكات و لانیكه‌م دوو بیره‌ نه‌وتی هه‌رێم بگرێته‌وه‌ ده‌ست. له‌لایه‌كی دیكه‌وە لایه‌نه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆك كۆمار نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و ئه‌وه‌ش پرۆسه‌ی پێكهانی حكومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هێناوه‌ته‌وه‌ دواوه‌.

پلاسخارت كه‌ به‌ هۆشدارییه‌كانی و دۆستایه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی هه‌رێم، وه‌ك دۆستی هه‌رێمی كوردستان خۆی نیشانداوه‌ و پێده‌چێت بەهۆی ناكۆكی لایه‌نه‌كانی هه‌رێم به‌تایبه‌تیش پارتی و یه‌كێتی، زانیاری له‌باره‌ی دروستبوونی مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش نهێنی پشتی كۆبونه‌وه‌كانی بێت.

خاڵێکی دیکەی جەوهەریی کە هانی پلاسخارت دەدات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم پەیوەندیدارە بەجەنگی ئۆکرانیا و چەند هاوکێشەیەکی دیکەی نێودەوڵەتی.

لەئێستادا، وڵاتانی ئه‌وروپا به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌ هه‌راسان بوون و كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر لێشاوێكی زۆری په‌نابه‌ران، نایانه‌وێت دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێك تێكبچێت كه‌ ببێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلێكی دیكه‌ی په‌نابه‌ران له‌م وڵاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچونه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌، ئه‌مریكا و رێكخراوه‌كانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کە ته‌واوی ململانێكانی سوریا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌یان به‌ره‌و خامۆشی بردووه‌ و نایانه‌وێت ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا بكه‌ونه‌وە ژێر فشاری دیكه‌ی پەنابەران و كاره‌ساتی مرۆیی چونكه‌ توانای لەئەستۆگرتنی پەنابەرانی ئۆکرانیا لای ئەوروپییەکان کەمدەکاتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ڕۆژئاواش ترسی ئەوەیان هەیە بە دەستی ڕووسیا و دۆستەکانی لەئێستادا پشێوی سیاسی لەهەندێک وڵات دروستبکرێت کە کاریگەری لەسەر یەکلایکردنەوەی جەنگی ئۆکرانیا هەیە، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.