ده‌قی قسه‌كانی ئامینە کاکەباوە لە په‌رله‌مانی سوید

لەلایەن ستاندار Posted on 385 جار بینراوە
465166Image1

 

ده‌قی قسه‌كانی ئامینە کاکەباوە نوێنەری سەربەخۆ لە په‌رله‌مانی سوید

سەبارەت بە داوخوازی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیری داد/ ناوخۆ
لە لایەن پارتیی دێمۆکڕاتەکانی سویدەوە.
سێشەمە  ٧-ی ژووەنی ٢٠٢٢

سپاس سەرۆکی په‌رله‌مان و نوێنەرانی بەڕێزی په‌رله‌مان!

ئەو متمانە پێ نەکردنە کە دەنگی لە سەر دەدرێ لەمەڕ وەزیری داد مۆرگان یووهانسۆنە. ئەمن و مۆرگان یووهانسوون هاوکارییەکی گەلێک باشمان هەبووە سەبارەت بە کار و خەبات بە دژی  سەرکوتکردن بە ناوی نامووس. هیچ وەزیری دادێك تاکوو ئێستا ئەوەندە دەستپێشخەری نەکردووە و ئەوەندە هەنگاوی هەڵنەهێناوەتەوە بۆ توندکردنی قانوون لەو بوارەدا. ئەگەرچی زۆر هەنگاوی دیکە ماوە کە هەڵبهێندرێتەوە باوەری من بە مۆرگان یووهانسۆن لە سەرجێی خۆیەتی و نەگۆڕاوە.

 

بە پێچەوانە وەک هەموو دەزانن  وتوێژی حکوومەت بۆ پەیوەست بوون بە پەیمانی ناتو تەئسیری بووە لە سەر باوەڕی من و زۆر کەسی دیکە بە حکوومەت. لە ڕۆژنامەکاندا ئیدیعای ئاوا کراوە کە گۆیا ئەمن لە په‌رله‌مان لە بەرژەوەندیی کورد کار دەکەم لە جیاتی ئەوەی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی سوید کار بکەم. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو شتەی منی نیگەران کردووە سەروەری سویدە.
کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢ ئەمن گەیشتمە سوید دەبوو هێندێک تاقیکردنەوەی پزشکیم لە سەر بکرێ. کە ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە سەر هەموو ئەو کەسانەی کە تازە دێنە سوید دەکرێ. لە شاری وێسترئۆس دوای ئەوەی دوکتورەکە چاوی لە ئاکامی تاقیکردنەوەی خوێنی من کرد کاردانەوەی نیشان دا، لە خوێنم دا کەمایەسی هەبوو. ئەوە ئاکامی هێرشی شیمیایی سەدام حوسێن بوو بۆ سەر هەڵەبجە و بۆ سەر کەمپی پێشمەرگەکانی ئێمە، کە لەوێدا بەسەدان کەس لە هاوڕێیانی من کووژران و لە شاری هەڵەبجە  زیاتر لە ٥٠٠٠ کورد لەبەر کیمیاباران کوژران.
ئەو زوڵم و زۆردارییەی لە کورد دەکرێ بە لەش و پیستی خۆمەوە هەستی پێ دەکەم. ئەوە دەخوێنی مندا دەگەڕێ، بەڵام ئەمن لە په‌رله‌مانی سوید ئەرکی خۆم وەک سویدییەک بەڕێوە دەبەم. ئەوەی ئەمن باسی لێوە دەکەم بریتییە لە سەربەخۆیی سوید.

