چۆن منداڵەکانمان بەشێوەیەکی تەندروست پەروەردە بکەین؟

لەلایەن ستاندار Posted on 728 جار بینراوە

 

وەلید محەمەد

بێگومان زۆربەی خێزانەکان گرنگی و بایەخێکی زۆر بە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دەدەن، چونکە منداڵ توێژێکی هەستیار و گرنگی ناو کۆمەڵگایەو پەروەردەکردنیان لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی ترو لەژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر جیاوازەو خێزان یەکەمین دامەزراوەی پەروەردە و بەردی بناغەی پەروەردەی منداڵانە, هەر بۆیە پەروەردەکردنی منداڵ هەر لەو کاتەی لەسکی دایکیدایە دەستپێدەکات تا تەمەنی هەژدە ساڵیش تێپەردەکات. لەپەردوەردەکردنی منداڵدا پێویستە ڕەچاوی ئەمانە بکرێت، پێویستە دایک و باوکان هەمیشە سۆز و خۆشەویستییەکی زیاتر بە منداڵەکانیان ببەخشن، چۆنکە ڕێزگرتن و خۆشەویستی بناغەی سەرکەوتن و بەختەوەری خێزانە، هەروەها پێویستە ڕێ بە منداڵانیش بدرێت گوزارشت لە راو سەرنجەکانی خۆیان و ئازادی و رادەڕبرینیان بکەن. هەروەها رۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنی منداڵ هەر لەوکاتەی لە سکی دایکیدایە دەستپێدەکات تا تەمەنی ١٨ ساڵی و بەچەندین قوناغ تێپەردەبێت، هەروەها پێش لە دایکبوونی منداڵەکە دەبێت دایک و باوک شارەزایان لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەبێت، چونکە ئەرکی خێزان هەستیارە کە بریتییە لەوەی بنیادنان و رینمایی کردن وئامۆژگاریکردن و ئاراستەکردن، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست تا یارمەتیدەری گەشەکردنی منداڵەکانیان بن. هەروەها پێویستە دایک و باوکان کات بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ منداڵەکانیان تەرخان بکەن وەک خوێندنەوەی چیرۆک و یاری کردن و گەشت و گەران و گێڕانەوەی کڵتووری نەتەوەکەیان و نیشتمانەکەیان تا ئاشنای ببن، هەروەها دەربارەی کار و چالاکییەکانی قوتابخانە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، لە رووی بەکارهێنانی یارییە ئەلەکتڕۆنیەکانیش هوشیاری بدەن بە منداڵەکانیان و نابێت لە خوار تەمەنی ١٦ ساڵیەوە مۆبایل و ئامێرەکانی تری هاوشێوەی هەبێت کاتی ئامۆژگاری کردنی منداڵان نابــێت زۆر درێژبێت و پێویستە لە ٥ خولەك زیاتر نەبێت بۆ ئەوەی ئەو منداڵە دوای تەواو بوونی ئامۆژگاریەکە بزانێت باوکی یان دایکی باسی چی بۆ کردووە و چ شتێکی نوێ فێربووە لەم ئامۆژگارییەوە بەکارهێنانی لێدان بۆ منداڵان بە شێــوەیەکی گشتی کارێکی خراپ و ناپەسەندو ڕێگەپێدراو نیە. هەروەها پێویستە دایک و باوک هەوڵ بدەن هاوڕێکانی منداڵەکانیان بناسن و لەگەڵ خێزانی ئەوان ببن بەهاورێ کە ئەمە یەکیکە لە گرنگیدانەکانی ئایین. پەروەردەیەکی زۆر توند فێری مناڵەکانتان نەکەن و ئەو منداڵانەی دەگمەنن واتە بەهیچ شێوەیەک گوێ لە بەرانبەر ناگرن و ئامۆژگاری وەرناگرن ئەوکات ئەبێت دایک و باوک بە شێوازێکی ڕێکخراو و شارەزاو بەهێمنی لەگەڵیان بدۆیـن, هاوکاریان بن لەفێرکردنیان چۆن چارەسەری کێشەکانیان بکەن تا لە داهاتوو پشت بەخۆیان ببەستن, بە هەڵە وەڵامی منداڵەکانتان نەدەنەوەو ڕاستگۆ بن لەگەڵیان، هەروەها هاندان, ستایش, پیزانین, پاداشت و خەڵاتکردن …… کاریگەریی ئەرێنی و زۆر باش بۆ منداڵەکانتان هەیە. ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردن تەنیا لە ئەستۆی دایکاندا نییە، بەڵکو لە ئەستوی باوکانیشدایە و ھەردووکیان بەرپرسن لەپەروەردەی منداڵەکانیان, وەپێویستە دایک و باوک لەسەر یەک شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ رێکبکەون و یەکسان بن. لێرەدا دایکان و باوکان ھەردووکیان بەرپرسن لەپەروەردەی منداڵداو جیاوازی نیە لەنێوانیاندا، بەڵکو رۆڵی ھەردووکیان زۆرگرنگەو ھەریەکێکیان بەشێک لەکەسایەتی ئەو منداڵە پڕ دەکەنەوەو وەھەرگیز گلەیی لەمنداڵەکانتان نەکەن چۆنکە کاریگەری دەکاتە سەر دەروونی منداڵ. لێرەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە دایک و باوک کلیلی پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی منداڵن بەشێوەیەکی باش و تەندروست.