بۆچی ساڵانە لە وەرزی قوربانی كردن ڕەخنە لە مسوڵمانان دەگیرێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 512 جار بینراوە

 

ستاندەر

بۆچی ساڵانە لە وەرزی قوربانی كردن ڕەخنە لە مسوڵمانان دەگیرێت؟
ئایا هیچ پەیوەندی بە ڕووەکخۆرەکانەوە هەیە؟
لە وڵاتانی تر، ڕێژەی خواردنی گۆشت و سەربڕینی ئاژەڵ چۆنە؟

لەهەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە لەكاتی جەژنی قوربان كە بەجێهێنانی سوننەتی قوربانیكردن یەكێكە لە سروتەكانی ئاینی ئیسلام، لەلایەن هەندێ كەسایەتییەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، لە پەیام و ڤیدیۆكانیان وەك ئاژەڵ دۆست و پشتیوانی لە مافی ئاژەڵان خۆیان پیشان دەدەن و پێیان وایە هەڵەیە ئاژەڵ بكرێتە قوربانی.

ئێمە لەو راپۆرتەدا ناچینە هیچ بەرەیەك تەنها هەوڵ دەدەین هەندێ ڕاستی بخەینە ڕوو.

ئێستا لە جیهان گروپی فراوانی بەرگری لە مافی ئاژەڵان هەیە، ئەوانەن كە خۆیان گۆشت ناخۆن هانی خەڵكیش دەدەن گۆشت و بەرهەمەكانی ئاژەڵ نەخۆن، كە ئەوانیش دوو جۆرن.

ڤیگەن ئەوانەن كە نەك هەر گۆشت ناخۆن تەنانەت بەرهەمەكانیشی ناخۆن و بە ڕوەکخۆر ناسراون، ڤیچتیریەنییش ئەوانەن كە بەرهەمەكانی ئاژەڵ دەخۆن، بەڵام گۆشتەكەی ناخۆن.

ئەوەی سەرنج دەدرێت ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان دژایەتی قوربانی دەكەن، وەك چۆن لە زۆربەی بوارەكانی تر پێچەوانەی وڵاتانی ترن، لەوەش زۆرینەیان ئەوانەن كە خۆیان گۆشت خۆرن، كەمینەیەك نەبێت كە سەر بەو گروپانەن گۆشت ناخۆن، كەچی گۆشتخۆرەكان تەنها لەكاتی جەژنی قوربانی خۆیان، وەك بەرگری لە مافی ئاژەڵان پیشان دەدەن، بیریان دەچێت كە ڕۆژانە لەسەرتاسەری جیهان 200 ملیۆن ئاژەڵ بۆ دروستكردنی خواردن سەر دەبڕدرێت.

تەنها لە ئەمریكا هەر هاوڵاتیەك بە درێژایی تەمەنی 7 هەزار كیلۆ گۆشت دەخوات كە دەكاتە 11 مانگا، 27 بەراز، دوو هەزار و 400 مریشك، 80 قەل و 30 مەڕ و چوار هەزار و 500 ماسی.

تەنها زنجیرە ریستورانتەكانی كەی ئێف سی ساڵانە 850 ملیۆن بۆ یەك ملیار مریشك سەردەبڕن بۆ ئامادەكردنی خواردنی كەنتاكی.

بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەڵێن: ئەوانەی تەنها دژایەتی قوربانی دەكەن، زۆرینەیان خۆیان لە ڕێستورانتە گرانبەهاكان ڕۆژانە گۆشت بەشێوەی جۆرا و جۆر دەخۆن، لەكاتێكدا گۆشتی قوربانی لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی بۆ خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت تەرخان دەكرێت، بۆ نموونە حاجییان ساڵانە سەرووی ملیۆنێك ئاژەڵ لەكاتی جێبەجێكردنی فەریزەی حەج دەكەنە قوربانی، زۆرینەی ئەم گۆشتە دەنێردرێت بۆ وڵاتانی كەم دەرامەت.

دواجار قوربانی كردن لە ئیسلامدا جیاوازییەكەی لەگەل شێوازەكانی تری ئاژەڵ سەربرین ئەوەیە كە قوربانی بەخۆڕایی دابەش دەكرێت و بێ جیاوازی بەسەر هەمووان دابەش دەكرێت، هەرچی جۆرەكانی تری ئاژەڵ سەربرینە بۆ قازانج و بۆ ئەوانەیە كە پارەیان هەیە.