لە ماوەی چەند ڕۆژی دیکە دا من پێشنیارێک لەگەڵ وەزیری کولتوور دەهێنمە گۆڕێ سەبارەت بەوەی کە نابێ ڕێگا بدرێ دیکتاتۆرە لاوەییەکان لە وڵاتی سوید  کۆرو کۆمەڵی دینی باربوو بکەن، قسە لە سەر ئەوەیە کە سوید نابێ ئیزن بدا هێزەکانی دەرەوە تەئسیری تێدا بکەن.
ئەم ڕاوێژو قسەکردنەش هەر لە سەر ئەو بابەتەیە. ئەوە ناتۆ و یێنس ستۆلتنبەری سکرتێری ناتۆیە کە شەرتومەرج لە سەر سوید دادەنێن، ئەوە تورکیا و ئەردۆغانن، ئەردۆغانێکی سەڕەڕۆ کە سیاسەتێکی ڕەگەپەرستانە  بە دژی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جوغرافیای یەکێتیی ئوڕووپا دا بەڕێوە دەبا و تەنانەت لەم په‌رله‌مانەش. قسە لە سەر ئەوەیە گەلۆ سوید هەتا چەند ڕێگا دەدا هێزێکی بێگانە بە سەر وڵاتی ئێمە دا حوکم بکا؟  ئەوە په‌رله‌مانی سویدە کە دەبێ سەبارەت بە قانوونەکانی لە مەڕهەناردە کردنی چەک و چۆل بڕیار بدا یان ئەوە تورکیایە؟  ئایا ئەوە تورکیایە کە دەبێ بڕیار بدا سوید لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بە پشتوانی ئەمریکا شەڕی داعش دەکەن پێوەندی نەبێ. ئایا ئەوە ڕەوایە ئێمە ئازادیی بەیان و ئازادی کۆبوونەوەی  خۆمان  بەپێی داوخوازی ئەردۆغان هەموار بکەین؟ ئایا سەرۆکی وڵاتێکی دیکە بۆی هەیە بڕیار بدا  کێ دەبێ وەزیری دیفاعی ئێمەبێ؟ ئایا سەفیری وڵاتێکی دیکە لە سوید بۆی هەیە داوا بکا سوید ئەندامەکانی په‌رله‌مانی خۆی ڕادەستی دەوڵەتەکەی وی بکا؟
سەرۆکی بەڕێزی په‌رله‌مانی لەم هۆڵەدایە کە دەبێ قانوونەکانی لەمەڕ ئەم وڵاتە پەسند بکرێن و دابندرێن نەک لە ئانکارا. ئەمن پشتیوانی لەوە دەکەم کە سوید خۆی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بڕیار بدا.
پارتییەکانی ناو ئەم په‌رله‌مانە هەموویان یەک دەنگ بوون بۆ پشتیوانی لەو شەڕڤانانەی کە لە پێناو مافی ئازادی و ئینسانی خۆیاندا خەباتیان کردووە. ئەمن و پارتیی سۆسیال دێمۆکراتی سوید هاوبیرییەکی نزیکمان هەیە لەمەر پێویستی پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکان لە تورکیا و لە ڕۆژئاوا. ئەمن باوەڕم وایە کە ئەو پارتییە لە داهاتووش دا ئەو پشتیوانییە دەکا. جەنگاوەرانی ئازادی لە یەپەگە و یەپەژە کە دژی داعش خەباتیان کرد و بەچۆکیان دا هێنا  لە ڕووی نیزامییەوە و جیهانیان لە تێرۆر ڕزگار کرد هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان لێ دەوەشێتەوە. هەر وەها دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری سێهەمین پارتی هەرە گەورەی تورکیا و زیندانییەکانی دیکەی پارتیی هەدەپەش هەر ئاوایە، ئەو زیندانە سیاسییانە، ئەوانەی وا لە بەر بیروباوەریان زیندانی کراون دەبێ ئازاد بکرێن.
شەڕی ئەردۆغان کشتوکاڵی کوردەکانی لە ناوبردووە و تەنانەت ماڵی مەسیحییەکانیش وەبەر بۆمبەکانی کەوتوون  و بە هەزاران خاوخێزانی لە ماڵ و حالیان دەرپەڕاندووە، لە هەمان کاتدا ژنان خۆیان ڕێک دەخەن بەدژی ئیسلامی  فوندێمێنتالیستی ( بنچینەگر)  و هەروەها سەرکوتکردن بە ناوی پاراستنی نامووس.

یەپەگە و یەپەژە پێویستیان بە درێژە کێشانی ئەو یارمەتییانە هەیە کە پێیان دەکرێ و سوید نابێ بکەوێتە ریزی ئەوانەی کە پشتیان تێ دەکەن. ئێمە نابێ بێدەنگ بین لە کاتێکدا ئەردۆغان چەکی شیمیایی بە دژی ژن و منداڵان دە کار دەکا.  داوخوازی ئەردۆغان  کە دەبی کوردەکان لە سوید دەربکرێن زۆر لە سویدییەکانی نیگەران کردووە.
مرۆڤ دەبێ متمانە بکا بە پۆلیسی ئەمنییەتی سوید کە گوێ نەداتە قانوونی تێڕۆڕی ئەڕدۆغان بەدژی ئەو شەڕڤانانەی ئازادی کە ئێمە پشتیوانیان لێ دەکەین. ئەمن دەزانم مۆرگان یووهانسۆن سیاسەتمەدارێکە کە ڕێز لە مافی ئەمنییەت دەگرێ و ڕەچاوی دەکا. ئەمن باوەر بەو ئۆپۆزسیۆنە سیاسییە ناکەم کە دێ لە سەر شاشەی تێلێڤیزیۆن دەڵێ دەستی من لە خەبات لە پێناو ماف و ئازادییەکان و مافی ژنان کورت دەکاتەوە. کاتێک من لەگەڵ هێندێک لە نوێنەرانی باڵای سۆسیال دێمۆکڕاتەکان قسە دەکەم هەست بە بڕێک ئەمنییەت دەکەم، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەمن نیگەرانییەکی زۆریشم نییە. ئەمن ئەو نیگەرانییەم لەگەڵ حکوومەت بەش دەکەم و زۆر سویدی دیکەش هەست بەو نیگەرانییە دەکەن. بەڵام لە ئانکارا دەبێ بزانن کە ئەم حکوومەتە لە لایەن تێرۆریستانەوە پشتیوانی ناکرێ بەڵکوو لە لایەن ئەو سویدییانەوە پشتیوانی لێدەکرێ کە پشتیوانی دەکەن لە ئازادی و مافی ژنان و دێمۆکڕاسی و مافی کچان لە بەرامبەر داودەزگا جیاوازە بابمەزنییەکان دا و ئیمە لە خوێنی خۆماندا هەست بەو زوڵم و زۆردارییە دەکەین لە کوردان دەکرێ. سپاس

وەرگێڕان لە سویدییەوە: حەسەن قازی