دەسەڵاتی كوردی، چۆن رێگای بۆ درووستكردنی قەیرانەكان خۆش كردووە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 527 جار بینراوە

ستاندەر

چ مەترسییەك چاوەڕێی هەرێمی كوردستان دەكات؟ دەسەڵاتی كوردی، چۆن رێگای بۆ درووستكردنی قەیرانەكان خۆش كردووە؟

ئێستا دەمی هەر هاوڵاتیەك بكەیتەوە سكاڵا دەكات لەدەست گرانی بازاڕ و كەلوپەل، بەرهەمەكان هەیە و زۆرە، بەڵام نرخ بەرز و بەرزتر دەبێتەوە.

بەڵام بیرت لەوە كردۆتەوە رۆژێك لەبازارەكان بەپارەش نەتوانییت خۆراك و بەرهەمەكان بەدەست بهێنێت؟
یانیش، ئەگەر بەدەستیشی بهێنێت بە نرخی خەیاڵی دەبێت!
ئایا ئەوە تەنها قسەیە یان پێشبینی كراوە و ئەگەری روودانی هەیە لە هەرێمی كوردستان؟

هێڤیدار ئەحمەد، پەڕلەمانتاری پارتی لە نوێترین وتارییدا بەناوی “تكایە فریاكەون” ئەم بابەتەی ورووژاند و، وەك یەكێك لەو سێ مەترسییە گەورەیەی كە چاوەڕێ دەكرێت لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو چاری هەرێمی كوردستان ببێتەوە ئاماژەی پێكرد.

ناوبراو دەڵێت: پرسیارم ناردووە بۆ بەڕێز، وەزیری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کە لە سەتا چەند هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، پشت بە خۆی دەبەستێت؟ ـ وەڵامەکە زۆر ترسناک و سەرسوڕهێنەر بوو، ئەویش ئەوەبوو: ـ تەنیا 10٪ و، 90٪ی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە دەهێندرێن.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، وڵاتێکی وەک تورکیا لە 2030 دا توانای هەناردەکردنی تەماتە، رۆن، ئارد و زۆرینەی بەرهەمی خواردەمەنی نامێنێت بۆ دەرەوە، تەنیا دەتوانێت بەشی ناوخۆیی دابین بکات.

ئەوە لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستانیش زۆرینەی بەرهەمە خواردەمەنیەكانی لە دەرەوە و بەتایبەت لە توركیا بۆ دێت، بەو پێیەش بێت هەڕەشەكە جددییە و ئەگەری زۆرە هەرێمی كوردستان دووچاری كێشەی كەمی خۆراك و خواردەمەنی بێتەوە،

بە تایبەت كە وەك پەڕلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت: چاوەرێ دەكرێت ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بەگەیشتنمان بە ساڵی 2030دا بگاتە حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار كەس.

بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان هەنگاوی خێرا بۆ زیاتركردنی بەرهەمی ناوخۆیی نەنێت چاوەڕێ دەكرێت لە داهاتوودا ڕووبەڕوویی كێشەی گەورەی دابینكردنی پێداویستیە خۆراكیەكان ببێتەوە.

سەبارەت بەدۆخی ئێستاش بۆ سنووردانان بۆ ئەم گرانیەی كوردستان تێی كەوتووە، كە لەگەڵ شكاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەستی پێكرد و، لەگەڵ دەستپێكی شەڕی ئۆكڕانیا و ڕووسیاش گەیشتە لووتكە، ئەوە جگە لەوەی قۆرخکاری بۆ کۆمپانیا زەبەلاحە حیزبییەکانیش ڕۆڵی گەورەیان لەو پڕۆسەیەدا گێڕاوه.

چاودێران پێیان وایە، جگە لە هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەكردنی بابەتە خواردەمەنییەكان،لە پاڵیدا پێویستە حكوومەتی هەرێم، لەگەڵ بەغدا كار بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بكەن، هەنگاوێكی ترییش بەو پێیەی وزە، واتە بەنزین و گاز لە هەموو كاڵا و خزمەتگوزارییەكان خەرج دەكرێت، پێویستە حكوومەتی هەرێم بەنزین و گاز بە نرخی پاڵپشتی كراو هاوشێوەی عێڕاق دابین بكات،
بەتایبەت بۆ ئەوانەی: لە گواستنەوە و بەرهەمهێنانی، خزمەتگوزاری و گواستنەوەی كاڵا كار دەكەن، هەرزانی سووتەمەنی فاکتەرێکی گرنگ دەبێت لە کەمکردنەوەی تێچووەکان، ئەمەش وادەکات نرخ دابەزێت!!

ئەوكات حكوومەت دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە سووكکردنی باری شانی هاووڵاتیان، لە قەیرانی گرانبوونی كاڵا و كەلوپەل كە هەموو جیهانی گرتۆتەوە.