ئایا ھەڵبژاردن دەتوانرێت لە وادەی خۆیدا بەرێوەبچێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 535 جار بینراوە

سەرباز تاڵەبانی/ ماستەر لە ھەڵبژاردن

ھەرچەندە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە مەرسومێکی دەرکرد بۆ دیاری کردنی خولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری ١/١٠/٢٠٢٢.
ئەوەی ئاستەنگە لەبەردەم بەرێوەچونی ھەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەوەیە کە لایەنە سیاسیەکان کۆک نین لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و شێوازی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، بە و پێیەی ئەو یاسایەی کە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ی پێ بەرێوە چووە یەک بازنەیی بووە، ئەمەش لایەنەکانی دابەش کردووە بەسەر دوو بەرەدا:

بەرەی یەکەم/ کە پێکدێن لە (یەکێتیی—گۆران—یەکگرتوو—کۆمەڵ—نەوەی نوێ…ھتد) ئەم بەرەیە زیاتر بە بەرەی پێشکەوتوخواز ناسراون داوادەکەن یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکرێتەوە و کوردستان لە یەک بازنەییەوە بکرێت بەسەر چوار بەزنەدا، چونکە ئەوان ئەڵێن یەکەم خولی پەرلەمان کە لە ١٩/٥/١٩٩٢بەرێوەچووە بەسیستمی یەک بازنەیی (داخرا)بووە و پێیان وایە ناکرێت ھەڵبژاردن بە سیستمێک بەرێوە بچێت کە کوردستان بگەرێتەوە بۆدواوە و پێویستە چاو لە وڵاتە پێشکەوتوخوازەکان بکرێت و سیستمی فرەبازنەیی پەیرەوبکرێت.

بەرەی دووەم/ کە پێکدێن لە (پارتی—بەشێک لە کەمینەکان—سۆسیالست) ئەم بەرەیە کە بە بەرەی زۆرینەی پەرلەمان ناسراون، پێیان وایە کە واباشترە ھەڵبژاردن بە یەک بازنەیی بەرێوەبچێت ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی خولی یەکەم ١٩٩٢ و خولی پێنجەم ٢٠١٨.

پارتی بەو پێیەی کە زۆرترین قازانجی لە سیستمی یەک بازنەیی کردووە پێی وایە ئەگەر فرەبازنەیی بێت بەشێک لەکورسیەکانی لەدەست دەدات.

کەمینەکانیش پێیان وایە بەرژەواندیان لەگەڵ پارتییەو نایانەوێت پاروو لەدەمیان بەربێتەوە، ئیدیعای ئەوە ئەکەن کە رەنگە لەسیستمی فرەبازنەیی دا دەستکاری رێژەی کورسیەکانیان بکەن کە ئێستا ١١کورسیان بۆ تەرخانکراوە، ھەرچەندە بەرەی پێشکەوتوخواز بەڵێنیان دووپاتکردۆتەوە کە لەئەگەری ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دەستکاری ئەو ١١کورسیەی کۆتاکان ناکەن، تەنیا رەنگە کورسیەکانیان دابەش بکەن بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردندا.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ چاودێرانی سیاسی ئەوەیە کە بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو بەرەی پێشکەوتوخواز لەسەر دێری ھەواڵەکانیان ھەموو رۆژێک ئەوە دووپات ئەکەنەوە کە یەکێتیی و پارتی نایانەوێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەرێوە بچێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە خۆیان ھاوپەیمانی بەرەی یەکێتیین و داوای ھەموارکردنەوەی ھەڵبژاردنیش دەکەن.بۆیە بەڕای چاودێران لەبری ئەوەی یەکێتیی تۆمەتباربکەن با گوشارەکانیان چربکەنەوە لەسەر پارتی بۆئەوەی بێتە ژێر باری داواکاری زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

کێشەیەکی تر کە وائەکات ئەگەرەکان زیاتربن کە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەرێوەنەچێت ئەوەیە کە کۆمسیۆن دوو ساڵە ماوەکەی بەسەر چووە، پێویستە بەزوترین کات یان ماوەیان بۆدرێژبکرێتەوە یانیش ھەڵوەشێتەوە و کۆمسیۆنێکی تازە ھەڵببژێرن کە بێگومان بەپێی پشکی بەرکەوتوی کۆتا ھەڵبژاردن دەبێت، ئۆپۆزسیۆن داوای نوێنەر ئەکات لە کۆمسیۆن و کەمینەکانیش بەھەمان شێوە داوای نوێنەر ئەکەن، بۆیە ئەم کێشمەکێشە وا ئەکات ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لاوازبێت.

ئەمە جگە لەوەی کە سەرژمێریەکی راست و دروست نیە کە بیسەلمێنێت ژمارەی دەنگدەرانی کوردستان چەندە؟
وە بەم ماوەکەمەی کە لەبەردەستدایە کە (٤) مانگە ناتوانرێت لیستێکی پاکی تۆماری دەنگداران ئامادە بکرێت.

خۆ ئەگەر پشت ببەسترێت بە لیستی تۆماری دەنگدەرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقیش ١٠/١٠/٢٠٢١، دیسانەوە کێشەیەک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە کە:
دوا وادە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران ھەروەک لە پێرستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراقدا ھاتووە ١٥/٤/٢٠٢١بووە، واتا ئەوەی لەدوای ئەم بەروارە (مردوو)ە، ناوی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا نەسڕاوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە موالیدێکی تازەش لە دوای١٥/٤/٢٠٢١وە زیادبووە کە مافی دەنگدانیان ھەیە و دیسان ناویان لەم لیستەی تۆماری دەنگدەراندا نییە.

بەرمەبنای ھەموو ئەو ئەگەرانەی سەرەوە وادەکەن کە ناتوانرێت ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەرێوە بچێت.
ھەرچەندە لە دوو کۆبونەوەی ڕابردووی نێوان پلاسخارتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەزوترین کات ھەڵبژاردن لە کوردستان بەرێوەبچێت.

بەھەموو ئەگەرێک ئەگەر لایەنەکان بەزوترین کات ڕێکبکەون ڕەنگە (٦)مان لەدوای وادەی دیاری کراوی خۆی ھەڵبژاردن بەرێوەبچێت واتا ١/٤/٢٠٢٣