کورد لە کوێی ئامانجەکانی سەدر دایە

لەلایەن ستاندار Posted on 290 جار بینراوە
IMG_20220715_202915

 

کامەران خدر

نوێژی ملیۆنی دەریخست کە سەدر بەتویتێک دەتوانێت سەرتاپای شەقامی عێراق جۆش بدات، بۆیە ئایندەی سیاسی عێراق بۆ موقتەدا سەدرە، بەڵام لەدۆخی ئێستای عێراقدا ئەستەمە سەدر بتوانێت ئامانجەکانی خۆی لەپڕۆسەی حکومڕانیدا بچەسپێنێت. بوونی ئەو ئایندە گەورەیەی سەدر بەدەر لەفاکتەرە دەرەکی واقلیمییەکان وای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئیتلافی سونەکان کردبوو بچنە ناو هاوپەیمانیەتی رزگاری نیشتمانی سەدرەوە، بەڵام کاتێک سەدر لەپڕۆسەی پەرلەمانی کشایەوە هاوپەیمانەکانی ئیستێکیان کرد و کۆتایی بەهاوپەیمانی رزگاری نیشتمان هات، بەڵام ئێستا هەردوو هێز پارتی و سوننەکان کەجۆش و خرۆشی شەقامی عێراقی بۆ سەدر دەبینن دڵیان بۆ سەدر لێدەداتەوە، ئەگەرچی هەردوولایان ئێستا لەگفتوگۆدان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی. بۆیە ئەوەی سەدر کردی نیشادانی هەژمونی خۆی بوو بەسەر پڕۆسەی سیاسی و شەقامی عێراقیدا واتە جۆرێک بوو لەعەرزی عەزەڵات، بەڵام نابێت دواجار بیرمان بچێت سەدر خۆی بەشێکە لەپۆخڵەواتی فەشەلی حکومڕانی عێراقدا.

جەوهەری پرسیارەکە ئەوەیە کورد لە کوێی ئامانجەکانی سەدردایە

بەریەککەوتنی سەدر لەگەڵ هێزەکانی تری ناو ماڵی شیعی بریتیە لەگێڕانەوەی مەرجەعیەت بۆ عێراقییەکان، واتە تاکی عێراقی خۆی مەرجەعی ئایندەی سیاسی خۆی بێت، بەواتایەکی تر (لاشرقیە ولاغربیە) جۆرێکە لە بەسەنتەروەرگرتنی هاوڵاتی عێراقیی، بەومانایەی کەپڕۆسەی حکومڕانی عێراق رزگار بکرێت لەهەژمونی ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی تری ناوچەکە، ئەو ئامانجەی سەدر لەبارودۆخی ئێستای عێراق هێنانە دی ئەستەمە، بەڵام مەحاڵیش نیە.!

ئەوەی بۆ کورد گرینگە لە ئامانجی سەدر تێبگات بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ مەرکەز، واتە سەدر یەکێکە لەو سیاسیانەی مەبەستیەتی جۆرێک لەحکومی مەرکەزی رەها بگێڕێتەوە، ئەوە جیا لەوەی سەدر بەردەوام تەئکید لەسەر گێڕانەوەی عێراق بۆ ناو ئومەی عەرەبی دەکاتەوە، کەئەمانە هەردووکیان دوو مەترسیدارترین ئاڵنگاری دەبن لەبەردەم کورد، چونکە ئەوەی کورد لەماوەی رابردوودا بەدەستی هێناوە لەچوارچێوەی دابەشبوونی عێراق و لاوازی حوکمڕانی مەرکەزەوە بووە، هەرچەندە ئێستا بەهۆی ئەو ئەزمونە ناشیرنەی کەپارتی و یەکێتی پێشکەشیان کردووە، هاوڵاتی کورد جۆرێک لەمەیلی گەڕانەوەی حکومڕانی مەرکەزی لا بۆتە خواست، کەلای من ئاوات خواستن بەپڕۆسەی حکومڕانی عێراق لەگەڵ ئەو هەموو پۆخڵەوات و تاڵانی و فەسادەی لەکوردستان هەیە بەکردەیەکی دروستی نازانم.