پلاسخارتەکەی UN ، چیتان بۆ بکا ؟ !

لەلایەن ستاندار Posted on 389 جار بینراوە

 

ئیدریس سدیق

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNITED NATIONS ، لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم لە 24 / Oct / 1945 دامەزرا ، ئێستا نوێنەری 193 وڵات لە خۆیەوە دەگری، چاڵاکییەکانی وەك لە دیباجەکەیدا هاتووە لە بواری پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێو دەوڵەتی ، گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ، مافی مرۆڤ و یەکسانی ، کاروباری مرۆیی و بە هاناوە هاتنی لە تەنگژە و کارەساتەکانی بوومەلەرزە ، لافاو ، شەپۆڵی پەنابەران ، هەژاری ، ژینگە و ……. لە خۆیەوە دەگری . UN نوێنەری لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتاندا هەیە ، بۆ مەبەستی راوێژ و پێدانی ئامۆژگاری لە بواری سیاسی ، مافەکانی مرۆڤ ، کۆمەڵایەتی ، پەروەردەیی و …… .
بە پێی بڕیاری 2107 ی ساڵی 2013 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ، جنین پلاسخارتی ( ژنە دیپلۆماتکار و شارەزا ) ی هۆڵەندی وەك راوێژکار و نوێنەر لە عێراق دەستنیشانکرد ، بۆ مەبەستی پێدانی ئامۆژگاری ، راوێژکردن و ئاڕاستەکردن لە بوارە جیا جیاکانی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین ، تەنگژەی سیاسی و قەیرانەکان ، باری کۆمەڵایەتی ، پرسە چارەنووسسازە نیشتیمانییەکان ، ئاشتی و …….. بە پێی یاسا نێو دەوڵەتییەکان پێشکەش بە حکومەتی عێراق بکات .
لەکاتی درککردن بە قەیران ، پشێوی سیاسی ، نەگەیشتن و بنبەستبوونی بە کۆدەنگی رێککەوتن ، نێردەی UN ، دەتوانێ لەگەڵ لایەنەکان کۆببێتەوە ، ئەوە بوو
رۆژی پێنج شەمە ، 2021 / 5 / 27 ، لە ژوورێکی بچووك لە بارەگای UN لە هەولێر ، بە ئامادەبوونی هەر شەش حیزبی بەشداربووی حکومەت ( بەدەر لە حیزبەکانی تر کە جێگەی هەڵوەستە و تێڕوانینە ! ) و بەدەوری مێزێکی بازنەیی خڕدا ( ئەوە دەگەیەنێ کە هەموو لایەنە ناکۆکەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە ، هاوتای یەکن ) ، پلاسخارت کۆیکردنەوە بۆ مەبەستی تاوتوێکردن و تەتەڵەکردنی بارە چەقبەستوو و مەترسیدارەکەی هەرێم و یەکخستنەوەی ناوماڵ و یەکگرتنەوە ، کۆدەنگی و بەرپرسیارێتی مێژوویی بەرامبەر ئەو قۆناغە هەستیارە . ساڵی پاریش ، لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆك ، زۆر راشکاوانە وتبووی ( مانەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان تاسەر زامن نییە ) .
هاوپەیمانان بە گشتی و نێردەی UN بەتایبەتی ، لە بنج و بنەوانەوە دەزانن و ئاگادارن لەو رەوشە بنبەستەی عێراق و هەریم تێیدا گوزەر دەکەن و تێگەیشتنیان بۆ دۆخەکە رۆنترە ، لە جولاندنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەمەڕ پرسی نەوت ، گوێنەدانی هەرێم و بێباکی و وابەستەی بە ئەجیندای دەرەکی ، ئۆپەراسیۆنەکانی لەشکرکێشی تورکیای داگیرکەر بۆ قووڵایی پتر لە 30 کیلۆمەتر بۆناو خاکی هەرێم ، موشەکبارانکردنی هەولێر لە لایەن ئێرانەوە ، پرسی سەرۆککۆمار ، هەڵبژاردن ، نەبوونی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی ، بە حیزبیکردنی دامودەزگاکانی پەرلەمان ، حکومەت ، دادوەری ، ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێم و رەنگدانەوەی لەسەر لەتبوونی هەرێم ، گەندەڵی ، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان ، هەژاری ، بێکاری و …….. ، هەڕەشە و مەترسی جدین لەسەر ئایندەی هەرێم و خواستی وڵاتانی دەوروبەر لەسەر لاوازبوون و لەبار بردنی ئەزموونەکەی ، ئەمەش ساڵی 1974 دێنێتەوە یاد ، کە ئەو هەموو هەوڵە درا لە لایەن لایەن و کەسایەتی دڵسۆز و خەمخۆرانی دۆزی رەوای گەلی کورد ، وەك بریماکۆفی گەورە بیرمەند و سیاسەتمەداری سۆڤێتی ئەو سەردەم ، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ، حیزبی شیوعی عێراقی ، رووناکبیران ، نووسەران و ……. ، کە بە فیتی ئێران شەڕ هەڵنەگیرسێنن و لەگەڵ حکومەتی عێراق رێگای گفتوگۆ بگرنە بەر ، ئەو هەوڵانە لە لایەن سەرکردایەتیە تاکڕەوییەکەی کوردی ، گوێی پێنەدرا و ئاشبەتاڵ و ئەو هەموو کارەساتە و وێرانکردنی ناو ماڵی کوردی لێکەوتەوە !
لە باشوور ، حیزبە دەسەڵاتدارەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی رێکنەکەون ، دەیان کۆبوونەوە لە گەل بەرپرسانی باڵای نمایندەی وڵاتان بکرێت ، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و سواری سەر سەری خۆیان بوونە ، خۆ ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد و لەژێر چاودێری UN و وڵاتانیش بەڕێوە بچێت ؛ چونکە وابەستەی ئەجیندای دەرەکین ، ئامادە نین دەستاودەستی دەسەڵات بکەن مەگەر وڵاتیش ژێراوژوور بێت ، تەنها کوتك دەزانی قۆناغ لە کوێیە !