پارتی لە وەرەقەی سەدر بەتەواوی بێ ئومێد دەبێت و ناتوانێت سێ یەكی پەكخەرییش دەستەبەر بكات

لەلایەن ستاندار Posted on 351 جار بینراوە

ستاندەر

پارتی دیموكراتی كوردستان چاوەڕێ بوو، لە كۆبوونەوەی فراوانی ڕەوتی سەدر لە هەینی ڕابردوو هاوكێشەكانی عێڕاق گۆڕانكاری بەسەردا بێت و چوارچێوەی هەماهەنگیش نەتوانێت هەنگاوەكانی پێكهێنێانی حكوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دەستپێبكات.

بەپێچەوانەی ئەوەی پارتی چاوەڕێی دەكرد دوای ئەم هەنگاوەی سەدر، پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەت خێراتربووە، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای كردووە ئەم هەفتەیە پەڕلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كۆببێتەوە، سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عێڕاقییش بانگهێشتی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی كردووە بۆ ئەوەی ڕۆژی دووشەممە كۆببنەوە.

بەگوێرەی بەدواداچونی ستاندەر، پارتی بێ ئومێدبووە لەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی كاندیدی ئەوان بكەن، یاخود یەكێتی رێكبكەوێت بۆ هێنانە پێشی كاندیدێكی تر لەشوێنی بەرهەم ساڵح، لەهەمان كاتدا ناشتوانێت سێ یەكی پەكخەر پێكبهێنێت لەگەڵ سوننەكان، بۆ ئەوەی ڕێگری لەدانیشتنی پەڕلەمانی عێڕاق بكەن.

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پارتی دوچاری تەنگژەیەكی نوێی سیاسی دەبێتەوە لە بەغدا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش رایگەیاندووە، نایانەوێت ئەزموونی 2018 دووبارە بكەنەوە لەگەڵ یەكێتی، بەو پێیەش بێت بایكۆتكردنی دانیشتنی پەڕلەمانی عێراق لەلایەن پارتییەوە یەكێك دەبێت لە بژاردەكان.