ئەگەر لاهور شێخ جەنگی سكاڵاكە لە بافڵ تاڵەبانی بباتەوە چارەنوسی یەكێتی چی دەبێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 480 جار بینراوە

 

ستاندەر/ راپۆرت

گێمی دووەمی ململانێی دوو ئامۆزاكە لە بەغدا دەستپێدەكات.
ئەگەر لاهور شێخ جەنگی سكاڵاكە لە بافڵ تاڵەبانی بباتەوە چارەنوسی یەكێتی چی دەبێت؟
ئایا هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی لە ڕووی یاساییەوە ئەگەرێكی كراوەیە؟
تا ئێستا بافڵ تاڵەبانی چی لەبارەی سكاڵاكە وتوە؟
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی دوورخراوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئازاری ئەمساڵ لە دادگای کەرخ لە بەغدا بە فەرمی سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركرد. ئەوەش بەهۆی دوورخستنەوەی لە پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان. كە ئەو بە رێكارێكی ناپەیرەوی وەسفی دەكات.

دوای ماوەیەك لە بێدەنگبونیشی لە گەڕێكی نوێی جوڵەی سیاسی و یاسایی لاهور شێخ جەنگی لە بەغدا دەركەوتەوە. لە سەردانەكە، لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبوویەوە و داوای كردووە دادگا بێ لایەنانە بڕیار لەسەر كەیسەكەی بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ستاندەر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیش بەڵێنی پێ داوە ناهێڵن، هیچ كەس و لایەنێك دەستوەردانی سیاسی لە كەیسەكەدا بكات و بە ڕێڕەوی یاسایی مامەڵە، لەگەڵ كەیسەكەدا دەكرێت.

شیكردنەوەكان لە ئەگەری سەركەوتووبوون و نەبوونی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی بەمشێوەیەیە:

بەشێك لە چاودێرانی یاسایی پێیان وایە بەو پێیەی لە كاری حیزبدا كۆنگرە باڵاترین دەزگای بریارە، لاهوور شێخ جەنگیش لەنێو كۆنگرەدا دوورنەخراوەتەوە بۆیە بەپێی یاسا لەنێو یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكە هیچ كەس و هێزێك لەنێو یەكێتییدا بۆی نییە دووری بخاتەوە و ناوبراو تاكو ئێستا هاوسەرۆكە، هەربۆیەش سەرەڕای ئەوەی یەكێتی هەوڵیدا دیداری نیشتیمانی بكرێتە بەدیلی كۆنگرە و بەفەرمی سیستەمی هاوسەرۆكییان تێدا هەڵوەشاندەوە و بافڵ تاڵەبانی كرا بە سەرۆك، بەڵام دادگای كەرخ، وەك رێككاری پەیڕەوی دانی بە دیدار وەك كۆنگرە نەنا و سكاڵاكەی درێژە پێدا.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەمەش بێت، ئەگەری ئەوەی لاهور شێخ جەنگی كەیسەكە بباتەوە زیاترە. بە بڕوای چاودێرانی یاسایی ئەگەر دادگا لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بریاربدات و دەسەڵاتەكانی، وەك هاوسەرۆك بۆ بگەڕێنێتەوە لەڕووی یاسایی، بەڵام ئێستاش جێبەجێ نەكرێت، دەبێتە پاڵپشتیەك بۆی بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە وەك تاپۆی ڕەش بتوانێت لە كاتی پێویست سوودی لێوەربگرێت.
ئەگەرییش ئەو بریارە دەربچێت و سەركردایەتی یەكێتی بە فەرمی رایبگەیەنێت، جێبەجێی ناكەین، یاخود رێوشوێنی تری وەك كۆنگرە ناگرنە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، دادگا دەتوانێت لەوكاتە بریاری سڕكردن، یاخود تا هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڕوات.

بە فەرمی تا ئێستا یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی هیچیان لەبارەی ناوەڕۆكی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی نەوتوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دادگای كەرخ لەرێگای دادگای بەرایی سلێمانی، نووسراوێكی ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی كرد بۆ ئەوەی لە 25 ی ئایار لە دادگای كەرخ خۆی یان نوێنەری ئامادەبێت، بۆ بەرگریكردن لەخۆی، بەڵام ناوبراو وەڵامی داواكەی نەدایەوە، بەو هۆیەشەوە دادگای كەرخ بڕیاردانی كۆتایی لەسەر سكاڵاكە بۆ 1ی ئاب دواخست، هۆشداری ئەوەشی داوە ئەگەر جارێكی تر بافل تاڵەبانی نووسراوەكەی دادگا فەرامۆش بكات ئەوا ئەوان بەبێ ئامادەبوونی خۆی بڕیار لەسەر سكاڵاكە دەدەن، تا ئێستا دیار نییە بۆ ئەمجارەش بافڵ تاڵەبانی وەڵام دەداتەوە، یاخود جارێكی تر فەرامۆشی دەكات.

دواجار چاودێران پێیان وایە، لە گێمی یەكەمی یاریەكە كە هێزی سیاسی و سەربازی ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی تێدا بینی و یاریگاکە سلێمانی بوو، بافڵ تاڵەبانی براوە بوو، بەڵام گێمی دووەم كە یاریگاکە بەغدایە و هێزی یەكلاكەرەوەش یاسایە پێدەچێت یاریەكە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی تەواو بێت، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی نەتوانێت بیسەلمێنێت رێكارەكانی كە گرتیە بەر لە دوورخستنەوە و ناونانی خۆی وەك سەرۆك پەیڕەویی و یاسایین.