دانوستاندن لە نێوان ( کێ و کەی) دەکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 799 جار بینراوە

مەلا فرمان

دو کەسی بڕوادار دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر لە شەیتان، دەگەنە ئەو بڕوایەی کە پێکەوە دانیشن و باسێک لە شەیتانی دوژمنی ئایین بکەن. باس لەوە دەکەن کە ئەم بەندەی خودایە لە دروستبونی مرۆڤایەتیەوە چۆن رێگەی خراپ بە مرۆڤ پیشان دەدا، مرۆڤ بەیەکدەا دەدا و لە خۆداپەرستی دوریان دەخاتەوە. یەکێکیان پرسیارێک لەوی تر دەکات و دەڵێت ” باشە ئێمە لەوەتەی هەین دوژمنایەتی شەیتان دەکەین، کەچی دەرفەت دەبینێ و زەفەرمان پێدەبات و دەستی خۆی دەوەشینی، رات چیە ئەگەر دانوستاندنی لەگەڵ بکەین و وا بکەین دۆستایەتیمان بکات و چاکسازی لە خۆیدا بکات”، کەسی دوەمیش دەڵێت ، نابێت لێی نزیکبینەوە چونکە: خاوەن قسەی خۆی نیە و بێ بەڵێنە و خودا نەفرەتی لێکردوە. دیارە دوا بڕیار لەسەر دورکەوتنەوە لە شەیتان و بەردەوامبون لە خودا پەرستی دەدەن.
لێکچون نەبێ بە شەیتان، لەم هەرێمەی ئێمە دو جۆرە هێز بونی هەیە:
هێزێک خاوەن پارە، چەک و دەسەڵات. بێ بەڵێن، دەستپیس، ناپاک، بێ دەربەست لە جەماوەر، ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆی نەبێت نایبینێ و نایکات. لەسایەی ئەم هێزەدا وڵات لە لێواری کارەساتدایە و دوا نوزەیەتی.
لە بەرامبەردا، هێزێکی دی لە قسە و نوسین و راگەیاندنەکانیان، لە شەقام ،لە نێو خەڵک بەم شێوەیە باس لە هێزی دەسەڵاتدار دەکەن: جگە لەو وشانەی سەروە، دەڵێن” سەروەت وسامانی ئەم وڵاتە لوش دەکەن، لە بەغدا باس لە پرسە نیشتمانیەکان ناکەن، شەڕیانە لەسەر پۆست، دو ئیدارەییە، دو هێزی پێشمەرگەیە ، ٥١٪ خاکی کوردستانیان دۆڕاند… هتد. تەنانەت هەندێ لەم هێزانە دەسەڵات بە هێزی رەفتار شەیتان ناودەبەن.
لە ئەقارێکی تردا زۆرێک لەم هێزانە خوازیارن لەگەڵ دەسەڵات دابنیشن و باس لە چاکسازی و پاکسازی، یەک دەنگی و یەکڕیزی بکەن. زۆر خۆشباوەڕانە متمانە بەو شەیتانە دەکەن کە خۆیان رۆژانە لای جەماوەر وێنای دەکێشن. ئەم جۆرە کردارە لە سیاسەت و ئاییندا پێی دەوترێ دوڕویی ” مونافق”، دەڵێن لەولا جێیان دۆزەخە، ئەی لەم دونیایە چی؟.
کاریگەری ئەم دوروییە نا ئومێدی و بێ متمانەیی جەماوەری لێکەوتۆتەوە بە خۆ و بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، بە هەر هەوڵێ لە پێناوی چاکسازی و گۆڕانکاریدا بدرێت. لێرەوەش جەماوەر بە بێئاگایی بایکۆت وەک باشترین رێگای سزادانی دەسەڵات دەزانێ. ئەم هەنگاوەش تەمەنی ستەمکار درێژتر دەکات.
ئۆپۆزسیۆنی؟ پێویستە
دەسەڵات لە رابورد و ئێستادا باش بناسی، هاوکاربیت لەگەڵ دۆستەکانت، خاوەن بەرنامە و پرۆژەی خۆت بیت، جەماور فەرامۆش نەکەیت و شەقام چۆڵ نەکەیت، خۆڕاگر و پشودرێژ بیت، چاو بەرەوژێری دەسەڵات نەبێ، هێزی فشار و چاودێربیت لەسەر دەسەڵات، خۆش باوەڕ نەبی، بە سەنگی کەمەوە هاوبەشی دەسەڵات نەکەی، لێگەڕە با دەسەڵات کاری خۆی بکات، چاکی کرد، جێی ئافەرینە، خراپی کرد جێی تۆپ تێگرتنە.
لەم هەرێمە ژیلەمۆکە ئامادەیە چاوەڕوانی فویەکە تا بگەشێتەوە. زەمینەکە لە بارە، لە دونیا زەمینەیەکی سیاسی باش بۆ کورد رەخساوە، دۆست زۆرە گەر ئەم دەسەڵاتە مل هوڕ و سەرشیتە لێگەڕێ. موخابن لە سایەیدا فوکەری راستەقینە دیار نیە، بەرهەمی قەڵەمی رەسەن بڕ ناکات. لە ناوەوە نائومێدی باڵی کێشاوە.
بۆیە، بە پشتیوانی ئەو زەمینە سیاسیە لەبارە، دۆستەکانی میللەتەکەمان و خەمخۆرانی نیشتمان لە هەندەران، ئەرکی تەواوی دەنگە ناڕازیەکانە، هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە دەست بخەنە نێو دەست و دەست بەکار بن بۆ دەربازبونی هەرێم لەو قەیرانانەی لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتە سەرشێتە بەرۆکی هەموانی گرتوە. بۆیە، قسە تا ئێرە و بەس، کاتی تەگبیر و دەستبەکاربونە.

کەرکوک، ٢٥/٥/٢٠٢٢