دیاردەی گەندەڵی و بەكەلتوركردنی گەندەڵی

لەلایەن ستاندار Posted on 376 جار بینراوە
موحەممەد سیروان
یەكێك لەو چەمكانەی زۆرجاران بەهەڵە بەكاردێنین سەبارەت بە واقیعی هەرێمی كوردستان گەندەڵی _یە كە پێناسەكردنیەتی لەچوارچێوەی دیاردەی گەندەڵی كە لە نیشانە دیارەكانی دیاردەی گەندەڵی بریتین لە:
1) بە نهێنی ئەنجام دەدرێت.
2) كەسی ئەنجامدەر ترسی لە لەكەداربوونی كەسایەتی هەیە لەكاتی ئاشكرابوونی.
3) كەسی ئەنجامدەر لە دەسەڵاتی یاسا دەترسێ كە سزای بدات.
ئەوە گەندەڵییە لەسەر ئاستی تاك كە دەتوانین لە چوارچێوەی دیاردە پێناسەی بكەین و لەهەمووكاتێك و شوێنێك تا مرۆڤ مابێت دەمێنێت.
بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە تەواو جیاوازە ئەویش بە سیستەمكردنی گەندەڵییە یان سیستەمی گەندەڵ بە واتایەكیدیكە بە كەلتوركردنی گەندەڵی بە بەرنامە، كە كەسی ئەنجامدەر:
1) بەئاشكرا ئەنجامی دەدا.
2) ترسی لە لەكەداربوونی كەسایەتی نییە، ئەوڕۆ بەبەڵگەوە دزی لەسەر بڵاودەكرێتەوە سبەینێ كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەكات و باسی چاكسازیت لۆ دەكا.
3) نەك هەر لە یاسا ناترسێ بەڵكو خۆی یاسا دادەڕێژێ و دادوەر دامەزرێنێ زۆربەی جاریش هەر بە یاسا گەندەڵی ئەنجامدەدات.
لەم سیستەمە یەكەم مەرجی بەشداربوون و سوودمەندبوون تێیدا گەندەڵ بوونە، بۆ ئەوەی پۆستێكی بەرزتر وەربگری پێویستە گەندەڵتر بیت، ئەوەی بەرزترین پۆستی هەیە واتە گەندەترینە، تەنانەت عەیبە ئەگەر گەندەڵ نەبی دەڵێن نازانی لۆ خۆی بخوا!
ئەگەر تاك تاكە كەسی پاكیش لەو سیستەمە بونیان هەبێت یان پێویستە بێدەنگ بن، یانیش لەگەڵ درێژتربوونی تەمەنی سیستەمەكە هەم ئەوان یەك یەك بە یاسا سزادەدرێن و پەراوێز دەخرێن، وە هەم گەندەڵیش بەكەلتور دەكرێ.
لەم سیستەمەدا كارمەندی باش ئەو كارمەندەیە كە ئاسانترین ڕێگای گەندەڵی بۆ بەرپرسەكەی دەدۆزێتەوە، تەماشای دەورووبەری بەرپرسە باڵاكانی ئێمە بكە زۆربەیان ئەوانەن كە خەبیری پارە سپیكردنەوە و دۆزینەوەی ڕێگایەكی زیاتری دزیكردنن لەژێر ناوی یاسا.
ئەوەی لەهەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆری وڵاتە دواكەوتووەكان هەیە دیاردەیەك نییە لەسیستەمەكە بەڵكو هەر خودی سیستەمەكە لەسەر بنەمای گەندەڵی داڕێژراوە، كەواتە نەهێشتنی گەندەڵی لەڕێگەی چاكسازی ڕێژەیی و هەبوونی ئومێد بە بنەبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن دەسەڵاتدارانی خودی سیستەمەكە خەونێكە كە قەت لەخەویشدا نایبنی بەڵكو پێویستی بە هەڵوەشاندنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمەكە هەیە لەسەرەتاوە.