دەرچونەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوی تورکیا مەترسیە لەسەر خودی تورکیا پێش کورد!

لەلایەن ستاندار Posted on 759 جار بینراوە

جوتیار ڕەشید

دەرچونەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوی تورکیا مەترسیە لەسەر خودی تورکیا پێش کورد!

ساڵێک زیاترە ئەردۆغان ساڵی 2023 کردوە بە بنێشتە خۆشەی وتارەکانی،لە کەم وتار و لێدوانیدا هەیە ئەو بابەتە باس نەکا،هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکا بەوەی تورکیا ساڵی 2023 تێپەڕێنێ بە سڵامەتی دەبێتە گەورەترین هێزی ناوچەکە و بە هیچ هێزێک کۆنترۆڵ ناکرێ. بۆ ساڵی 2023؟ ساڵی 2023،سەد ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیا،هەر لەو ساڵەدا هەڵبژاردنیشی تێدا ئەنجام دەدرێ،بۆیە ئەردۆغان دەیەوێ بە تورکەکان بڵێ تەنها ئەم جارە هەڵمبژێرنەوە و دواتر بۆمن لێگەڕێن. بۆچی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان مەترسیە لەسەر تورکیا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە ئاوڕێک لە شێوازی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و شوێنکارەکانی لەسەر تورکیا بدەینەوە لە 10ساڵی ڕابردودا و دواتریش پێشبینی شیکەرەوە سیاسیەکان و خۆشمان بۆ هەنگاوەکانی دەسەڵاتی دوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بخەینە ڕو. هێڵە گشتیەکانی سیاسەتی ئەردۆغان لە دە ساڵی ڕابردودا:- -کودەتا بەسەر هاوڕێ و هاو حیزبەکانی لە حیزبی داد و گەشەپێدان،تەنانەت بەسەر دامەزرێنەرە سەرەکیەکان و عەقڵە بنەڕەتیەکانی وەک فتح الله گولەنی مامۆستای، احمد داود اوغلو خاوەن بیردۆزی (تورکیای سفر کێشە)،عبدالله گولی سەرۆک کۆماری پێشو،دەیان سەرکردەی دیاری تری ئەو حیزبە و دەرپەڕاندنیان و شوێن پڕکردنەوەیان بە کادیری ئەڵقە لەگوێی خۆی،بەوەش ئاستی جەماوەری ئەو حیزبەی زۆر دابەزاند،ئەو ڕەفتارەی ئەردۆغان هیچ جیاوازی نیە لە گەڵ ڕەفتاری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەکەی ئێمە،دەڵێی یەک عەقڵ بەڕێوەیان دەبا،ئەوەش نیشاندەری ڕاستەقینەی عەقڵی سیاسی ئەردۆگانە،ئەوەی تورکیاشی ڕاگرتوە ئەردۆغان نیە،پێگەی گرنگی تورکیا و ڕەوشی سیاسی ناوچەکە بوە لە دەساڵی ڕابردودا. -تەسک کردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و گوشارخستنە سەر پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان،گرتن و زیندانی کردنی ئەندامانی ئەو پارتانە،هەتا گەیشتە زیندانی کردنی سەرۆک و کادیرە باڵاکانیان و بەوەشەوە نەوەستا،گەیشتە ئەندام پارلەمانەکانیان،بەوەش فودانەی دیموکراتیە درۆینەکەی تورکیای فشکردەوە،ئەوەش ڕوی تورکیا لە ناوەندە جیهانیەکان و جەماوەریەکانی وڵاتان گێڕایەوە بۆ سەردەمی عثمانیەکان،کار گەیشتە ئەوەی لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا داوای دەرکردنی تورکیا بکرێ لە ناتۆ،دەیان لۆبی دژە ئەردۆگانی لە ئەوروپا دروست بون. ئەو دوو هەنگاوەی ئەردۆغان دەرگای گۆڕانکاریان