ستاندەر چەند بڕگەیەکی ڕێککەوتنی سوید و فیلاند، لەگەڵ تورکیا بۆ بەشداری ئەو دوو وڵاتە لەناتۆ کە زیانی ئەوتۆ بە ڕۆژاڤا ناگەیەنێت ئاشکرا دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 420 جار بینراوە

 

ستاندەر

 لە ڕێککەوتنی سوید، فیلاند و تورکیا بە ئامادەبونی سکرتێری ناتۆ، ئەم دوو وڵانە پابەندی خۆیان بە پاراستنی ئاسایشی تورکیا ڕاگەیاند. بەگوێرەی خوێندنەوەی شارەزایان سەرەڕای ئەوەی کۆی ڕێککەوتنەکه دژی بەرژەوەندی ستراتیژی کوردە بە تایبەت لە ڕۆژاڤا، بەڵام چەند خاڵێکی تێدایە کە خوێندنەوەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، بەئاڕاستەی ئەوەی زیانی کەمتر بێت.

دیارترین خاڵەکان لە ڕێکەوتنەکە هاتووە، کە ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی یەپەگە و یەپەژە ناکەن، بەڵام وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی نایان ناسێنێت، بەهیچ شێوەیەکیش باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاڤا ناکات کە ئەو دوو وڵاتە پشتیوانیان ناکەن. لەکاتێکدا ئێستا مامەڵەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هەسەدەیە نەک یەپەژە و یەپەگە. بەو پێیەش بێت، جیاوازی لەنێوان ئەم هێزانە کراوه، بۆیە دەرگا کراوە دەبێت کە ئەم دوو وڵاتە بەشێوەی تر مامەڵە، لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاڤا و هەسەدە بکەن. خاڵێکی تر سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی تاوانباران بە تورکیا، کە بەستراوەتەوه بە پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا. پێوەری ئەوروپاش لەزۆرینەی حاڵەتەکان دژی ڕادەستکردنەوەی ئەوانەیە کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

بەخوێندنەوەی شارەزایان ئەردۆغان ئەم ڕێکەوتنە زیاتر بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنێت، بۆ سەرنج ڕاکێشانی نەتەوە پەرستەکان کە ئێستا بەگوێرەی هەموو ڕاپرسیەکان دەنگەکانی لەکشانەوەیە.