هانا بردنی مەسرور بارزانی بۆ مەکگۆرک چی لێ سەوز دەبێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 451 جار بینراوە

 

ستاندەر

هانا بردنی مەسرور بارزانی بۆ مەکگۆرک چی لێ سەوز دەبێت؟
ئەمریکا دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت؟

ڕاگەیەنراوەکەی دوێنێ شەوی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە لە بڕگەیەکیدا داوای هەڵوێست لە ئەمریکا بەتایبەت برێت مەکگۆرک دەکات، ڕۆڵ بگێرن لە کەمکردنەوەی فشاری سەربازی میلیشیا شیعەکان و ڕێگری له‌ هێرشی تیرۆریستی زیاتر، کە بووەتە جێی سەرنجی ڕای گشتی.

بارزانیەکان بەگشتی و خودی مەسعود بارزانی یادگاریەکی خۆشیان لەگەڵ ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە نیە.
لەسەروەختی ڕیفراندۆم برێت مەکگۆرک بەنوێنەرایەتی ئەمریکا داوای لە بارزانی کرد ڕیفراندۆم ئەنجام نەدات،
بەڵام بارزانی پێداگیری کرد و دوای ئەم دانیشتنە وتە بەناوبانگەکەی دەربڕی کە گوتی: حیساب بۆ یەک کەس ناکەین!!
ئەمەش وای کرد لەو کاتیەوە نێوانی بارزانی و مەکگۆرک خۆش نەبێتەوە، بەتایبەت کە دەگوترێ ناوبراو ڕۆڵی هەبووە لەوەی بارزانی لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێم نەمێنێت. هەر ئەوەندەش نا لەکتێبی بۆ مێژوو کە بارزانی لەبارەی ڕیفراندۆم نوسیویەتی، زۆر هێرش دەکاتە سەر ڕۆڵی مەکگۆرک لە پرسی ڕیفراندۆم و تاوانباری دەکات بە دژیایەتی مافی چارەی خۆنوسینی کورد.

چاودێران پێیان وایە ئەو هێرشەی بارزانی بۆسەر مەکگۆک لەکتێبەکەی هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو چاوەڕێی نەدەکرد جارێکی تر پۆست وەربگرێتەوه، کەچی لە ئیداری جۆو بایدن، مەکگۆرک زۆر بە بەهێزی گەڕایەوە عێراق و ناوچەکە و ئێستا پۆستی ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای پێ سپێردراوه.

سەبارەت بەوەی ئایا مەکگۆرک و ئەمریکا دەتوانن هیچ بۆ مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێم بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم هەڕەشانە، بەگوێرەی شیکارییەکان ئەمریکا دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نیە، بەڵام نایەوێت بەهێز و میلیشای شیعەکان بڕیارەکە جێبەجێبکرێت، ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەکەی دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەنگی دایەوە، کە دژایەتی خۆی بۆ جوڵەی میلیشیاکان دەربڕی. ئەمریکیەکان دەیانەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە ئاشتیانە جێبەجێ بکرێت و حکومەتی هەرێم بچێتە ژێر جێبەجێکردنی بڕیارەکە. جگە لە ئەمریکا فەرەنسا و بەشێک لە وڵاتانی تریش ئامۆژگاری حکومەتی هەرێمیان کردووە کە دژایەتی بڕیارەکە نەکەن، بەجۆرێک دۆخێکی هاوشێوەی ڕیفراندۆم دووبارە ببێتەوه.

ئەوەی تا ئێستا لەناوخۆش هەیە، زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوان عینادی لەگەڵ بەغدا نەکرێت، لەجێی ئەوە هەوڵبدرێت بڕیارەکە بەجۆرێک جێبەجێبکرێت کە مافی گەلی کوردستان لە باشور بەگوێرەی دەستور بپارێزرێت، بەپێچەوانەوە هەرێم دووچاری ناسەقامگیری زیاتر دەبێتەوە، ئەگەری کشانەوی کۆمپانیای نەوتیش لەهەرێم بەهۆی فشارەکان زیاتر دەبێت. بۆیە ئەوەی بۆتە قسەی شەقام ئەوەیە لەجێی پەنا بردن بۆ وڵاتان و عینادی، باشترە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بکرێت.