لە ڕێگای هەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانیەوە بە ڕوی خەڵکی تورکیا و ناوەندە جیهانیەکاندا داخست و ناچاریان کردن پەنا بۆ ڕێگای دوەم بەرن کە کودەتای سەربازیە و مۆدێلێکی باوی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بو لە تورکیا. -ئەمریکیەکان بیردۆزێکیان هەیە لە سیاسەتکردندا دەڵێ (ئەوەی بەرامبەرەکەت پلانی بۆ دادەنێ بەرامبەرت بیکا،تۆ بۆی بکە بە ڵام بە شێوازێک ئەو زیانی لێبکا و خۆشت قازانج) دوای ئەوەی ئەردۆغان هەستی کرد بە داخستنی دەرگای خەباتی پارلەمانی و ئۆپۆزیسیۆنی دەرگای کودەتای سەربازی کردوەتەوە و ئەگەری کودەتای سەربازی لەهەر چرکەیەکدا هەیە،خۆی هەستا بە ڕێکخستنی کودەتایەکی سەربازی دەستکرد بەوەش خۆی دەربازکرد لە کودەتا ڕاستەقینەکە و بەوەشەوە نەوەستا هەزاران پلە باڵای سەربازی و مخابەراتی و پۆستە باڵاکانی خستە زیندانەوە و ئەو کارتەشی لە دەست تورک و ناوەندە جیهانیەکان دەرهێنا. مەترسیە گەورەکە لێرەوە سەرهەڵدەدا، دەبەنگی ئردۆگان لێرە بە ڕونتر دەردەکەوێ ،ئەم جارەیان بەهەر نرخێک بێ ئەردۆغان هەوڵی دەرچونەوە دەدا،ئەگەر بە تەزویر کردنیش بێ،لەم ئەگەرەدا هیچ ڕێگایەک نەماوە بۆ گۆڕانکاری لە بەردەم خەڵکی تورکیا و ناوەندە جیهانیەکان جگە لە شەڕی دەرەکی و تێوەگلاندنی تورکیا لە شەڕێکی دەرەکی،ئەوەش ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی تورکیا و پارچە پارچە کردنی دەکاتە ئەگەرێکی بەهێز،هاوشێوەی عێراق،سوریا و ئۆکرانیا. -گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتداری تورکیا لە پارلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی،وەک کاڵایەک بە باڵای خودی خۆی. -گەشە پێدانی تەکنۆلۆجیای سەربازی تورکیا و گەورەکردنی زیاد لە پێویستی لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی تورکیا،بانگەشەکردنی سەربەخۆیی تەکنۆلۆجی سەربازی تورکی لە چەند ساڵی داهاتودا،مەترسیەکی گەورەیە لە سەر ناوچەکە، ڕوسیا،ئەمریکا،ئەوروپا. -وەرچەرخاندنی تورکیا لە (تورکیای سفر کێشە) ی احمد داود ئۆغلۆوە بۆ تورکیای (سفر دۆست) ی ئەردۆگان،لە دەرەوە و ناوەوەی تورکایا:- -لە ناوخۆی تورکیا سەرەڕای ئەوانەی لەسەرەوە باسمانکردن،ئەردۆغان قۆناغی ئاشتی لە گەڵ کورد هەڵوەشاندنەوە و زۆر لەوانەی پێش خۆی خراپتر هێزی زبری بەرامبەر بە کورد بەکارهێناو بانگەشەی لە ناوبردنی کورد و دەسکەوتەکانی لەهەر کوێیەک بن کردوەتە یەکێک لە دروشمەکانی بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هێرشی سەربازی کردوەتە سەر هەرێمی کوردستان لە باشور و دەسەڵاتی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان،سەرەڕای هێرشەکانی لە باکوری کوردستان و گرتن و

