ستاندەر
كۆبوونەوەی دوێنێی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، بە بەشداری بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هاوپەیمانان نیگەرانی بەغدای لێكەوتۆتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ستاندەری راگەیاند، كۆبوونەوەكە لەسەر داواكاری نێچیرڤان بارزانی بووە، هەر ئەویش داوای كردووە بافڵ تاڵەبانی بەشدار بێت، ئامانجیشی ئەوە بووە بە هاوپەیمانان بڵێت كە هەردوو لای پارتی و یەكێتی دژی جموجۆڵەكانی سوپای عێراقن لەو ناوچانە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ رایانگەیاند، پارتی و خودی بارزانی مەترسییان لەسەر ئەوە هەیە یەكێتی ژێر بەژێر لەگەڵ عێراق لەسەر ڕادەستكردنی كێڵگەكان رێكکەوتبێت. سەرچاوەكە وتیشی، نێچیرڤان بارزانی ئێستا هەوڵەكانی بەتەواوی چڕ كردۆتەوە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە هاتنە پێشی سوپای عێڕاق و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕالی.
هەر بەگوێرەی زانیاری ستاندەر بەغدا لەم كۆبوونەوەیە نیگەران بووە و پێی وایە جۆرێكە لە دەستێوەردانی هاوپەیمانان لەكاروباری ناوخۆیی عێراق.