ئامینە کاکە باوە ، ئەو ژنەی بۆ ژیان ناژی ، بۆ بەرخودان دەژی !

لەلایەن ستاندار Posted on 1139 جار بینراوە

 

No photo description available.

ئیدریس سدیق

سیمبولی ژنی مەرد و ئازا و تێکۆشەر ، زۆرن ئەو شێرە ژنانەی بە هەڵوێستی دلێرانە ، بیر و باوەڕ و مۆڕاڵی بەرز ٫ بە دەستی خۆیان مێژووی گەلەکەیان بە شکۆمەندی دە نەخشێنن ، براسکۆفیا ، رۆزا ، زۆیا ، مەستورەی ئەڕدەڵان و ……. ،
لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵات لەناو ئێش و ئازار و ستەمدا چاوی هەڵێناوە ،تورجان مەڵبەند و کوانووی زانست و مەعریفە بووە ، کەڵە پیاوانی وەکو مەلا محەمەد ، مەلا عەلی ، مەلا ئەحمەد تورجانی زادە ، سوارەی ئیلخانی زادە ، حەسەن قزلجی و ….. بووە ، هەر بۆیەش لە تەمەنی چواردە ساڵیدا و لە پێناو کوردبوون و وڵاتپارێزی ، دۆزی رەوای نەتەوەکەی ، خەبات لە پێناو بەهاکانی دیموکراتی لە ریزەکانی کۆمەڵە ، دژی داگیرکاری دەوەستێتەوە ، لە ساڵی 1992 ، لە وڵاتی سوی گیرساوەتەوە ، بەکالۆریوسی لە راوێژی کۆمەڵایەتی و ماستەری لە فەلسەفە بەدەستهێناوە ، لە ناو ریزەکانی پارتی چەپی سویدی ، لە رەهەندەکانی مافی مرۆڤ ، دیموکراتی ، ئازادی، پرسی ژنان ، توند و تیژی ، بازرگانیکردن بە مرۆڤ ، پرسی پەنابەران ، پرسی رەوای نەتەوەکەی و ……. هەمیشە لەسەر پێ بووە ، دوو خولە ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە ، کە سێیەم وڵاتە لە لیستی 165 وڵاتانی دیموکراتی جێهان .
کاتێ ژن رۆشنبیر دەبێ ، کەسایەتییەکەی بەهێز دەبێ دەبێتە خاوەن بڕیاری خۆی ، بە کردەوە ، هەڵوێستی بەرهەمدار دەبێت و دەبێت بە سەرکردەی راستەقینە ، دەسەڵمێنێ بوێری و تێکۆشان ، رەگەزی نییە و لە دەرەوەی بازنەی رەچەڵەك ، هۆز ، بنەماڵە و خێڵە .
خاتوو ئامینەی شا ژن و شێرە ژن ، بەر لە کورد بوونی بە مرۆڤبوونە ، سونبولی ژنی مەرد و بە هەڵوێستە ، بەبێ ترس رووبەڕووی هەڕەشە و ئاستەنگ و بەربەستەکان بۆتەوە ، دەنگێکی ئازا و ئازاد و دیار ، پێشەنڴ لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتدا ، خاوەن بیر و باوەڕ و مۆڕاڵی بەرز ، تەمەنێك پڕاوپڕ لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی مەرد .
سویدێکی دیموکرات ، کارا لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ، چ لە ناوەوە ، چ لەدەرەوە ، دەکرێ هاوڵاتییەکی خۆی ، بە سووك و ئاسانی رادەستی تورکیای ئاژاوەگێڕ و پێشێلکاری مافی مرۆڤی بکات ؟