زیندانی کردنی کادیر و لایەنگرانی (هەدەپ)،هەتا زیندانی کردنی صلاح الدين دمرتاش. -پەلهاویشتن و پاوانخوازی لەدەرەوەی سنوری تورکیا و دەست شکاندنەوەی زل هێزە جیهانیەکانی وەک ئەمریکا ڕوسیا،ئەوروپیەکان و ناوچەییەکانی وەک ئێران،سعودیە و مصر،لە عێراق،سوریا،لیبیا و ئەفریقیا. -یەکێک لە مەترسیدارترین سیاسەتە مەترسیدارەکانی ئەردۆغان لە ساڵانی ڕابردودا سیاسەتی (هەتا قەراغی گلبونەوە )،ئەوەی بەعەرەبی پێیدەوترێت سیاسەتی (حافة الهاوية) یە کە چەندین جار تورکیای هەتا گل بونەوە بردوە،لەوانە:- -سەرکێشیەکانی ئەردۆغان بە چونە ناو خاکی سوریا. -بەهەمان شێوە چونە ناو خاکی لیبیا. -خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی ڕوسیا. -کڕینی سیستمی موشەکی S400 ی ڕوسی و کارپێکردنی. -دەستوەردانی و پاڵپشتی کردنی قطر،ئەو کاتەی سعودیە و ئیمارات هەڕەشەی داگیرکردنیان لێکرد. -پێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بیرقدار بە ئازەربایجان و ئۆکرانیا و بەکارهێنانی لەلایەن ئۆکرانیەکانەوە و تەنانەت ناوەندە سەربازیەکان باس لەوەدەکەن ئەو فڕۆکەیە یەکێکە لەو چەکانەی زۆرترین زیانی لە ڕوسەکان داوە. ئەوانە و زۆر سەرکێشی تر کە ئەگەر گرنگی پێگەی تورکیا نەبوایا هاوکات لە گەڵ ئابڵوقە ئابوریەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و داتەپینی ئابوری تورکیا و دابەزینی نرخی لیرەی تورکی بەس بون بۆ پشێوی ناوخۆیی و شەڕی دەرەکی لە تورکیا. -پشتگیری کردنی ڕەوتی ئیخوانی لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و داڵدەدانی سەرانی ئیخوانی لە تورکیا و پێدانی ڕەگەزنامەی تورکیا و هاوکاری کردنیان و هاندانیان لە دژی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان و خۆ بە سوڵتان نیشاندانی ئەردۆگان کەلێنێکی گەورەی لە نێوان تورکیا و جیهانی ئیسلامی و عەرەبی دروستکردوە کە پڕکردنەوەی ئاسان نیە. -پشتگیریکردنی ئاشکرای هێزە تەندڕەوکان لە سوریا هەتا گەیشتە پشتگیری داعشیش. -کۆکردنەوەی وڵاتە تورک زمانەکان لە ڕێکخراوێکی هاوشێوەی کۆمکاری وڵاتە عەرەبیەکان و دوبارە خۆ بە سولتانکردنیان مەترسیەکی ئاشکرایە لە سەر عەرەب و ڕوس و ئەمریکا و ئەوروپا. -ئاڵۆزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل،هەتا کار گەیشتە شکاندنی ئابڵوقەی جولەکە لەسەر فەلەستینیەکان و ناردنی کەشتیەک بۆ هاوکاریان بێ گوێدانە مەترسیەکانی ئەو ئابڵوقە شکاندنە کە کوشتنی چەند چالاکوانێکی تورکی لەسەر کەشتیەکە لێکەوتەوە،ئێستاش لە گەڵ جولەکە مو بە نێوانیانەوە ناچێ و دەیەوێ غازی ئیسرائیل بە تورکیادا هەناردەی ئەوروپا بکا،ئەوەش ئیخوانەکانی تورک و عەرەبی لە ئەردۆگان ساردکردوەتەوە. -بانگهێشتکردنی و گوێ ڕاکێشانی باڵوێزی ئەمریکا لە ئەستەنبوڵ و دەرکردنی 10 دبلۆماتکاری ئەمریکی لەسەر ناڕەزای دەربڕینیان لەسەر گرتنی عثمان کاڤالا،دوبارە بانگهێشتکردنەوەی باڵوێزی ئەمریکا لە ئەنقەرە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لەسەر هۆسداریدانی باڵوێز لە ئەگەری بەکارهێنانی هێز لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دژی خۆ پیشاندەرانی ئەستەنبوڵ لە ڕۆژی شەممەی ڕابردودا،ئەم بانگهێشتکردن و سوکایەتیکردنانە بە باڵوێزی