جوتیار ڕەشید
هەمو لایەک لە مەترسی پیلانەکەی ئەمجارەی ئەردۆغان تێگەیشتون
ئەگەری پەشیمانبونەوەی ئەردۆگان زۆرە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا سلێمان سۆیلۆ،سەبارەت بە ناوچەی ئارام لە لێدوانێکیدا دەڵێ،دوای دروستکردنی ناوچەکە،دەست دەکەین بە دروستکردنی دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبون بۆ ئاوارە سوریەکان, کە ژمارەیان لە 2ملیۆن زیاترە،باسی لە دروستکردنی 100هەزار یەکە کردوە،دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەهەڵمەتێکدا دژی حکومەت بەوە تاوانباریان کردن،لە کاتێکدا هاوڵاتی تورکیا بە زەحمەت بژێوی ڕۆژانەی دابین دەکا،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گرانی زیاتر و دابەزینی زیاتری بەهای لیرە تەنگ بە هاوڵاتیان هەڵدەچنێت،ئەردۆغان دەیەوێ دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبون بۆ ئاوارە سوریەکان لە ناو خاکی سوریا دروست بکا.
سۆیلۆ لەوەڵامی ئۆپۆزسیۆندا گوتی،هەموو پارەی پێویستی ئەو یەکانە ڕێکخراوە خێرخوازیە تورکەکان دابینیان کردوە.
ئەم هەنگاو و نیەتی تورکیا هەموانی لە بەرامبەر پیلانەکەی ئەردۆغان یەکخستوە و ئەمجارەیان هەموان یەک بڕوایان هەیە و یەک ئامانجیش،هەموان بڕوایان وایە مەترسی پیلانەکەی ئەمجارەی ئەردۆگان ترسناکە و زیان لە هەموان دەدا،بۆیە هەموان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە هەوڵی پوچەڵکردنەوەی ئەو پیلانەدان.
-ڕژێمی ئەسەد ڕایگەیاندوە،هێرشەکەی تورکیا داگیرکاری ئاشکرای خاکی سوریایە دیارە بۆچونی ئەسەد بۆچونی ئێرانیەکانیشە.
-حکومەتی ناوەندی عێراق ،ماوەیەکە دەستی بە چەندین جوڵەی سیاسی و هەتا ڕادەیەکیش سەربازی کردوە دژ بە بنکە و هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق.
-ڕوسیا ڕایگەیاند،هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا و دروستکردنی ناوچەی ئارام،ڕەتدەکەینەوە،ئەم جۆرە کردانە لە ئێستادا مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە،هیوادارین تورکیا لەو پیلان و بڕیارەی پەشیمان ببێتەوە.
پێگەی (مدل است اونلاین)،ڕایگەیاند،ڕوسەکان دەستیان کردوە بە جوڵە و پێگەکانیان قایمتر و توند و توندتر دەکەن،سیستمی بەرگری ئاسمانیان گواستۆتەوە بۆ قامشلۆ و تەل ڕەفعەت کە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریای دیموکرات دایە.
-ئەمریکیەکان هەوڵدەدەن ڕۆڵ و پێگەیان لە سوریا بە هێزبکەنەوە.
-کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک بایدن،هەموو دەسەڵاتێکی خۆی داوە بە وەزیری بەرگری (لوید استن)،بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دراوە بۆ دەرهێنانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی(قسد) لە سزاکانی (قيصر).
ئەوەش نامەیەکی ڕونە بۆ تورکیا،کە ئەمریکا بە پەلە دەست دەکا بە ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەی ئەو ناوچانە(هەمان ئەو ناوچانەن کە تورکیا دەیەوێ هێرشیان بۆ بکا و کاولیان بکا و داگیریان بکا،عەرەب و تورکمانیان لێ نیشتەجێ بکا).
لە هەمانکاتدا سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند،ڕێگا بە بوژانەوە و هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد نادەن هەتا نەگەنە ئەو بڕوایەی ڕەفتارەکانی خۆی دەگۆڕێ و کێشەکانی ناوخۆی سوریا بە ئاشتی و سیاسی چارەسەر دەکا.
ئەوەش مانای ئەوەیە ئەوانەی لە هێرشی تورکیا دەیانپارێزین، ڕادەستی ئەسەدیان ناکەین بەڵکو ئەوە ئەسەدە دەبێ ڕەفتارەکانی بگۆڕێ و بە لێکتێگەیشتن لە گەڵ کورد رێکبکەون.
– ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند جەنەراڵ مەزلوم کۆبانێ ڕایگەیاندوە، ئەمریکیەکان لە گەڵ ڕژێمی ئەسەددا لە ئێستادا هاوکاری دەکەن وەک قۆناغێکی کاتی بۆ ڕوبەروبونەوەی مەترسیەکانی هێرشەکەی تورکیا،لە چوارچێوەی پێدانی سیستەمی دژە ئاسمانی سوریا بە هێزەکانی (قسد)،سوریاش بەوە ڕازی دەبێت.
پەیوەندیدار بە لێدوانەکەی مەزڵوم کۆبانێ،رۆژنامەنوسی مەغریبی (عبدالحميد عونى)،ڕایگەیاند،ئەمریکیەکان داوایان لە ئەسەد کردوە نوێنەرێکی مخابەراتی -سەربازی بنێرێتە ئەمریکا،ئەمریکیەکان بە سوریەکانیان گوتوە،ئیسرائیلیەکان هەموو سەکۆ دژە ئاسمانیەکانتان لە سیستمی (S300) ی ڕوسی تێکدەشکێنن،باشتر وایە بیانگوازنەوە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی (قسد) بۆ ئەوەی لە دژی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بەکاریان بهێنن سوریەکانیش بەو پێشنیارە ڕازی بون.
ئەگەر ئەو زانیاریەی (عبدالحميد ) بە لێدوانەکەی (مەزڵوم کۆبانێ) ببەستینەوە،هەردوکیان یەک ناوەڕۆکیان هەیە،کەواتە (قسد) لە ئێستا بەدواوە خاوەنی سیستمی (S300)ی ڕوسیە.
ئەوەش لە ڕوی سەربازیەوە نامەیەکی ئەوەندە توند و ئاشکرایە بۆ ئەردۆگان کە لەوانەیە لە هێرشەکەی پەشیمانی بکاتەوە.
هەرچەندە ئەم جارەیان ئەردۆگان بەڵێنی زۆر قەبەی بە دەنگدەرەکانی داوە و تاکە دەروازەش بۆ ئەردۆگان مابێ هێرشی سەر کوردە،بەڵام یەکێک لە خەسڵەتەکانی کەسی ئەردۆگان بادانەوەیە بە گۆشەی 180 پلە،بە تایبەتیش هێشتا بۆ هەڵبژاردن ساڵێک زیاتری ماوە پاشگەزبونەوەکەی بەوە پینە دەکا،گەلەکۆمەکێیان لێکردین و ئەمڕۆ نا بەیانی هەر لە ناویان دەبەین.
بۆیە ئەگەری پەشیمان بونەوەی ئەردۆغان لە هێرشەکەی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەرێکی بەهێزە.
ئەگەر ئەوە ڕوبدات
هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان زیاد دەکا.