ئەوە ئەو کچە رۆژهەڵاتییە بوو ، کە تاکە دەنگەکەی یەکلاکەرەوە بوو لە پێدانی متمانە یا سەندنەوەی لە حکومەت ، ئەوە ئەو دەنگە بەهێزە بوو لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە رۆژی حەوتی حوزەیرانی ئەم مانگە ، بە ئیڕادەیەکی بەز و خۆڕاگرانە ، لە بەرامبەر چەند مەرجێکی هەستیار بۆ سۆشیال دیموکراتەکانی دەسەڵات چەسپاند و وازی نەهێنا ، کە سەرەکیترینیان کارکردنبوو لەسەر کەیسەکانی گەلی کورد و بەتایبەتیش پشتیوانی رۆژئاوا و بە ئەندامبوون لە پەیمانی ناتۆ . وەك سەلاحەدین دەمێرتاش ، بەکردەوە سەڵماندی بە کردەوە و هەڵوێستی وڵاتپارێزی دەبیت بە سەرکردەی راستەقینە ، وەك لەیلا زاناش بەرامبەر دڕندەترین دوژمن سەنگەری گرتووە ، بووەتە گەورەترین بەربەستی رژێمی فاشیستی و رووبەڕووی دوژمنان بوەتەوە ، رێچکە شکێنی ناو جەرگەی سیستەمی سەرمایەداری ، وەچەرخاندەکا ، راشکاوانە روو لە پەرلەماندەکا و دەڵێ : چۆن دەبێت ئەردوغان لەو سەری دنیا بێت سوید بەڕێوەببات ، کەچی دێت کورد بە کیمیاوی دەکوژێت ؟ ! هەموو وڵاتانی ئەوروپا دژی ئەردوغان بێدەنگن ، بەڵام من بێدەنگ نابم ! تورکیای داگیرکەر فاشستە .
لە باشوور بە درێژایی پتر لە سێ چارەکە سەدەیە ، ئەسپە کەحێلەکان رێگەیان پێنادرێت لە پێشبڕکێدا قۆشمە بکەن ، گوێدرێژەکان براوەی یەکەم و زین دەکرێن ، بەناو سەرکردایەتی ناپاك ، دۆڕاو و بێ مۆڕاڵی کوردایەتی ، بازرگانانی خوێنی گەشی شەهیدان ، جگە لە داڕمان و کاولکاری ، قین و چەمانەوەو چاوساغی بۆ دوژمنان چییان بەرهەمهێناوە ؟ سەڵماندیان خەبات و تێکۆشان هیچ کاتێ بۆ سەربەخۆیی و دۆزی رەوای گەلە ستەمدیدەکە نەبووە ، روحی شەهیدان و جەستەی شاخیان فرۆشت و بێ دەربەستیش ، بە بچووکی و سەرکزی لەسەر کورسی دەسەڵات مانەوە ، کاروانەکەیان بەناو تونێڵێکی تاریك و ساختەکاریدا برد ، نە لە ناوەوە و نە لە دەرەوەش ، نەیانتوانی لۆبییەکی بەهێز و کارا و بەرپرسانەی وەك خاتوو ئامینەی کاکە باوەی کوردان چێبکەن ، هیچ کاتێ لەسەر پرسە هەستیارەکان نەهاتوونەتە دەنگ و …….. ، بۆیەش پاساوە لۆژیکییە بێ سەروبەرەکانیان ، دەبێ تەتەڵە و شەن و کەوی بۆ بکرێ ، بدرێتە بەر لێکۆڵینەوە و نەشتەرگەری رەخنەی زانستییانە .
ئامینەی کاکە باوە ، ئیڕادەی ئازادی سەرخست ، راستڕەوەکانی سویدی شلەژاند ، پیلانگێڕییە مەترسیدارەکەی تورکیای داگیرکەر لە رادەستکردنەوەی 35 داواکراو هەڵوەشاندەوە ، هەر کوردی لە گێچەڵی ئەردوغان رزگار نەکرد بەڵکو سویدیشی لە داڕووخان بەدوور گرت و پێگەی کوردی بەهێزکرد ، ئەوە ئەو نامە هۆشدارییە پڕ واتایە بوو کە ئەردوغان دەبێ عاقڵبێ و دەست لە تاوانکاری و داگیرکاری هەڵگرێ ، شکستپێهێنانی دوژمنانی کورد بوو ،دەیتوانی وەك خیانەتکاران بێدەنگبێت و چاو لەو هەموو پێشێلکاریی و مەینەتییانە بنووقێنێ و بە هەزارەها دۆلار بیفرۆشێ ، کە بە هەموو مێژووی خەباتی کورد ، هیچ سەرکردەیەکی کورد ئاوا بڕیاری بوێرانەی بۆ نەچۆتە سەر ، هەڵوێستێکی جۆشێنەری کوانووی بەڕەنگار بوونەوە .
چەند جوانن ئەوانەی پلە و پۆست و پارە نایانچەمێنێتەوە ، شکۆمەندن و هەمیشە لە بەرەی گەلن ، ئاوێنەیەکن بۆ مێژوو .
ئامینە دەنگی ئێمەیە و ئێمەش پشتیوانی ئامینەین .
سەر بڵندی و سەرفرازی بۆ تەواوی وڵاتپارێزان و دڵسۆزانی بوێر و بە هەڵوێست .