ئەمریکیەکان و دەرکردنیان لە وڵاتانی ناوچەکە سابقەی نەبوە. -پەلهاویشتن بۆ ئەفریقا و هاندانی ئەفریقیەکان دژی ڕۆژئاوا،بەتایبەتیش فەڕەنسیەکان. ئەوانە و دەیان نمونەی تر لە سیاسەتە ئاڵۆز و چاوەڕوان نەکراوەکانی ئەردۆغان لە ساڵانی ڕابردودا وای لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناوخۆی تورکیا و ناوەندە جیهانیەکان لە دەرەوە کردوە هەموو توانایان بخەنە گەڕ بۆ کەنارکردنی ئەردۆغان و حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتودا،لە بەرامبەریشدا ئەردۆغانیش هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ دەرچونەوە،ئەوەش سەرەنجامی پێکدادانی ناوخۆیی و دەرەکی دەکاتە ئەگەرێکی بەهێز. پێشبینی ناوەندەکانی شیکردنەوە بۆ گرنگترین هەنگاوەکانی ئەردۆغان پاش دەرچونەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتودا:- -لە ناوخۆی تورکیا بەردەوام بون بە هەمان سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاوەدوونانی ئۆپۆزیسیۆن،پاکتاوکردنی سەرکردە و کادیرە چالاکەکانیان،تەنانەت پاکتاوی ناوخۆی حیزبی داد و گەشەپێدانیش. هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسمانکردن کە ساڵانی ڕابردودا بەشێک بون لە بەرنامەی کارکردنی ئەردۆگان،لە داهاتوشدا بەشێکی سەرەکی بەرنامەی کارکردنی ئەردۆغان دەبن بە شێوازی جیاواز و گونجاو لەگەڵ سیاسەتە جیهانی و ناوچەییەکانی ساڵانی داهاتو. سەرباری ئەوانە:- -دروستکردنی ناوچەی ئارام لە هەر یەک لە باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان،سەرپەرشتی کردنی هەردوو ناوچەکە لەلایەن سوپا و میتی تورکیەوە و بەوەش داگیرکردنی یەکجارەکی ئەو دوو ناوچەیە. -گێڕانەوەی موصل وەک بەشێک لە تورکیا،ابراهیم قەرە گول،ڕۆژنامە نوسی نزیک لە ئەردۆگان دوێنێ لە وتارێکیدا،بەئاشکرا باسی گێڕانەوەی موصل دەکا و هەر ئەوەندەش نا دەڵێ تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ مێژو و جوگرافیا،کاتی بێدەنگی بەسەر چو.

-گێڕانەوەی قوبرس،دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەوەڵامی سەرۆکی یۆنان کە لە کۆنگرێسی ئەمریکا گوتبوی شتێک نیە بە ناوی دوو قوبرس،ئەردۆغان گوتی شتێک نەماوە لای من بە ناوی سەرۆکی یۆنان. -کارکردن لەسەر گەنج و مناڵی تورک لە ساڵانی داهاتودا،بەشێوەیەک ئامادە بکرێن لەگەڵ ئامانجەکانی ئەردۆغان بگونجێن،ئەوەش پێویستی بە دەستکاریکردنی سیستمی پەروەردە و خوێندن و ڕاگەیاندن و هونەر هەیە بە شێوەی ئەردۆگانی. -ڕێکخستنەوەی کۆمکاری وڵاتە تورک زمانەکان و بە کرداری کردنی هەنگاوەکانی لە بواری سەربازی و ئاسایشی و ئابوری و تەنانەت ئەگەر بکرێ لە بواری دراویشدا،هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا. -کشانەوەی تورکیا لە ناتۆ دوای ئەوەی ئەو کۆمکاری تورکیە سەرپێدەکەوێ. -تەواوکردن و گەشەپێدانی هێزی دەریاوانی تورکیا بە تایبەتیش هێزی ژێر دەریایی کە بڕیار وایە لە ساڵی 2027 ژمارەیان بگاتە 6 ژێر دەریایی