ستاندەر: بەدواداچوون
یاداشتی لێكتێگەیشتنی توركیا لەگەل سوید و فیلاند بۆ بە ئەندامبونی ئەم دوو وڵاتە لە ناتۆ لە 28ی حوزەیران لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، وەك یەكێك لە ناخۆشترین رێكەوتەكان بۆ كورد لێكدرایەوە، بەو پێیەی بەشی هەرە زۆری یاداشتەكە لەسەر حیسابی لایەنە كوردیەكان ئەنجامدراوە، رێكەوتنەكە وای كرد تەنانەت نوسەرانیش بە ناو ئومێدی سەیری دیموكراسیەتی رۆژئاوا بكەن، بەجۆرێك بەشێك پێیان وابوو، ئەوەی روویدا لە مەدرید هاوشێوەی ئەوەیە كە لە جەزائیر لە ساڵی 1975 روویدا كە رێكەوتنی نێوان عێراق و ئێران بو، بوە هۆی كۆتایی هێنان بە جوڵانەوەی كوردی لە باشوری كوردستان.
كەچی رەوتی گۆڕانكاریەكان دوای یاداشتەكە بەخێرایی بەرەو ئاراستەیەكی ترە، هەریەك لە سوید و فیلاندا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەیان رەتیان كردەوە هیچ داواكراوێكی كورد رادەستی توركیا بكەنەوە، زیاتر لەوە پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند رایگەیاند پێویست ناكات كورد نیگەران بێت ئەوان كەس رادەست ناكەنەوە تا بەلگەی یەكلاكەرەوەی كاری تیرۆرستی نەبێت، وتیشی بەهیچ شێوەیەك بەمەرجی گۆڕینی یاساكانمان لەپێناو توركیا رازی نەبووین.
هاوكات نوێنەری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان لە سوید دوای رێكەوتنەكە رایگەیاند لەگەل پارتی دەسەڵاتداری سوید قسەمان كردووە، پێیان راگەیاندوون رێكەوتنەكە بەهیچ شێوەیەك تێروانینی ئێمە بەرامبەر رۆژاڤای كوردستان ناگۆرێت و پەیوەندیەكان بەردەوام دەبێت.
لەبەرامبەر ئەو لێدوانەندا ئەردۆغان نیگەران بوە، لەیەكەم لێدوانیشی دوای رێكەوتنەكە رایگەیاند پێویستە سوید و فیلاند بەڵێنەكانیان جێبەجێ بكەن بۆ رادەستكردنی تیرۆرستانی سەر بە پەكەكە و فەتحوڵا گولەن، وتیشی چاودێری جێبەجێكردنەكە دەكەن.
بەبڕوای چاودێرانیش دڵنیاییەكانی سوید و فیلاند، هەروەها بەردەوامی هاوكاریەكانی ئەمریكا بۆ رۆژاڤای كوردستان و دژایەتیان بۆهەر ئۆپەراسیۆنێكی نوێ لەم بەشەی كوردستان، جۆرێك لە دڵنایی ئەگەر سنورداریش بێت دەدات كە توركیا ناتوانێت سودێكی ئەوتۆ لەم مانۆرە دیبلۆماسیەی ئەمجارە بە قازانجی لێدان لە جوڵانەوەی كورد لە رۆژاڤا وەربگرێت، سەرەڕای هەرەشە بەردەوامەكانیشی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەم بەشەی كوردستان.