و زیادکردنیان بە ڕێژەی هەر ژێر دەریاییەک لە ساڵێکدا،کە سەرجەمیان دروستکراوی پیشەسازی سەربازی تورکیان،ئەوەش مەترسیەکی ڕاستەقینەی دەریاییە لەسەر ئەمریکاو و ڕوسیا لە یەک کاتدا،وێڕای یۆنانیەکان،ئیسرائیل،سوریا، مصر، لیبیا و هەتا ڕادەیەکیش وڵاتانی کەنداو. ئاماژە و هۆکارەکانی پشت ئەو مەترسیە -زیادکردنی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە یۆنان،دوا دانەیان لە السکندر بولس بو کە تەنها 35کم لە سنوری تورکیاوە دورە،لەو کاتەدا ئەردۆگان لە وتارێکیدا گوتی(ژمارەی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە یۆنان ئەوەندە زۆر بون لە ژمارە نایەن یۆنان بوەتە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی گەورە). -دەرکردنی تورکیا لە بەشداری پێنەکردنی لە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی F35 ی ئەمریکی،تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی F16 ی ئەمریکی،ئەوەش بە ئاشکرا مانای ڕاگرتنی بە هێزبونی زیاتری هێزی سەربازی تورکیایە لە داهاتودا،وەک خۆ ئامادەکردنێکی ئەمەریکیەکانیش دەخوێندرێتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی لەگەڵ تورکیا لە داهاتودا. -لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە سەرۆکی یۆنان لە دوا سەردانی بۆ ئەمریکا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجامی دا و لە کۆنگرێس وتارێکی پێشکەشکرد پەیمانی پێدانی فڕۆکەی F35 ی بە یۆنان لە ئەمریکیەکان وەرگرتبێ،ئەوەش باڵانسی هێزی سەربازی ئاسمانی نێوان تورکیا و یۆنان دەگۆڕێ و باڵادەستی یۆنان لە ئاسمان مسۆگەر دەکا. -زیاد نەکردنی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە تورکیا لە ساڵانی ڕابردودا تەنانەت فراوان نەکردن و گەشەپێنەدانی بنکەی ئەنجەرلیک،لە بەرامبەردا زیادکردن و فراوانکردنی بنکە سەربازیەکانی لە یۆنان،ئەوەش وەک بە نەیار سەیرکردنی تورکیا و بە دۆست سەیرکردنی یۆنان دەخوێندرێتەو. -هەوڵەکانی ئەمدواییەی ئەردۆغان بۆ نزیکبونەوە لە وڵاتانی کەنداو بەتایبەتیش لە سعودیە و ئێمارات،لە کاتێکدا ئەو وڵاتانە لە قۆناغێکی پەیوەندی ناجێگیردان لە گەڵ ئەمریکا،هەوڵدان بۆ چەک فرۆشتن بەو وڵاتانە بەتایبەتیش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بەیرەقدار،وەک پاشقول گرتن لە ئەمریکیەکان لێکدەدرێتەوە. -داخستنی هەردوو گەروی (دردنیل و بوسفور) بە کاراکردنی بەندی 19 لە ڕێککەوتننامەی مونتیرۆ،لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا بە ڕوی کەشتیە سەربازیەکانی ڕوسیا ، دواتریش کە ئەمریکیەکان ویستیان لە دەریای ڕەش نزیک ببنەوە لە سنورئاویەکانی تورکیا،تورکیا ڕێگای پێنەدان،ئەمریکیەکان تێگەیشتن ئەردۆغان ئەو بەندە وەک شمشێری دوو ڕوو لە دژی هەردوو لا بەکاردێنێ. -دەرهێانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن ئەمریکیەکانەوە،بە مەبەستی بە هێزکردن و بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانە نامەیەکی ئاشکرای ئەمریکیەکانە بۆ دەرپەڕاندنی تورکیا لە و ناوچەیە. -هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوە و بە هێزکردنی هەریەک لە هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە هەمان شێوەی سوریا یەکێک لە ئامانجەکانی ڕاگرتنی تورکیایە لە هەرێم و دەرپەراندنی، ئەمریکیەکان دەڵێن عێراق و هەرێمێکی بە هێزیان دەوێ و کێشەیان ئەوە نەبوە دۆستی ئێران بن. -چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگیەکانی یۆنان سنوری ئاسمانی تورکیایان بەزاند،تورکیا هیچ کاردانەوەیەکی نەبو،فڕۆکە جەنگیەکەی ڕوسیاش هەر ئەوەی کردبو خستیانە خوارەوە. -بەشداری پێنەکردنی تورکیا لەو مناوەرە سەربازیانەی لەم دواییانەدا لە ئاوەکانی یۆنان ئەنجامیان دا،لە ڕاستیدا ئەوە وەک نامەیەکی ئاشکرایە بۆ تورکیا کەوەک ئەندامی ناتۆ هەژمار ناکرێ بە تایبەتیش کە مناوەرەکە لە یۆنان ئەنجام دراوە نامەکە بە هێزتر دەکا. -دەمەوێ وتەیەکی پۆل بریمەر بیر بهێنمەوە کە لەوەڵامی پرسیارێکی کەناڵی (الجزيرة) دا گوتی بە (ڕوخانی صدام کۆتاییمان هێنا بە دەسەڵاتی هەزار ساڵەی سونە لە ناوچەکە،ئەوەش جۆرێکە لە دادپەروەری)

ئێستا ئەگەر ئەو لێدوانەی بریمەر لە گەڵ جۆری مامەڵەی ئەمریکا لە 19ساڵی دوای ڕوخانی صدام لە گەڵ ئێران لە عێراق و سوریا و ناوچەکە لێکبدەینەوە،بە تایبەتیش هەوڵە چڕەکانی ئێستای ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ ئێران،لەوە تێدەگەین کە ئەمریکیەکان بەرنامەیان هەیە بۆ تورکیا و دەیانەوێ کێشەی ئێران ساغبکەنەوە پێش ئەوەی بەرنامەکەیان لەسەر تورکیا دەستپێبکەن،لێرەدا گرنگە لەوە بگەین سەبارەت بە ئێران ئەمریکا و ئیسرائیل دوو دیدی زۆر جیاوازیان هەیە و هەوڵی ئەمەریکیەکانیش زیاتر بۆیە لەگەڵ ئێران پەلەی پێوەدیارە،دەترسن لەوەی ئیسرائیلیەکان لەگەڵ ئێران بێ مێشکیەک بکەن و ڕیسەکەیان لێبکەنەوە خوری و کێشەیەک لە ناوچەکە دروست بکەن لە کۆنترۆڵ دەربچێت و تورکیا سودمەندی سەرەکی دەبێ لەو کاتەدا. -لە داهاتویەکی نزیکدا بایدن سەرۆکی ئەمریکا سەردانێکی مەکوکی ئاسیا و ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەکا،یەکێک لە ئامانجەکانی ڕێگری کردنە لە ئەنجامدانی گرێبەستی سەربازی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو،بۆ ئەو مەبەستەش لەوانەیە بەڵێنی گرێبەستی هەندێ چەکی پێشکەوتوی ئەمریکیان پێبدا،بەتایبەتیش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە بڕی بەیرەقداری تورکی. -سڕکردنی یان وەک باس دەکرێ هەڵوەشانەوەی ئەو هەوڵانەی هەبون بۆ هەناردەکردنی غازی ئیسرائیلی لە ڕێگای تورکیاوە. -هەوڵەکانی دادگای فیدرالی و حکومەتی ناوەندی عێراقیش بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی نەوت و غازی هەرێم بێ بەشکردنی تورکیای لێدەخوێندرێتەوە لەو داهاتە مفتەی چەندین ساڵە لە سایەی دەبەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بنەوپاڵەوە دەستیان دەکەوێ. -گرنگی پێنەدانی ئەمریکا و ئەوروپا بەهەڕەشە و خۆ گیڤکردنەوەکانی ئەردۆگان بە ڕێگریکردن لە بە ئەندام بونی هەریەک لە سوید و فلەندا. -ماوەیەکە بەرەکانی شەڕی ئۆکرانیا ساردیان پێوەدیارە،ناوەندە سەربازیەکان باس لەوە دەکەن ئەمریکیەکان فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی جۆری NQ9 ی ئەمریکیان داوە بە ئۆکرانیەکان و ئاگاداریان کردون دەستبەرداری بەیرەقداری تورکی ببن و ئەوانەش کە لە بەردەستیان بەکاریان نەهێنن. ئەو هەوڵەی ئەمریکیەکان و ساردکردنەوەی شەڕ لە بەرەکانی شەڕی ئۆکرانیا وا لێکدەدرێتەوە کە شەڕەکە بەرە و کۆتاییە و ئامانج لە وەدەرنانی بەیرەقداری تورکی بئ ڕۆڵکردنی تورکیایە لە وەستانی شەڕدا،لە بنەڕەتیشدا ڕێگە پێدانی بەشداریکردنی بەیرەقدار لە شەڕەکەدا تاقیکردنەوەی کرداری ئاستی توانای فڕۆکەکە بو لە لایەن ئەمریکا و ڕوسیاوە،ئەردۆغانیش کەوتە تەڵەکەوە. بە بڕوای من دیارترین نیشانەی دەستپێکردنی شەڕی دوەمی ناوچەکە کە لە نێوان (یۆنان و تورکیا) دەبێت کۆتای هاتنی شەڕی ئۆکرانیایە،کە نابێ بگاتە نزیک هەڵبژاردنەکانی داهاتوی تورکیا. تەنانەت ئەگەر تەنها بەوەستانی شەڕیش بێ بەبێ ڕێککەوتنی سیاسی. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر زلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا ڕایگەیاند لە ژێر هیچ فشارێک دا دەستبەرداری هیچ پارچەیەکی ئۆکرانیا نابین. بەوردبونەوە لەو گوتەیەی زلنسکی بۆمان دەردەکەوێ کە زلنسکی فشاری لێکراوە کە دەستبەرداری دونباس ببێ و بچنە گفتوگۆوە لە گەڵ ڕوسیا. لەهەمان وتاردا زلنسکی گوتی،تاکە رێگا گفتو گۆیە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ. شەڕی ئۆکرانیا هەتا ئێستا دەسکەوتێکی ئەوتۆی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا نەبوە ئەگەر بۆ ڕوسیا دونباس دەسکەوت بوبێ بۆ ئەوروپا و ئەمریکا گرانی و قەیرانی ئابوری و پەتپساندنی وڵاتانی ناوچەکە،وەک تورکیا و سعودیە،ترسی ئەوەش هەیە لە داهاتودا ئەو هەڵگەڕانەوە پەرەبستێنن بۆ یاخیبوون و دەستگەری ناوچەیی دژ بە ئەمریکا. بۆیە پێدەچێ ئەمریکی و ڕوسەکان لە ڕاگرتنی شەڕ قازانجیان زیاتر بێ لە بەردەوام بون. ئەگەری دوبارە بونەوەی سیناریۆی ئۆکرانیا لە تورکیا ئەگەرێکی بەهێزە،هاندانی یۆنان بۆ گێڕانەوەی بەشەتورکەکەی قوبرس یان هەر ئەردۆگان خۆی ئەو گەمژەیی بکات و ڕیفراندۆمیک لە بەشە تورکەکەی قوبرس ئەنجام بدەن و بیخەنەوە سەر تورکیا،ئەوەش بەسە بۆ هەڵایسانی شەڕ لە نێوان یۆنان و تورکیا،ئەوکات شەڕ لەسەر یۆنانیەکان و چەک و تەقەمەنی لەسەر ئەمریکا و ئەوروپا،ئەگەر تورکیاش سیستمی موشەکی S400 ی ڕوسی بەکار هێنا،کە بە دڵنیاییەوە بەکاری دێنێ،هیچ بیانویەک نامێنێ بۆ هاوکاری کراوەی ئەمریکی و ئەوروپی،بەتایبەتیش وەک لەسەرەتاوە باسمانکرد،یۆنان دەیان بنکەی سەربازی ئەمریکی لێیە،لە لایەکی تریشەوە لەوانەیە ڕوسەکان بەنهێنیش بێ هاوکاری تورکیا بکەن بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕەکە.